چیرۆکی هەڵکۆڵینی گڵکەند
بە بیرم دێت سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو هەموو جارێ لە گەڕەکی (کوران)ەوە بە پێیان دەهاتینە بازاڕ، لە بەرامبەر دەرگای غابات هێشتا شوێنەواری هەندێک قۆرتی گەورە مابوو و زستانان پڕی دەبوو لە ئاو، هاوینانیش بۆ ئێمەی ئەو گەڕەکە هەژارە دەبووە مەلەوانگە، کە لەوێشەوە تێدەپەڕین و مەحەتەی شەمەندەفەرمان دەبڕی، رووبەڕووی گڵکەند دەبووینەوە، کە ئەوكات كەندێكی گەورە و قۆڵ بوو، نزیكەی ٣٠٠ خانووی قووڕی تێدا بوو، بە کۆڵانی تەسک و تریسکەوە بە یەكەوە بەسترابوونەوە، زۆر جار لە خۆم دەپرسی دەبێ ئەم كەندە بۆچی و چۆن هەڵکۆڵدرابێ؟
هەندێک هەراش بووم و تێكەڵی خوێندنەوە بووم، ئینجا لەوە تێگەیشتم رۆژێك لە رۆژان چینێک هەبوون لە شاری هەولێر کاریان لەم شوێنە کردووە، کە چوومە ناو کاری رۆژنامەنووسیشەوە بەدوای ئەو سەربووردەیە کەوتم.
بە درێژایی ئەو ئێوارانەی دەگەیشتمە سەعدوناوە، خەڵکێکم دەدی بە کەر و تێڕکە بۆ ئەم گەڕەکە دەگەڕانەوە، دوای سۆراغکردن بۆم دەرکەوت بەوانە دەگوترێ (کوورەچی)، لە دواییشدا زانیم كە پێش ٣٠٠ ساڵ باب و باپیری ئەمانە هاتوون ئەم شوێنەیان هەڵکۆڵیوە بۆ ئەوەی خۆڵی لێ دەربێنن و بیکەنە خشت و لە دواییشدا لە کوورەدا سۆری بکەنەوە و بیکەنە کەرپووچ، تا لە بیناسازیدا بەکاری بێنن.
جاران وا دەبیسترا بنەچەی كوورەچییەكان عەجەم بووە و لە ئێرانەوە هاتوون، بەڵام خۆیان ئەم زانیارییانە رەت دەکەنەوە و دەڵێن باب و باپیریان هەولێرینە و لە هەولێر لەدایک بوون و هەر لە هەولێریش فێری ئەو کوورەچیاتییە بووینە.
کوورەچییەکانی جاران و گڵكەند هەتا ئەمڕۆش باسی ناو كۆبوونەوە و دیداری دیوەخانێكی ئاوەدانی شاری هەولێرن، كە لە گەڕەكی سەعدووناوە بە ناوی (دیوەخانی كوورەچییەكان) كراوەتەوە و لەوێدا مێژوو و کولتووری كوورەچییەكان لە ڕێگەی وێنە و باس و خواسەوە بە زیندوویی ماوەتەوە.
بە دیواری دیوەخانەكەوە دەیان وێنەی پیاوە کوورەچییەکانی سەردەمی باب و باپیرانیان هەڵواسیوە، سەرباری چەند وێنەیەكی دەگمەنی ئەوسا كە لە کاتی خشتبڕین و ئاگرتێبەردانی کوورە و دروستكردنی کەرپووچدا گیراون، ئێستا هەندێک لەو کەسانە ماون کە لە هەڕەتی گەنجێتیدا ئەم کارەیان کردووە و ئێستا کەوتوونەتە تەمەنەوە و زوو زووش بۆ سێبووری سەردانی ئەو دیوەخانە دەكەن.
