یەكەم یاریی تەختەیی کوردستانی دروست کرا
هێڵی ئاسنی كوردستان یارییەكی ته‌خته‌یی ستراتیژیی پێنج یاریزانییه، هاوشێوه‌ی یاریی مۆنۆپۆڵی Monopoly، له‌لایه‌ن ئالان سه‌ڵاحه‌وە دروست كراوه، كه خاوه‌نكارێكی لاوی كوردی ڕۆژئاوای كوردستانه.
یارییەكە نه‌خشه‌ی كوردستان ده‌نوێنێ كە ناوی سه‌رجه‌م شاره گه‌وره‌كانی لەخۆ گرتووە، ئامانج لێی ئاشناكردنی نه‌وه‌ی نوێ و بیانییه‌كانه به كوردستان، چونكه نه‌وه‌ی نوێ له‌و رووه‌وه شێوه‌ژیانی جیاوازیان هه‌یه، ره‌نگه زۆر له‌باره‌ی نه‌ته‌وه و وڵاته‌كه‌یانه‌وه نه‌زانن، هه‌ر بۆیه گه‌یاندنی زانیاریی له‌ڕێی ئەو یارییه‌وه ده‌كرێت سه‌رنجڕاكێشتر بێت.
یارییەكە دەتوانێ زانیاریی به نرخ بخاته به‌رده‌ست و یارمه‌تیی بیانییه‌كان بدات به‌ئاسانی شاره‌زای كوردستان بن. له كاتێكدا زۆر وڵات ڤێرژنی خۆیان له‌م جۆره یارییانه‌دا هه‌یه، بەڵام چیرۆكی پشت هێڵی ئاسنی كوردستان چیرۆكێكی تاكانه‌یه.
سه‌ڵاح ساڵی 1988 له شاری حه‌له‌بی سووریا له‌دایك بووه، له دیمه‌شق ژیاوه و كوڕی نووسه‌ر و سیاسه‌تمه‌دارێكی كورده و لەمبارەیەوە ده‌ڵێ باوكی خه‌ڵكی به‌رواری باڵایه له هه‌رێمی كوردستان، دایكیشی خه‌ڵكی عه‌فرینه له رۆژئاوای كوردستان (باكووری سووریا). به‌ڵام ره‌گوڕیشه‌ی خێزانه‌كه‌ی بۆ جه‌له‌ولای سه‌ر به پارێزگه‌ی دیاله له هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه. باپیری له سه‌رژمێرییی ساڵی 1957دا له جه‌له‌ولا ناوی تۆمار كردووه كه ئه‌و كاته له ریزه‌كانی سوپای شاهانه‌ی عێراقدا خزمه‌تی كردووه، له‌به‌رئه‌وه له ناسنامه‌كه‌یشیدا نووسراوه كه ئەوان خه‌ڵكی جه‌له‌ولان. پاشتر باوكی بۆ خوێندن چووه‌ته مووسڵ، به‌ڵام له‌وێ داوای لێ كراوه ببێته بەعسی تا بتوانێت له خوێندن به‌رده‌وام بێت؛ ئه‌ویش ره‌تی كردۆته‌وه، له‌باتیی ئه‌وه په‌یوه‌ندی به‌هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه كردووه له بادینان. چووه بۆ ئێران و پاشان بۆ سووریا و له‌وێ دایكی سه‌ڵاحی ماره كردووه. سه‌لاح بۆمان ده‌گێرێته‌وه: «ئێمه له سووریا ماینه‌وه تا رووخانی سه‌دام حوسێن، ئه‌وكاته گه‌ڕاینه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان». كاتێك له سووریا بوو له دیمه‌شق كۆلێژی ئه‌ندازیاریی ته‌لارسازی ته‌واو كرد.
سه‌ڵاح ئێستا كۆمپانیایه‌كی دیزاینكردنی له هه‌ولێر هه‌یه. زۆر جار سه‌ختترین پرسیار رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌یه ئه‌و خه‌ڵكی كوێیه «ئه‌م قه‌یرانی ناسنامه‌یه پاڵی پێوه ناوم كار له‌سه‌ر ناسنامه‌ی كوردستان بكه‌م، له‌و رووه‌وه ورده‌كارییه‌كانی ژیانمی تێدایه و به‌كورتی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره قورسه بداته‌وه«.
