دوای ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەی دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی مزگەوتی بە مۆرك و نەخشەی کوردەوارییانە ڕاگەیاندبوو، چەند مزگەوتێك بەپێی ستاندارد و ڕێنوێنیی ئەو پرۆژەیە دروست كراون و دەیان مزگەوتی نوێش چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
محەمەد موشیر بەڕێوەبەری ئەندازەی مزگەوتەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ (گڵکەند) رای گەیاند كە بڕیاری دروستكردنی ١٤٥ مزگەوت دراوە بەپێی ڕێنماییە نوێیەكە، زیاتر لە ٥٠ مزگەوت دەکەونە سنووری پارێزگای هەولێرەوە.
پرۆژەكە بریتیە لە نۆژەنکردنەوەی مزگەوتە کۆنەکانی هەرێمی كوردستان بە نەخشەیەكی کوردەوارییانە و دروستكردنی مزگەوتی نوێ بە مۆركی كوردی، بۆ ئەوەی لە كۆتاییدا كوردیش وەك گەلانی تری موسڵمان مۆرك و تایبەتمەندیی نەتەوەیی خۆی لە مزگەوتەكانیدا ڕەنگ بداتەوە.
محەمەد موشیر بەڕێوەبەری ئەندازەی مزگەوتەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (گڵکەند) وردەكاری نەخشەی نوێی مزگەوتی کوردەواری خستەڕوو كە بریتییە لە دروستکردنی مزگەوت لەسەر شێوەی کڵاو و جامانەی کوردی و دروستکردنی منارەی مزگەوتەکەش بە خشت (کەرپووچ) هاوشێوەی منارەی شێخی چۆلی لە هەولێر، کە منارەیەکی مێژووییە و لە سەردەمی دەسەڵاتدارییەتی سەڵاحەدین ئەیوبی و حاکمیەتی سوڵتان مزەفەرەدین گۆگبەری لە هەولێر، لە باشووری رۆژئاوای قەڵا دروست کراوە.
لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە پێنج هەزار مزگەوت بۆ نوێژکردن هەن، سێ هەزاریان وتاری رۆژی هەینییان تێدا دەخوێندرێتەوە. سەید کەمال بەڕێوەبەری مزگەوتەکان و پشکنین لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەبارەی ژمارەی مزگەوتەکانەوە بۆ (گڵکەند) گوتی ئێستا لە سنووری ناو شاری هەولێر، زیاتر لە ٤٠٠ مزگەوت هەن.
تا ئێستا لە ناوەندی شاری هەولێر دروستکردنی دوو مزگەوت بەگوێرەی نەخشە نوێیەکە تەواو بووە، کە یەکێکیان مزگەوتی حاجی برایم مەنتکە لە گەڕەکی رۆشنبیری، هەروەها نۆژەنكردنەوەی مزگەوتی رەفاعیە لە گەڕەکی نیشتمان.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ەوە پرۆژە نوێیەكەی نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی مزگەوتی نوێی بە شێواز و مۆركی كوردەوارییەوە راگەیاندووە.