یەكێك لە قەرەباڵغترین شەقامەكانی ناوەندی شارە، دەنگی پێی هەنگاوە بەپەلەكانی هەزاران ڕێبوار لەبەردەمیدا تێكەڵ بە دەنگی ماشێنی ئۆتۆمبێلەكانی پشت كورسیە بچوكەكەی دەبن، پێڵاوێك بە دەستی چەپی و فڵچەیەكی کۆنیش بە دەستی ڕاستیەوەیە، بەدەم بریقەداركردنی ڕووی ڕەش و قاوەییەوە، زەردەخەنەیەکی نەرم لەسەر ڕووخسارە تۆزاوییەكەیدا دەبینی، ماندوونەناسانە خەریكە ڕۆح بەبەر گیانی ئەو پێڵاوە کۆنانەدا دەكاتەوە.
لە جیهانێکدا كە میهرەبانی كەمتر دەردەکەوێ، هیوا ساڵحی بۆیاغچی لەسەر شەقامی باتەی هەولێر ڕۆژانە بە ڕووی خۆشەوە گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبواران دەكات، ئەگەر بۆ ساتێكیش بێت، تروسكایی هیوا بە دەوروبەری دەبەخشێتەوە.
ماوەی شەش ساڵە خەریكی بۆیاغچیەتییە و پێشتر لە چەند دوكانێك وەك شاگرد كاری كردووە، بەڵام لە كۆتاییدا لە بەرانبەر گەس و فەلافلی كۆكتێلی شەقامی باتەی ناو بازاڕی هەولێر گیرساوەتەوە، هیوا كە ئێستا تەمەنی ٣٣ ساڵە و بەری هەشت ساڵان ژنی هێناوە، دەڵێ “دڵخۆشم بە كارەكەم و ئەو دەوروبەرە هەموویان هاوڕێمن”.
هیوا ساڵح كە خێزانەكەی ژنی ماڵەوەیە و لە دارەتوو دەژین، دەڵێ ئەمساڵ توانیویەتی بە ڕەنجی شانی خۆی خانوو بكڕێت.
هەروەها بە خۆشیەوە باسی كاری رۆژانەی دەكات كە لە كاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆوە دەست پێ دەكا، دەوروبەری حەفتی ئێوارە دەست هەڵدەگرێ، هەر جووتە پێڵاوێك بە هەزار دینار بۆیاغ دەكا، هیوا نهێنیی كارەكەی دەدركێنێ كە بریتیە لە گفتولفتی خۆش و ڕێزگرتن لە كڕیارەكانی، نایشارێتەوە كە زۆربەی كڕیارەكانی دووبارەن و ئەوانەی سەردانی دەكەن دەبن بە هاوڕێ و بە شێوەی بەردەوام سەردانی دەكەن و پێڵاوەكانیان لەلای بۆیاغ دەكەن.
ئەو پیاوە كاسبكارە لە كاتی نیوەڕۆدا چەترێك هەڵدەدات تا خۆی لە تیشكی گەرمی خۆر بپارێزێت و دەڵێ “لە خوا بەزیاد بێت گەرمام نابێ”.
بنەماڵەی هیوا هەموویان خەریكی كاسبیین، حەفت برای هەن لەگەڵ سێ خوشك، دوو لە براكانی لە بازاڕی تەیراوە دوكاندارن، برایەكی تری جلوبەرگ دەفرۆشێ و برایەكیشی ئازووقە دەفرۆشێ، هەروەها برایەكی تری چێشتخانەی هەیە.
هیوا دەڵێ خاوەن دوكانەكانی لەبەردەمیان دانیشتووە، داوای پارەی لێ ناكەن و هیچ كێشەیەكیان بۆ دروست نەكردووە، بە پێچەوانەوە هاوكاریشی دەكەن بۆ ئەوەی ڕۆژانە بە ڕێكوپێكی كاسبیی خۆی بكات.
لەبارەی شێوازی پێڵاو بۆیاغكردنەوە كە لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ یەكی تر دەگۆڕێ، هیوا دەڵێ “خەركی هەولێرێ عادەتیان نییە پێ لەسەر مێز دابنێن هەتا پێراویان لۆ بۆیاغ بكەین، ئەگەر یەكی ناشارەزاش ئەوها بكات، جۆتە نەعلەكی پێشان دەدەم هەتا پێراوەكەی دابكەنی و ئیشەكەی لۆ بكەم”، ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەگەر بمرێ لە برسا پێڵاو لە پێی كەسدا بۆیاغ ناكات، وەك ئەوەی لە شار و وڵاتانی تردا باوە.
دوای شەش ساڵ لە پێڵاو بۆیاغكردن، ئێستا هیوا شارەزاییەكی باشی پەیدا كردووە و دەڵێ ڕۆنی چینی و ڕەنگی ئەڵكانی توركی لە كارەكەیدا بەكار دێنێت، لە ڕێگەی دەستەوانەیەكیشەوە پێستی دەستی دەپارێزێ، دەڵێ هیچ كات تووشی نەخۆشیی پێست نەبووە بەهۆی بۆیاغەوە، تەنها كە دەستی بەو ئیشەی كرد چەند ڕۆژێك شانەكانی ئازاریان هەبووە.