راهێنانه‌كان، یارییەكان و ستراتیژ
خۆشه‌ویستیی سه‌ڵاح بۆ یاری ته‌خته‌یی (بۆرد گه‌یمز) به منداڵی، بزوێنه‌ری بووه بۆ دروستكردنی هێڵی ئاسنی كوردستان، ده‌ڵێ: «هه‌میشه باوه‌ڕم وا بوو پێویسته كوردستان ئه‌م جۆره یارییەی هه‌بێت، چونكه مێشك فراوان ده‌كات و ده‌رفه‌تی فێربوون ده‌ره‌خسێنێت. من چه‌ند هاوڕێیه‌كی بیانیم هه‌یه كه یاریی هاوشێوه‌یان پیشان داوم كه هه‌ر وڵاتێك ڤێرژنی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. ئه‌مه هانی دام منیش دانه‌یه‌ك بۆ كوردستان دروست بكه‌م”.
هه‌روه‌ها خۆشه‌ویستی سه‌ڵاح بۆ سواربوونی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له منداڵی‌دا دیسان ئیلهامبه‌خش بووه بۆی و ده‌ڵێ: «له سووریا، له دیمه‌شقه‌وه به چوار كاتژمێر ده‌گه‌یته حه‌له‌ب، به‌ڵام به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به حه‌وت كاتژمێر. له‌به‌رئه‌وه‌ی سواربوونی شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌لامه‌وه خۆش و به‌چێژ بوو هه‌میشه به شه‌مه‌نده‌فه‌ر سه‌فه‌رم ده‌كرد و خه‌ونم به‌و رۆژه‌وه ده‌بینی سواری شه‌مه‌نده‌فه‌رێك ببم له عه‌فرینه‌وه بۆ زاخۆ یان هه‌ر به‌شێكی كوردستان و زه‌یتوونی عه‌فرین بۆ مامه‌كانم بێنم له دهۆك و سێوی به‌ناوبانگی بادینانیش ببه‌مه‌وه بۆ عه‌فرین».
هێڵی ئاسنی كوردستان وێنای هێڵێكی ئاسن ده‌كات كه شاره‌كانی كوردستان به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێت و یارمه‌تیی یاریزانان ده‌دات شاره‌زای ئه‌و سنووره جوگرافییانه ببن كه له ڕووی دیمۆگرافییه‌وه به خاكی كوردی داده‌نرێن. روونی كرده‌وه «كاتێك مۆنۆپۆڵیم بینی و بڕیارم دا ڤێرژنێكی كوردی دروست بكه‌م، پێم وا بوو ئه‌وه باشترین رێگه‌یه بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كه‌م بۆ گه‌شتكردن به‌شه‌مه‌نده‌فه‌ر به سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا».
ئه‌گه‌رچی ره‌نگه هه‌ندێ كه‌س قسه‌یان له‌سه‌ر وردیی نه‌خشه‌ی یارییەكە هه‌بێت، به‌ڵام له دیاریكردنیدا سوودی له نه‌خشه‌یه‌ك وه‌رگرتووه كه ساڵی 2012 په‌یمانگه‌ی توێژینه‌وه كوردییه‌كان له پاریس بڵاوی كردۆته‌وه و پشت به توێژینه‌وه و سه‌رچاوه مێژووییه‌كان ده‌به‌ستێت. نه‌خشه‌كه سنووره سیاسییه‌كانی ده‌وڵه‌تێكی پێشنیاركراو پیشان نادات و مه‌به‌ستی نییه بره‌و به هیچ بیرۆكه‌یه‌كی جوداخوازانه بدات، به‌ڵكو مه‌به‌ست ته‌نها فێركردن و كات به‌سه‌ربردنه.
بۆ دروستكردنی ئه‌م گه‌مه‌یه نزیكه‌ی سێ ساڵی پێ چووه، ئه‌گه‌رچی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شكردنی شه‌ش مانگی خایاندووه. سه‌ڵاح به نه‌خشه‌كه ده‌ستی پێ كرد و ده‌یزانی ته‌نانه‌ت هه‌ڵه‌یه‌كی بچو‌وكیش ده‌كرێت پرۆژه‌كه تێكبدات.
هه‌موو كه‌سێكی سه‌روو ته‌مه‌ن هه‌شت ساڵ ده‌توانێت گه‌مه‌كه بكات و لێی تێبگات. وه‌ك گه‌مه‌یه‌كی ستراتیژی بۆ پێنج یاریزان، پێویستی به بیركردنه‌وه‌یه‌كی زۆر هه‌یه. یاریزانه‌كان به ته‌واوكردنی پلیته‌كانیان و دروستكردنی درێژترین رێڕه‌و و بلۆككردنی ركابه‌ره‌كانیان ده‌یبه‌نه‌وه. ماوه‌ی یارییەكە له نێوان 30 بۆ 90 خوله‌ك دایه و پشت به كارامه‌یی و ئه‌زموونی یاریزان ده‌به‌ستێت؛ هه‌میشه ئه‌و یاریزانانه‌ی ئه‌زموونیان زیاتره خێراتر ته‌واوی ده‌كه‌ن.
