جوانکاری لە پوورە ناهیدەوە تا سیما خان
جوانکاری لە پوورە ناهیدەوە تا سیما خان

لە حەوشەیەکی بچووک كە دەرگاكەی بەسەر کۆڵانێکی تەنگەبەری گەڕەکی کورانی سەر ڕێی مەخمووردا دەڕوانێ، ناهیدە عومەری تەمەن ٧٠ ساڵ، لەسەر کورسییەکی لەدار دروستکراوی کۆن دانیشتووە و پێی وایە جاران نیشانەكانی جوانی وەك ئێستا نەبوون، ژنی جوان خاوەنی قژی درێژ، لێوی تەنک، لووتی باریک و برۆی ئەستوور بوون.
ناهیدە عومەر بە دەنگێکی نەرم و تژی لە یادەوەری قسەی دڵی بۆ (گڵكەند) دەكا و دەڵێ لە سەردەمی ئەواندا، جوانی سادە و سروشتی بوو، وەكو ئێستا نەبوو كە خانمان بە نەشتەرگەری شێوەی ڕووخساریان دەگۆڕن. کەمێکیش بە پێکەنینەوە گوتی «لە زەمانی مە، ئەوەی لێوی ئەستوور بایە پێیان دەگۆت سێ لچ، یان لچ ئەستوور».
جوانی چەمکێکی هەمەلایەن و فرەڕەهەندە کە لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ یەكی تر دەگۆڕێت، بە هەمان شێوە لە سەردەمێكەوە بۆ یەكی تر دەگۆڕێت. ئەم جیاوازییە لە پێوەرەکانی جوانیدا بەرهەمی کۆمەڵێک هۆکاری کولتووری، مێژوویی، کۆمەڵایەتی و ژینگەیین. لە هونەری کوردیشدا، كاتێ هونەرمەندان باس لە جوانی دەكەن، وێنەیەکی تایبەت لە زەینی خەڵکدا سەبارەت بە پێوەرەکانی جوانی دروست دەكەن.
چاو و برۆ، قژی درێژ و ڕەش، پێستی سپی یان گەنمڕەنگ، لێوی تەنک و ددانی ورد، باڵای بەرز و جەستەی ناسک، گۆنای سوور و خاڵی ڕوومەت. ئەم وەسفانە بەشێکی گرنگن لە میراتی هونەری کوردی. بەڵام ئەمڕۆ پێوەرەكان گۆڕاون، بەپێی ئاماری ژمارەیەک لە سەنتەرەکانی جوانکاریی ئافرەتان، ڕێژەی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانکاری لەنێو گەنجاندا لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە، زۆرینەی ئەوانەی نەشتەرگەریی جوانکارییان ئەنجام داوە تەمەنیان ١٨ بۆ ٣٥ ساڵە.
چەند هەنگاوێک لەولاتری ماڵی ناهیدە، ئارایشتگایەکی مۆدێرن هەیە کە سیما شێرزاد، کچێکی ٢٥ ساڵە كاری تێدا دەكات، بەدەم ئامادەکردنی کەرەستەکانی سەر مێزەكەیەوە دەڵێ بەر لە سێ ساڵ بۆ یەكەم جار فیڵەری بۆ لێوی داناوە، دواتر دوو جار بۆتۆکسی بۆ رووخساری کردووە.
زەردەخەنەیەک دەکا و بەردەوام دەبێ لە قسەکردن “سەرەتا دوودڵ بووم، بەڵام ئێستا هەست دەکەم متمانەم بە خۆم زیاتر بووە. ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجامی گۆڕانکارییەکەم لە ڕووخسارمدا بینیەوە و بە نزیکەیی وەک ئەوە بوو کە خۆم دەمویست.”
سیما ئەوەش ناشارێتەوە كە هەندێک جار بیری ڕووخسارە سروشتییەکەی جارانی دەکات، بەڵام وەك خۆی دەڵێ ئەمە هەڵبژاردنی خۆی بووە و لێی پەشیمان نییە، ئەم هەڵبژاردنەش تەنیا هی سیما نییە، بەڵكو ئەو كچە گەنجە یەکێکە لە ٢٣٪ی ئافرەتانی کوردستان كە بەلایەنی كەمەوە هەریەك لەوان جۆرێك لە نەشتەرگەرییەكانی جوانكاریی ئەنجام داوە، ئەمەش بەپێی ڕاپرسییەکی نافەرمی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە هەرێمی كوردستاندا ئەنجام دراوە.
