موریزیۆ گرێگانتی باڵیۆزی پێشووی ئیتاڵیا له عێراق لە لێدوانێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە خۆشه‌ویستیی زۆری خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بۆ شێوه‌ژیان، كولتوور، جلوبه‌رگ و خواردنی ئیتاڵیایی، ئه‌ركی ئه‌وی له بره‌ودان به بوونی ئیتاڵیا له‌و وڵاته‌دا ئاسان كرد، دەشڵێ بە زۆر شوێنەواری كوردستان سەرسامە، لەوانەش گردۆڵكه مێژووییەكانی ده‌شتی هه‌ولێر.
ئەو ماوەی گرێگانتی لە عێراق بوو، گۆڕانكاریی گه‌وره له عێراق و كوردستانیش روویان دا، سه‌روه‌ختێكی ئاسان نه‌بوو، به‌ڵام بۆ ئەو زۆر سه‌رنجڕاكێش بوو و به‌كۆمه‌ڵێ یادگاریی له‌بیرنه‌كراوه‌وه ناوچەكەی به‌جێ هێشت. له‌و چوار ساڵه‌دا چه‌ندین جار سه‌ردانی كوردستانی كردووە، لە دیدارێكی (گڵكەند) رای گەیاند “سرووشتی كوردستان جوان و دڵگیره. ئێمه له ئیتاڵیا به‌رزاییه‌كانی ئه‌لپمان هه‌یه؛ به‌ڵام ئه‌م دیمه‌نه سرووشتییه‌ی ئێره جیاوازه و هه‌روه‌ك ئه‌وێ جوانه”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا له سه‌ردانه‌كانیدا چاوی به سه‌ركرده‌كانی كوردستان له هه‌ولێر و سلێمانی كه‌وتووه و سه‌رتاسه‌ری كوردستان گه‌ڕاوه، “زۆر شوێنم بینی تا هه‌وڵ بده‌م له خه‌ڵكی هه‌رێمه‌كه و كولتووره‌كه‌یان تێبگه‌م. راستیت پێ بڵێم، من وا هه‌ستم ده‌كرد له زێدی خۆمدام، زۆر له به‌هاكانی ئێره هاوشێوه‌ی كولتوور و نه‌ریته‌كانی ئیتاڵیان”.
سه‌باره‌ت به رۆڵی ئیتاڵیایش له هه‌رێمی كورستان جه‌ختی له‌وه كرد ئیتاڵیا ده‌توانێت لێره زۆر شت بكات، به‌تایبه‌ت له رووی هێنانی كۆمپانیاكانی ئیتاڵیا بۆ وه‌به‌رهێنان له هه‌رێم، ئه‌نجامدانی چالاكیی كولتووری و كاركردن له بواری شوێنه‌وارناسی و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی ته‌ندرووستیدا، گرێگانتی دەڵێ “كونسوڵی گشتی میشێل كامێرۆتا و تیمه‌كه‌ی له‌م رووه‌وه كاری چاك ده‌كه‌ن و زۆر چالاكن”، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌م دوواییه‌دا به‌هاوكاریی كۆمه‌ڵه‌ی دانتی ئه‌لیغێری، چه‌ند كۆرسێكی زمانی ئیتاڵییان له زانكۆی كاسۆلیكی له هه‌ولێر كردۆته‌وه، ئه‌مه جگه له سازكردنی چه‌ندین چالاكی له بواری خواردن و دیزاین و كولتوور و ته‌نانه‌ت كۆنسێرتی ئۆپێرادا.
كوردستانی ده‌وڵه‌مه‌ند به شوێنه‌وار
ئێستا لانی كه‌م 11 تیمی شوێنه‌وارناسی ئیتاڵی به‌هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه خۆجێییه‌كانی كه‌له‌پوور و شوێنه‌وار له كوردستان كار ده‌كه‌ن. ساڵی 2022 یه‌كه‌مین پاركی ئاركیۆلۆژی له عێراق له ناوچه‌ی فایده له پارێزگای دهۆك كرایه‌وه، ساڵی 2023یش پاركێك له خیننیس كرایه‌وه.
