”بەدەستەك سوکانی پایسکیل و بە دەستەکەی دیش سینیی کەبابم بە گەرمی دەگەیاندە ماران“
لە شێستەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە هەولێر دوکاندار و مەعمیلەکانیان لەناو قەیسەری، بەتایبەت قەساب و سەوزەفرۆش، حەمباڵی متمانەپێکراوی خۆیان هەبوو، ئەو ماڵانەیان دەناسی کە مامەڵەیان لەگەڵ دوکاندارەكان دەكرد، بەڕێكوپێکی شتەکانیان دەگەیاندە بەردەرکەیان، كهبابخانهكانیش شاگردی خۆیان ههبوو، كه بهپێی داواكاری بهپایسكیل سێنییه كهبابیان بۆ ماڵان و دوکاندارەکان دەبرد.
مام مستاف قەساب کە ئێستە تەمەنی سەروو هەشتا ساڵه، بۆ (گڵكهند) دەگێڕێتەوە ”ئەمە هەر لە مندارییەوە لەناو قەسابان ئیشمان دەکرد، ئەودەمان خەرکی شارستان و مارە ئەفەندی، ئەوانەی قەراتێ زۆر کەم دەهاتنە خوارێ لۆ ناو قەیسەری، ئەمەش شارەزا ببووین كیهە ماری كێیە، هەر مارەك ڕۆژێ چەندیان گۆشت دەوێ، ڕسقفرۆشیش هەروا، لۆمان دادەنان“.
دەشڵێ ئهوكات چەند حەمباڵێک لەناو قەیسەری حەمباڵییان بە(زەمبیل) دەکرد و جێی باوەڕی هەمووان بوون، هەریەکەیان تایبەت بوون بە دوکانێک، شتەکانیان بە ئەمانەتەوە دەگەیاند و لەوێ حەمباڵیی خۆیان بەپێی سووکی و گرانیی شتومەکەکان وەردەگرت.
هەر لەو سەردەمهدا دیلیڤەریی سێنییە کەبابیش هەبوو بۆ ماڵە فەرمانبەر و خواپێداوەکان و دوکاندارەکانی فیتەرانی ناو شێخەڵڵا و بەزاز و ئەو دوکاندارانەی نیوڕانان نەدەچوونەوە ماڵێ.
ئەودەم چەند کەبابخانەیەکی دیار لە هەولێرێ هەبوون لەوانە کەبابخانەی جووت کەباب كە خاوەنەکەی مام عەبۆ بوو، لەناو قەیسەری لە تەنیشت دوکانی سەید تەیب پەنیرفرۆش بوو، کەبابخانەی مام قادری ناو نەجاڕانیش کە بە کەباب نەجاڕ بەناوبانگ بوو، کەبابخانەی یاسین و کەبابخانەی مەعروف و کەبابخانەی ئەحمەد شەوقییش هەبوون، ئەمانە هەموویان شاگردیان هەبوو، بەتایبەت نیوڕانان بەدەستێک سوکانی پایسکیلەکەیان دهگرت و بە دەستەکەی دیکەیان سێنییە کەبابیان هەڵدەگرت و بۆ ماڵ و بۆ دوکاندارەکانیان دەبرد.
عەبدولڕەزاق قادر کەبابچی خاوەنی کەبابخانەی نەجاڕانی ناو قەیسەری، لە بیریەتی لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا شاگردەکیان هەبوو بە ناوی قاسم، ماڵ و دوکانەکانی هەولێرێی هەموو پێ دهزانی، دەڵێ ”بابم سینییە کەبابی پێ دەنارد، ئێستە بەو ئیشەی دەرێن دیلیڤەری و بەماتۆڕ جێبەجێی دەكەن، بەس پێش شێست سار لە هەولێرێ بە پایسكیل دەكرا“.
ئاماژە بەوەش دەكات كە قاسمی دیلیڤەری پایسکلێکی فیلیبسی هەبوو، باوكی بۆی کڕیبوو تا ئەو کارەی پێ بكات، ئەوكات نەفەری کەباب سێ شیش بوو بە یەك درهەمیان دەفرۆشت.
عەبدولڕەزاق کەبابچی سۆزی بۆ جاران دەگەڕێتەوە و دەڵێ ئەوكات بۆنی کەباب ڕۆژەڕێیەک دەڕۆیشت، چونکە شوانکار مەڕەکانیان لە ئاقاری دەلەوەڕاند و گۆشت غەل و غەشی تێدا نەدەكرا.
تاریق عەلی یەكێكی دیكە بوو لەو پایسكیلسوارانەی لە کەباب یاسینەوە كەبابی دەگواستەوە، دەگێڕێتەوە ”لە سبەینێوە هەتا عەسرەکی درەنگ ئەو ئیشەم بە چەند درهەمەك دەكرد، بەرام هەنگینێ درهەم درهەم بوو، زۆریشم کەیف بەخۆ دەهات وەكی لە جادەی بەدەستەك سوکانی پایسکیل و بە دەستەکەی دیش سینیی کەبابم بە گەرمی دەگەیاندە ماران“.
لای خۆیەوە کەنعان ڕەشاد موفتی دەگێڕیتەوە لە ساڵی (١٩٦٤) تازە ماڵیان لە قەڵاتێ هاتبووە خوارێ بۆ ئەو خانوو و دیوەخانەی ئێستەیان لە بەرامبەر مزگەفتی مەحموود عەلاف، هەندەک جار باوكی مێوانی دەهات، تەلەفۆنی بۆ کەبابخانەی مام قادری ناو نەجاڕان دەکرد لۆ وەی کەبابی بۆ بنێرن. دەشڵێ ”مام قادر شاگردەکی بزێوی هەبوو، هەر جارەی دەهات سینییەکەی لە ٣٥ کەباب کەمتری لەسەر نەبوو، قەت نەیدەهێشت سارد بیتەوە، هەمووشی بایی یەك دینار بوو، بەس بابم دینارەک و درهەمێکی دەدایێ و پێی دەگۆت دینارەکە حەقی کەبابەکە و درهەمەکەش بەخشیش لۆ تو، لۆیێ هەموو جارێ وەكی دەگەیشتە پێش دەركەی لێی دەپرسین ئەرێ ئەفەندی لە مارێیە؟“.