خانوو و تەلاری گەڕەکەکانی سەعدووناوە، تەعجیل، عارەبان و خانەقا بە کەرپووچی ئەو كوورەچییانە بنیات نراون كە خۆڵیان لە گڵكەند دەرهێناوە.
حاجی هاشم ئەمین مەولوود کوورەچی تەمەنی لە سەرووی هەشتا ساڵە، باسی بنەچەی ناوی گڵکەند دەكات و پێی وایە گڵکەند كە بەر لە ٣٠٠ ساڵ دروست بووە، لە هەردوو وشەی (گڵ) و (كەند)ەوە هاتووە بە واتای كەندی گڵ، دەشڵێ گەڕەکی سەعدووناوەی هەولێرێش لەسەر دەستی یەکێ لە براگەورەکانی کوورەچییەكان بنیات نراوە بە ناوی حاجی سەعدۆ و بۆیە هەر بە ناوی ئەو كراوە و بووەتە سەعدووناوە.
باسی پیاوماقوڵ و کەسایەتییەكانی کوورەچییانیش دەكات كە جگە لە حاجی سەعدۆ، مام رەجەب، مام سلێمان و مام ئیبراهیمی بابی هاشم ریازی كوورەچی بوون، ئەوانە سەرپاڵەی کارەکە بوون و نەوەکانیان ئێستا لە هەولێر ماون.
کوورەچییەکانی هەولێر جگە لە سەعدووناوە، لە گەڕەكی (ئاوی میری)یش دانیشتوون کە دەکەوێتە سەر شەقامی شەست مەتریی ئێستا، بەرامبەر گەڕەکی کوران، ناوی كورانیش بۆ كوورەی كوورەچییەكان دەگەڕێتەوە، بەڵام کوورەچییەکان لەوێ نەماون، چونکە خەڵکی شار شکایەتیان کردووە بەهۆی بۆنی نەوتی رەش و دووکەڵەکەی کە لە کاتی سووتانی کوورە دەگەیشتە ناو شار و ژینگەیەکی پیسی دروست دەکرد، ناچار کراون کە پیشەکەیان بگوازنەوە بۆ گوندەکانی قۆریتان، تۆبزاوە و عەزەوقونیان.
هەروەها باش وەستای ئەوێ رۆژێی كوورەچییەكانیش بریتی بوون لە سۆفی ئیسماعیل کوورەچی و فەتاح کوورەچی و کەریم نەعمان کوورەچی و حەسەن جەرجیس کوورەچی و ماڵی عەبدو کوورەچی، ئەو دەم هەزار کەرپووچ بە یەک دینار دەفرۆشرا.
رۆژانەش کەسی وایان هەبووە لە بەیانییەوە تا نیوەڕۆ یەك هەزار و ٢٠٠ تا یەك هەزار و ٥٠٠ خشتی بڕیوە، دوای چەند رۆژێکیش لەناو کوورە سەفت دەكران و شەو و رۆژێک ئاگریان تێبەردەدرا و کەرپووچیان لێ وەبەر دەهات.
ئەو کاتانەی کە گڵکەندیان بەجێ هێشتووە، پیاوێک هەبووە بەناوی مام وەلی، لە سەرەتاوە لەگەڵ کوورەچییەکان پێک هاتووە، کە ئەم شوێنە بۆ حەوانەوەی شەوانی کوورەچییان بکاتە خانوو، چونکە کوورەچییەکان ئێواران هەم لەسەر ئاوی میری کە دەکاتە شەست مەتریی ئێستا هەم کە چوونە گوندەکانیش ئێواران بە سواری کەرەکانیان دەهاتنەوە و لەم شوێنە کەرەکانیان دادەکرد، بەڵام مام وەلی لە دواییدا لێیان هەڵگەڕایەوە و ئەو خانووانەی بەکرێ دەداتە خەڵکی هەژار و ئەوان لێی دەحەوانەوە، ئەم خانووانەش لەسەر دوو نهۆم دروست کرابوون.