یارییەكە دوو جۆر كارتی تێدایه: درێژمه‌ودا و كورت مه‌ودا و به كارته‌كانی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌دا ده‌زانرێت یاریزانه‌كه له چ شارێكه‌وه گه‌شت ده‌كات. رێگه‌كانی هێڵی ئاسن ره‌نگاوڕه‌نگن و كارته‌كان هه‌ڵگری هه‌ندێ ره‌گه‌زی كوردیی تایبه‌تن، وه‌ك جۆره‌كانی جلوبه‌رگی كورده‌واری و سیمبوڵه‌كانی كولتووری كوردی.
پاراستنی «هه‌بوون»
هێڵی ئاسنی كوردستان یه‌كه‌مین یاریی ته‌خته‌یی كوردییه كه له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تۆمار كراوه، به‌ڵام سه‌ڵاح به‌ڵێنی داوه كه بۆ مه‌به‌ستی سیاسی به‌كار نه‌هێنرێت. پاكێجی یارییەكە به‌ڕوونی ده‌ڵێت كه په‌یوه‌ندی به‌هیچ پارتێكی سیاسییه‌وه نییه و ته‌نها بۆ فێربوون و كات به‌سه‌ربردنه.
ئه‌مڕۆ گه‌نجان له هه‌ندێ له كافتریاكانی هه‌ولێر ئه‌م یارییە ده‌كه‌ن و چێژی لێ وه‌رده‌گرن و له زۆربه‌ی كتێبخانه‌كان ده‌ست ده‌كه‌وێت. نیوه‌ی كڕیارانی به‌رهه‌مه‌كه‌ی سه‌ڵاح كوردن و نیوه‌كه‌ی تر ئه‌و بیانییانه‌ن له كوردستان ده‌ژین. یارییەكە له ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا و سویسرا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانیش ده‌فرۆشرێت.
سه‌ڵام باسی له‌وه كرد ئه‌و كوردانه‌ی له وڵاتانی تر له‌دایك بوون سوود له‌م یارییە وه‌رده‌گرن و یارمه‌تییان ده‌دات به ناسنامه و نیشتمانی خۆیان ئاشنا ببن. یارییەكە به زمانی كوردی و به‌پیتی لاتینی نووسراوه، به‌وه‌یش بۆ كورد و ناكوردیش به‌رده‌ست ده‌بێت. یه‌كێك له ئامانجه‌كانی ئه‌وه‌یه ناسنامه‌ی كوردستان، دوور له سیاسه‌ت و جه‌نگ، به‌جیهان بناسێنێت.
بۆ ئه‌وانه‌ی یه‌كه‌م جاریانه ده‌یكڕن نامیلكه‌ی فێركاری به‌هه‌ردوو زمانی كوردی و ئینگلیزی هه‌یه، هه‌روه‌ها كۆدێكی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرا QR له‌سه‌ر بۆكسه‌كه هه‌یه رێنماییان ده‌كات بۆ ده‌ستگه‌یشتن به فێركارییه‌كانی ئۆنلاین.
كاردانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی یارییه‌كه‌یان كردووه زۆر ئه‌رێنی بوو، به‌تایبه‌ت بیانییه‌كان كه فێری ئه‌لفبێی لاتینی كوردی بوون، كه له ڕێی یارییه‌كه‌وه نه‌خشه‌ی كوردستانیان دیوه و ناوی شاره كوردییه‌كان فێر بوون.
ئه‌م یارییە به‌شێكه له پرۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌تری سه‌ڵاح به‌ناوی «هه‌بوون»، كه پرۆژه‌ی چه‌ند یارییەكی تری تێدایه. سه‌ڵاح وتی «ئێمه وه‌ك كورد رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر بوونمان ده‌بینه‌وه، له‌به‌رئه‌وه ده‌مه‌وێت پرۆژه‌كانم ره‌نگدانه‌وه‌ی ناسنامه‌كه‌مان بێت. جگه له هێڵی ئاسنی كوردستان من كار له‌سه‌ر چوار یاری تر ده‌كه‌م. دووه‌م پرۆژه‌م یارییەكی كاغه‌زییه به‌ناوی ئه‌فسانه‌ی نه‌ورۆز، به‌ڵام به‌دوای سپۆنسه‌رێكدا ده‌گه‌ڕێم بۆی، چونكه دروستكردنی پرۆژه‌كه بودجه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ده‌وێت. پرۆژه‌ی یه‌كه‌مم له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆم ئاماده كرد و 500 دانه‌م لێ چاپ كرد».