رێگانتی خۆشحاڵیی خۆی به‌كاركردنی تیمه شوێنه‌وارناسه ئیتاڵیاییه‌كان له كوردستان ده‌ربڕی و وتی “سه‌ردانی زۆر ناوچه‌ی شوێنه‌واریم كردووه، من ده‌مزانی كوردستان خاوه‌ن مێژوویه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده به‌ڵام نه‌مده‌زانی چه‌نده ده‌وڵه‌مه‌نده”. ئه‌وه‌یشی گوت “بوونی ئه‌و هه‌موو شوێنه‌واره دێرینانه بۆ من جێی سه‌رسوڕمانێكی گه‌وره بوو، بۆ نموونه نووسینه ئاشوورییه‌كان له پاركه ژینگه‌ییه‌كه‌ی فایده و خیننیس به‌ڕاستی سه‌رنجڕاكێشه، كه ساڵی 2021 له‌لایه‌ن تیمێكی ئیتاڵی سه‌ر به زانكۆی ئودینه‌وه به‌سه‌رۆكایه‌تی پرۆفیسۆر دانیاڵ مۆراندی بۆناكۆسییه‌وه دۆزرایه‌وه”، یه‌كێكی تر له‌و شوێنانه‌ی به‌ڕاستی سه‌رنجی راكێشاوە شوێنه‌كانی سه‌رده‌می چاخی به‌ردینی نوێیه، كه كۆنتر و جیاوازترن. دەشڵێ “ژماره‌یه‌كی زۆر گردۆڵكه‌یش له ده‌شتاییه‌كانی هه‌ولێردا هه‌ن كه زۆربه‌یان له‌لایه‌ن خه‌ڵكانی سه‌رده‌می پێش مێژووه‌وه درووست كراون”.
باڵیۆزی ئیتاڵیا سه‌ردانی ئه‌و رێكخراوه ناحكوومییانه‌یشی كردووە كه له هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن و ئیتاڵیا پشتگیری‌یان ده‌كات، له‌و باره‌وه وتی ئه‌و كاره‌ی رێكخراوه NGOكانی ئیتاڵیا ده‌یكه‌ن مایه‌ی دڵخۆشییه، وه‌ك نه‌خۆشخانه‌كه‌ی ئاكرێ و سه‌نته‌ری ئاماده‌كردنه‌وه و ئاوێته‌كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له سلێمانی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌لوپۆیان له‌ده‌ست داوه، كارێكی گرنگیش بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی سالاسیمیا و نه‌خۆشییه باوه‌كانی تری ناوچه‌كه كراوه. گرێگانتی سه‌ردانی ئه‌شكه‌وتی شانه‌ده‌ریشی كرد، كه له‌م دوواییه‌دا له فیلمی به‌ڵگه‌نامه‌یی (نهێنییه‌كانی مرۆڤه‌كانی نیانده‌رتاڵ)دا له نێتفلیكس پیشان درا. ئه‌شكه‌وته‌كه پاشماوه‌ی 10 مرۆڤی نیانده‌رتاڵی تێدایه كه له‌لایه‌ن تیمێكی شوێنه‌وارناسیی سه‌ر به زانكۆی كۆڵۆمباوه دۆزرایه‌وه.
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان
باڵیۆزی ئیتاڵی خۆشحاڵیی خۆی به بڕیاری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له 20ی تشرینی یه‌كه‌می 2024 ده‌ربڕی و به(هه‌ڵبژاردنێكی زۆر گرنگ) وه‌سف كرد؛ ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌یشی بۆ یارمه‌تیدانی حكوومه‌تی هه‌رێم پیشان دا، تا هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و خاوێن و دادپه‌روه‌رانه به‌ڕێوه بچێت، “ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بۆ شه‌رعییه‌تی دامه‌زراوه‌كانی كوردستان، به په‌رله‌مان و حكوومه‌ته‌وه و بۆ ئاینده‌ی كوردستانیش زۆر گرنگه”.
سه‌باره‌ت به رۆڵی هێزه‌كانی ئیتاڵیا له عێراق كه له كه‌مپێكی سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر نیشته‌جێن و مه‌شق به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن، باڵیۆزی ئیتاڵیا وتی “ئێمه شانازی به‌و كاره ده‌كه‌ین كە تا ئێستا كردوومانه، له ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌دا به‌رده‌وام بره‌ومان به به‌رنامه‌كانی مه‌شقپێكردن داوه. ئێمه له 2003وه لێره‌ین و قه‌ت ئێره‌مان به‌جێ نه‌هێشتووه ته‌نانه‌ت له مه‌ترسیدارترین ساته‌كانیشدا، چونكه باوه‌ڕمان وایه ئه‌م وڵاته له‌ڕووی ستراتیژییه‌وه وڵاتێكی گرنگه و یه‌كێكه له كۆڵه‌كه‌كانی سه‌قامگیری له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا”.
جه‌ختی له‌وه‌یش كرد تا ئه‌و كاته‌ی حكوومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان پێویستیان به‌وان بێت و داوای مانه‌وه‌یان بكه‌ن، هێزه‌كانیان لێره ناڕۆن.