خه‌می له‌ده‌ستدانی هەشت منداڵ كاریگەریی گەورەیان له‌سه‌ر جێهێشتووه، چه‌ند نه‌خۆشییەكی درێژخایه‌نی هەیە، به‌ڵام هێشتا ڕووداوه‌كانی سه‌رده‌می مه‌لیكی عێراقی لەبیر ماوه، ئه‌و له نزیكه‌وه عه‌بدولكه‌ریم قاسمی بینیوه، به فریادڕه‌سی عێراقییه‌كانی ده‌زانێ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سته‌م و نادادی.
سلێمان حاجی یوسف خه‌ڵكی گوندی سۆفی برایمه لە سنووری قوشتەپە، ئێستە ته‌مه‌نی سه‌روو 85 ساڵ دەبێت، بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌رده‌می سه‌ربازیی خۆی بۆ (گڵكه‌ند) ده‌گێڕێته‌وه «ئه‌من زه‌مانی مه‌لیكی به‌رگی عه‌سكه‌ریم له‌به‌ر كرد، ڕاتبمان دینارەك و نیو بوو، یه‌كه‌م جار ئه‌مه‌یان برده كه‌ركووكێ گۆتیان خۆتان حازر كه‌ن سبه‌ینێ نه‌قر دەبن، نۆهه‌د كه‌س ده‌بووین به‌س كورد، به‌قیتاری ئه‌مه‌یان برده به‌غدایێ، له‌وێش چووینه معەسكەری ئێچتری».
ئەو كاتە كە نازانێ ساڵی چەند بووە، لە سەربازگەی H3 چاوی بە عه‌بدولكه‌ریم قاسم كەوتووە، ئەو بە زاری خۆی دەڵێ «ڕۆژه‌كی تازه سه‌وره كرابوو، ماری مه‌لیكی هه‌موو كوژرابوون، ئه‌وه‌نده‌مان زانی ئامر لیوایه‌كی خه‌ركی سلێمانی، هاواری كردینێ كه‌س نه‌جووڵێ، وه‌خته‌كی هه‌لیكۆپته‌ره‌ك هاته سه‌ر مه‌عەسكه‌ری مه و نیشته‌وه، كه جه‌ماعه‌ت هاتنه خوارێ دیتمان عه‌بدولكه‌ریم قاسمه».
سلێمان حاجی یوسف باسی دۆخی ئەو ساتەی ناو سەربازگەكە دەكات، كە قەرەباڵغییەكی زۆر دروست بووە، خوانێكی گەورە ئامادە كراوە بۆ عەبدولكەریم قاسم و هاوڕێكانی، دەڵێ ”ئه‌مه‌یان ڕیز كرد، عه‌بدولكه‌ریم قاسم هات و لە دووسێ مەتر دووریی من ڕاوەستا و قسه‌ی لۆ كردین، دەیگۆ ئه‌من شۆڕشم لۆ ئه‌و شه‌عبه‌ی كردییه، لۆ قه‌بری بابم نییه، لۆ ئه‌وه‌م كردییه مافی ئه‌و میلله‌ته‌ی وه‌ربگرم له ده‌ست زارمان“.
ئەو پێی وایه كه عەبدولكەریم قاسم سه‌ركرده‌یه‌كی باش بووه بۆ عێراقییه‌كان و ده‌ڵێ «عه‌بدولكه‌ریم زۆر شتی گۆڕی، پاشی سه‌وره‌كه‌ی، داوای له مه‌لا مسته‌فا بارزانی كرد له ڕووسیای بێته‌وه، ئه‌مه زۆرمان در پێ خۆش بوو، دوایێ به‌رگی عه‌سكه‌ریشی گۆڕین و ڕاتبیشی لۆ كردینە سێ دینار، دەشیگۆ ئاغا ئه‌و هه‌موو گونده‌ی له كێ بوو؟ یه‌ڵڵا به‌سه‌ر فه‌لاعان ته‌وزیع كه‌ن، لۆیێ وەكی كوشتییان زۆرم سو‌و لێ بۆوه“.
كۆنە سەرباز لە بیری نه‌ماوه چ ساڵێك هاوسەرگیریی كردووە، بەڵام ده‌زانێ كوڕە گه‌وره‌كەی ساڵی 1957 لەدایك بووە، بەدوای ئەویشدا سێ كچ و حەفت كوڕی دیكەیان بووە، به‌ڵام ئێستە ته‌نها سێ كوڕی له ژیاندا ماون، منداڵەكانی دیكەی بە كوڕی گەورەشیەوە كۆچی دوایییان كردووه. دوای ته‌واوكردنی خزمه‌تی سه‌ربازی گەڕاوەتەوە گوندی خۆیان و ده‌ستی به جووتیاری كردووەتەوە تا 1975، دوای ئه‌وه كه گونده‌كه‌یان له‌لایه‌ن ڕژێمی ئه‌وسای عێراقەوە تێك درا، ماڵه‌كه‌ی گواسته‌وه هه‌ولێر و بووە فه‌رمانبه‌ری سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین تا ڕۆژی خانه‌نشینبوونی.
عەبدولکەریم قاسم (1914–1963) ئەفسەرێکی سەردەمی پادشایەتی و یەکەم سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق بووە لە دوای دەسەڵاتی پادشایەتی. ساڵی 1932 چووە کۆلێژی سەربازی و لە 1934دا بەپلەی لیوای دووەم دەرچووە، پلە سەربازییەکانی بڕی تا بوو بەفەرماندەی لیوای نۆزدە.
لەگەڵ عەبدولسەلام عارف (سەرکۆماری پێشووتری عێراق 1963-1966)دا سەرکردایەتیی شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958ی كرد، دەسەڵاتی پادشایەتییان ڕووخاند و کۆماری عێراقیان ڕاگەیاند. لەوساوە بوو بەسەرۆك وەزیرانی عێراق تا لە هەشتی شوباتی 1963 بەعسییەکان كودەتایان بەسەردا كرد و گوللەباران کرا.
سلێمان حاجی یوسف