لەو ماڵانەی لەوێ بوون، ماڵی (شێخ سەید گوڵ) هەیە کە کەسایەتییەکی دیاری هەولێر بووە و دەکاتە باوکی نووسەر و چیرۆکنووسی دیاری هەولێر (رەزا سەید گوڵ) و لە نهۆمی خوارەوەی گڵکەند ژیاون.
شێخ ڕەزا، گڵكەند بە شوێنی نیشتەجێبوونی هەژاران دەزانێ، كە ئەوسا رووبەرێکی پان و بەرینی شاری گرتووە و لە لای ماڵی تاهیر چەخماخچییەوە دەستی پێ كردووە و لێوارەكەی بە راستە شەقامی سەعدووناوەدا دەهات و درێژ دەبووەوە بۆ وێستگەی شەمەندەفەری ئەوسا و دەسووڕایەوە بۆ لای مەرقەدی (شێخ محەمەدی خوڕاسان)، لەوێشەوە بۆ پشت هۆتێلی شیراتۆنی ئێستا و دەهاتەوە لای ماڵی (عەلی کانەبی) و لەوێ کۆتایی دەهات، رێگاکانیشی تەنها بۆ پیادە بوو و ئۆتۆمبێل نەیدەتوانی پێیدا بڕوات، چونکە رێگاکە رك و تەسك بوو، رێگایەکی دیکەشی هەبوو، دەکەوتە لای ماڵی تاهیر چەخماخچی، ماڵی (سەید گوڵ بەرزنجی)یش نزیکی ماڵی تاهیر چەخماخچی بوو و لە نهۆمی خوارەوە بوون، دراوسێی ماڵی نووری ماستاو بوو، کە ئەوکات لەناو بازاڕ لە تەنیشت چایخانەکەی (حاجی مستیل) ماستاوی دەفرۆشت.
کوورەچییەکان بە زۆری ماڵیان لە گەڕەکی سەعدووناوە بووە، لەگەڵ گەردی بەیانی ڕوویان لە گوندەكان دەكرد، جار هەبوو بە سواری پایسکل یان بە سواری کەر دەچوون، پێش رۆژهەڵات دەستیان بە خشت بڕین دەکرد، ئەم خشتانەش نەدەبوایە بە کا دروست بکرێن، چونکە کە دەچوونە ناو کوورە هەڵدەوەرا، بۆیە دەبوایە زبڵ و پاشماوەی وڵاخیان تێکەڵی ئەو قووڕە تایبەتە بکردبا کە بۆ خشت بڕین ئامادە دەکرا.
شێرزاد لەتیف فەتاح کوورەچی دەڵێ تا پێش دە ساڵیش ئەم پیشەیە لە هەولێر هەر هەبووە، بەڵام خەڵک ئێستا بەدوای کاری خێرادا دەگەڕێن، بۆیە کە خانوو دروست دەکەن، زیاتر پشت بە بلۆک دەبەستن.
بە گوتەی شێرزاد لەتیف، بەهۆی ئەوەی كوورەچییەكان هەژار و کاسبکار بووینە، بیریان لەوە نەدەكردەوە منداڵەکانیان بنێرنە بەر خوێندن، بەڵكو لەگەڵ خۆیان دەبردن بۆ سەر كار تا فێری پیشەكە ببن و دوارۆژیان دابین بێت، بەم هۆیەوە لە ساڵانی زوودا نووسەر و خوێندەواریان لەناودا هەڵنەكەوت كە مێژوویان بنووسێتەوە.
ئێستا نزیكەی سێ هەزار خانەوادەی کوورەچییەكان لە هەولێرێ هەن، كە هەموویان خزموکەسی یەکترن، تا ئەم ساڵانەی دواییش بەر لە تێكدانی گەڕەکەکانی سەعدووناوە، تەعجیل و عارەبان، هەموویان لەم گەڕەکانە پێکەوە دەژیان.