دکتۆر نەبەز حەسەن پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکارییە، پیاوێکی ریش ماشوبرنجیی تەمەن ٤٠ ساڵە، تازە گەیشتووەتە نۆرینگەکەی، بە قەمیسێکی سپییەوە لە پشت مێزەکەی دانیشتووە و پەرداخێک شەربەتی بەدەستەوەیە، پێی وایە پێوەرەكانی جوانی بەپێی کات گۆڕانی بەسەردا دێت. پێشتر خەڵک لێوی تەنک و ناسکیان بەلاوە جوان بوو، ئێستا بۆ ئەوەی لێویان ئەستوور دەربکەوێت، فیڵەری تێ دەکەن. دەشڵێ “پێویستە دوو بابەت لێكدی جیاکەینەوە، رێککاری هەیە و جوانکاری هەیە، رێککاری بۆ ئەو کەسانەیە کە کێشەیەکیان لە رووخساردا هەیە و پێویستی بە رێککردنەوەیە، جوانکارییش ئەوەیە كە کەسێك هیچ کێشەیەكی نییە، بەڵام دەیەوێت شێوەی رووخساری بگۆڕێ و جوانتر دەربکەوێت وەک ئەوەی خۆی حەزی لێیەتی یان وەك ئەوەی لە کۆمەڵگەدا باوە”.
دکتۆر نەبەز ئاماژە بە ناهۆشیاریی خەڵك دەكات و پێی وایە بەشێک لە جوانكارییەکانی وەک تاتۆی برۆ، زیانیان هەیە و ئافرەتانیش هەر دەیکەن. سەرباری ئەوەش باسی هەندێك ئافرەتی کرد كە هەوڵی زیادەڕەوی لە جوانکاری دەدەن بەڵام ئەو وەک پزیشکێکی جوانکاری، ئەو داوایانە رەت دەکاتەوە، چونكە ”زیانی گەورەی هەیە و پەشیمانی لەدوایە.
بە گوتەی پسپۆڕانی جوانکاری، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر نەشتەرگەریی جوانکاری لەلایەن ئافرەتانەوە دەکرێن کە زۆربەیان بۆتۆکس، فیلەر و نەشتەرگەریی لووتن. هەروەها بەشێک لە ئافرەتان و پیاوانی سەروو تەمەن ٣٥ ساڵی، بۆ لابردنی چرچ و لۆچیی روخسار، پەنا بۆ نەشتەرگەری دەبەن.
دکتۆر ئەحمەد سەیدا، مامۆستای زانکۆیە و تەمەنی ٤٩ ساڵە، باس لە لایەنی دەروونیی ئەو کەسانە دەکات کە پەنا دەبەنە بەر نەشتەرگەریی جوانکاری، ئەو دەڵێت، زۆرجار هۆکاری پەنابردنە بەر جوانیی دەستکرد چاولێکەری یان رکابەریی خەڵکییە، ئەمەش تووشی کێشەی تەندروستی و دەروونییان دەکات و ئەو کەسانە بەردەوام واهەست دەکەن کەس تەماشایان ناکات چونکە رووخساریان ناشیرنە، بە پێچەوانەی ئەو کەسانەی تەندروستن، کە دەروون دروستن و باوەڕیان بەخۆیانە، هەرگیز بیر لە بیرکردنەوە و روانینی خەڵکی ناکەنەوە.
زۆربەی ئەوانەی نەشتەرگەریی جوانکاری دەکەن، خۆیان پێناشیرینە، ئەگەرچی وەک ئەحمەد سەیدا باسی کرد، مرۆڤ ناشیرین نییە، ئەوە گوفتار و رەفتارەکانن جوانیی مرۆڤ دەردەخەن نەک جوانکاری.
کوڕانی گەنج بێزارن لەو جوانییە دەستکردانە. بەپێی راپرسییەک لە سۆشیال میدیا، لە کۆی ١٢٤ گەنج تەنیا ٣١یان لەگەڵ نەشتەرگەریی جوانکارین. ئەحمەد عومەر، گەنجێکی تەمەن ٢٦ ساڵە و پێی وایە جوانکاری کۆمەڵگە تێکدەدات و جوانیی سروشتی دەشارێتەوە. هۆکاری دەستکاریکردنی رووخساریش، بۆ رۆڵی کچەمۆدێل و پاڵەوانانی سۆشیال میدیا، دەگێڕێتەوە.
لە بەدواداچوونەکەماندا بۆ بابەتی جوانکاری، بۆمان دەرکەوت بەشێک لە گەنجان بە توندی دژی ئەو نەشتەرگەرییانەن. دیلمان فەرحانی تەمەن ٢٤ ساڵ، کە قوتابی زانکۆیە، کاتێک گەنجان دەبینێ خەریکی گۆڕینی روخسار و شێوەیانن، وەک خۆی گوتی، تووشی ”بێ هیوایی“ دەبێ. ئەو بە پێویستی دەزانێ هەمووان بزانن کە جوانیی راستەقینە لە دڵ و رۆحدایە نەک لە نەشتەرگەری.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved