لەم ساڵانەی دواییدا پڕۆژەیەکی شوێنەواریی گرینگ لە دەشتی هەولێر جێبەجێ کرا بەناوی (Erbil Plain Archaeological Survey) كە پڕۆژەیەکی زانکۆی هارڤاردی ئەمریکییە بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەولێر، بۆ ڕووپێوی شوێنەواری دەشتەكانی سنووری هەولێرە.
ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی (٢٠١٢)دا یەکەم وەرزی کاری مەیدانیی خۆی ئەنجام دا و تا ئێستەش بەردەوامە، ئامانجی پڕۆژەکە بریتییە لە نەخشەکێشانی تەواوی ژینگە شوێنەوارییەکانی هەولێر، لێکۆڵینەوە لە ژینگە سروشتییەکەی دەشتی هەولێر وەک خوێندنەوەی ڕێڕەوی ئاو و سەرچاوەکانی ئاودێری بەتایبەت کارێز، بەکارهێنانی خاک.
پڕۆژەکە لێکۆڵینەوەش لە مێژوو و شێوازی نشینگە لە دەشتی هەولێر دەکات بەجەختکردنەوە لە ڕێگەی گەڕان و پشکنین بۆ دیاریکردنی سەردەمی نشینگەکان لە چاخی بەردینی نوێوە (بەر لە ١٠،٠٠٠ ساڵ) تا ئێستە.
پڕۆژەکە ٣٢٠٠ كم٢ لە دەوری شاری هەولێرەوە کاری ڕووپێوی دەکات لە باکووری ڕۆژئاوا زێی گەورە و زێی بچووک دەگەیەنێ بەیەک، لە شارۆچکەی پردێ (ئاڵتوون کۆپری) بەشی باشووری ڕۆژئاوا کە بە زوورگەزراو ناسراوە کەوا دەشتی هەولێر لە دەشتی مەخموور جیا دەکاتەوە، سنووری باکووری ڕۆژهەڵاتی بەستی بەستۆڕەیە، هەروەها بەستی شەرغە دەبێتە سنووری ڕۆژهەڵاتی، لە میانی چەند وەرزێک کارکردن تاکو ئێستە (١٠٠٠) پێگەی شوێنەواری تۆمار کراوە، لەوانە لە هەر ٣ کم٢ پێگەیەکی شوێنەواری هەیە، لەم ڕووەوە دەشتی هەولێر بەچڕترین ناوچە دادەندرێت لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میزۆپۆتامیا، ئەمەش بەهۆی چڕیی ئەو هەموو پێگە شوێنەوارییانە.
کۆنترین پێگەی شوێنەواری دەشتی هەولێر تەمەنی ٧٥٠٠ ساڵ پێش زاینە واتە ٩٥٠٠ ساڵ پێش ئێستە، پێ دەچێ زۆر لەوەش کۆنتر هەبێت، بەڵام بەهۆی گەشەی شاری هەولێرەوە دۆزینەوەیان ئەستەمە، جگە لەمەش دانیشتوانی ئەم دەشتە بە ١٠٠٠٠ ساڵ تا ئێستەش خەریکی کشتوکاڵکردنن، بەکشتوکاڵکردنیش شوێنەوارەکان دەشێوێن و دەکەونە ژێر زەوییەوە.