ئاماری ساڵێکی نەخۆشخانەیەكی هەولێر
ئاماری ساڵێکی نەخۆشخانەیەكی هەولێر
May 27, 2025

كامێرا 1333 كەس لە ڕووداوی هاتوچۆ دەپارێزێت 

دوای ئەوەی سیستەمی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە هەرێمی كوردستاندا گۆڕانێكی گەورەی دروست كرد و هەزاران كەسی لە بوون بە قوربانیی ڕووداوی هاتوچۆ ڕزگار كرد، پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر دەست بە هەنگاوێكی نوێ دەكات بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی ناو شار، لە ڕێگەی دانانی سیستەمێكی نوێ، كە پشت بە زیرەكیی دەستكرد دەبەستێت.
لەوەتەی داهێنانی ئۆتۆمبێلەوە كە لە فۆرمێكی زۆر سەرەتاییدا بوو و ڕێگەوبانەكان تەسك و ناڕێك بوون، تا ئەمڕۆ كە پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە لوتكە دایە و ڕێگەوبانەكانیش تا ئەوپەڕی پێشكەوتوون، زیرەكیی دەستكردیشی هاتووەتە سەر، هیچ كات مرۆڤ لە ڕووداوی هاتوچۆ ڕزگاری نەبووە، بەڵام تەكنەلۆژیا ڕێگەكەی كورت كردووەتەوە و ئێستا بەهۆی زانستی نوێوە ڕێژەی قوربانییەكان بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە لە هەموو جیهاندا ڕوو لە كەمیە، هەرێمی كوردستانیش لەم پێشكەوتنە بەدەر نەبووە و لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە دەست بە دامەزراندنی كامێرای تیژڕۆیی كراوە.
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر، کە وەک نمونە بۆ ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەم ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەدا پشتی پێ بەستراوە، لە ماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا، لە کانوونی دووەمەوە تا كۆتایی ئاب، ١٨٨٩ کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە بوونەتە قوربانی، بەم شێوەیە تا كۆتایی ئەمساڵ ژمارەكە چاوەڕوان دەكرێ بگاتە ٢٨٣٣ قوربانی، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣دا ژمارەی قوربانییەکانی ڕووداوی هاتوچۆ بەپێی ئامارەکانی هەمان نەخۆشخانە، ٤١٦٦ کەس بوون، بەم شێوەیە ئەمساڵ ١٣٣٣ كەس كەمتر لە پار لە یەك نەخۆشخانەدا وەك قوربانیی هاتوچۆ تۆمار دەكرێن، واتە ١٣٣٣ خێزان لە لەدەستدانی منداڵ، دایك یان باوك، یان خوشك و برا ڕزگاریان دەبێت. هۆكاری سەرەكیی ئەم كەمبوونەوەیەش دانانی كامێرای تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵە لە سنووری پارێزگاكە.
هێمن محه‌مه‌دئه‌مین گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بۆ (گڵکەند) باسی لەوە كرد كە سەرەتا جۆری كامێراكانی چاودێریی تیژڕۆیی زۆر بنەڕەتی بوون، تا ڕادەیەك ڕووداوەکانی هاتوچۆیان كەم كردەوە، بەڵام دواتر تێبینی كرا شۆفێرەكان لە نزیك كامێراكان خێراییان كەم دەكردەوە و دوای تێپەڕین خێراییان زیاد دەكردەوە، ئیتر ئەو جۆرە کامێرایانەش كاریگەرییان كەم بووەوە و نەتواندرا وەکو پێویست ئامانجەكە بێتە دی.
بۆ یەكەم جار لە جیهاندا، ساڵی ١٩٩٧ کامێرای هاتوچۆی خاڵ بۆ خاڵ لە هۆڵەندا ناسێندرا، دواتر لە بەریتانیا، ئوستورالیا و ئیتاڵیاش جێگیر كران، ئێستاش لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان كاری پێ دەكرێ، لە هەرێمی كوردستانیشدا ڕۆژی ١١ی نیسانی ٢٠٢١، بەمەبەستی دانانی كامێرای تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ لە ڕێگە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان، گرێبەستێك لە نێوان وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای ئێرلی فیوچەر ئیمزا كرا، تاقیكردنەوەی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە ڕێگەی خێرای ١٢٠ مەتری لە هەولێر دەستی پێ كرد، بەگوتەی هێمن محەمەدئەمین، ئەزموونەكە سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەست هێنا و ڕووداوی هاتوچۆی بەشێوەیەكی بەرچاو كەم كردەوە، ئیتر بۆ زیاتر پاراستنی گیان و سامانی خەڵك، بڕیار درا كامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە ڕێگەكانی ناو شاریش جێگیر بكرێت.
ئامانجی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كەمكردنەوەی خێرایی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، كەمكردنەوەی ژمارەی قوربانییانی ڕووداوەكانی هاتوچۆ و كەمكردنەوەی ڕووداوی هاتوچۆ بووە، گوتەبێژەكەی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بە دڵنیاییەوە دەڵێ تا ئێستا كامێرای خاڵ بۆ خاڵ كاریگەریی زۆر گەورەی لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی قوربانییانی هاتوچۆ هەبووە، چونکە کاتێک ئۆتۆمبێل خێرا نەبوو، ڕووداویش بقەومێت، زیانی گیانی گەورەی لێ ناكەوێتەوە.
سەرباری ئەو پێشكەوتنانەش، پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بۆ كەمكردنەوەی جەنجاڵیی شەقامەکانی ناو شار، لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بە دانانی “ترافیک ڵایتی زیرەک” دەكات، بەم شێوەیە ئەو سیستەمی ترافیك ڵایتەی ئێستا لە هەولێر هەیە، دێتە گۆڕین، ئەو چرکانەی لە ترافیک ڵایتەکان لەسەر چرای سوور و سەوز هەن، لادەدرێن، لە ڕێگەی زیرەکی دەستكردنەوە کە ڕاداری لێ بەستراوە، چارەسەری جەنجاڵی شەقام و ترافیک ڵایتەكان دەکرێ، كام شەقامە قەرەباڵغی زۆرتری لەسەر بێت، چرای سەوزی بۆ دادەگیرسێ، تا هاوسەنگی لە نێوان شەقامەكان دروست بێت.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved