كۆمپانیاكان نهێنییەكە ئاشكرا دەكەن
كۆمپانیاكان نهێنییەكە ئاشكرا دەكەن

بۆچی نرخی خانووبەرە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك جیاوازە؟

پێشتر لە هەفتەیەكدا چەندین گرێبەستی كڕین و فرۆشتن یان بەكرێدانی موڵكمان دەكرد، بەڵام ئێستا هەفتانە تەنیا یەك گرێبەست یان كەمتریش دەكرێ. كارزان عەلی خاوەنی نووسینگەیەكی خانووبەرە لە سلێمانی ئەوها باسی بازاڕی شارەكەی دەكات و پێی وایە بازاڕەكە خەریكە دەوەستێ، جارێ نرخەكان لە شوێنی خۆیانن، بەڵام پێدەچێ دابەزینی بەدوادا بێت.
سێ‌ كۆمپانیای بەناوبانگی خانووبەرە لە هەریەك لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك لە بەراوردی بەهای موڵك لە نێوان 2023 و 2024دا ڕای جیاوازیان هەیە، بە ڕادەیەك كۆمپانیایەکی هەولێر پێی وایە بەهای موڵك لە 2024دا دابەزیوە، بەڵام كۆمپانیایەكی دهۆك دەڵێ نرخەكان بەڕێژەی نزیكەی 15% بەرز بوونەتەوە.
بازاڕی خانووبەرە لە ئاستی جیهانی و ناوخۆدا پرسێكی ئاڵۆزە و لە ژێر كاریگەریی چەندین هۆكاری جۆراوجۆر دایە. لە كاتێكدا كە ڕووداوە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییە جیهانی و ناوخۆییەكان دەتوانن كاریگەرییەكی بەرچاویان هەبێت، بەڵام هۆكارەكانی دیكەی وەك گۆڕانی دیمۆگرافی و كەشوهەوا و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری بە ئاستی جیاواز كاریگەرییان لەسەر بازاری خانووبەرە دروست كردووە.
هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014ەوە لە ململانێیەكی توند دایە لەگەڵ حكوومەتی عێراق لەسەر پرسی شایستە داراییەكان و لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بەردەوام نرخەكانی موڵك گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، بەڵام ململانێی هێزە سیاسییەكان لە ناوخۆدا، زۆری هاتنە بازاڕی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون، وەستانی چەند پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون، كاریگەریی ئەرێنیان لەسەر بازاڕی خانووبەرە دروست كردووە.
دڵشاد عەبدولواحید، خاوەنی كۆمپانیای هۆنیا بۆ نێوەندگیریی خانووبەرە لە هەولێر كە زیاتر لە 20 ساڵی ئەزموونی لە بوارەكەدا هەیە و كۆمپانیاكەی حەفت لقی لە هەولێر هەیە، ڕای وایە بە ئەندازەی ڕووداوە ناوخۆییەكانی عێراق و كوردستان، ڕووداوە جیهانییەكانیش كاریگەرییان لەسەر بازاڕی خانووبەرەی كوردستان بەتایبەت هەولێر هەبووە.
خاوەنی هۆنیا بۆ بڵاوكراوەی (گڵكەند) دەدوێ و وای دەبینێ كە بازاڕی خانووبەرە لە نێوان 2023 بۆ 2024 بەشێوەیەكی گشتی باش نەبووە و كڕیار لە بازار كەم بووەتەوە، بەڵام شەڕی ئۆكراینا و فەڵەستین و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەكی گشتیی كاریگەری نەرێنی هەبووە، كێشە ناوخۆییەكانی عێراق و كوردستانیش كاریگەریی گەورەیان هەبووە، بەڕادەیەك بەهای موڵك لە ساڵی 2024 بە بەراورد بە 2023 بە ڕێژەی 15% بۆ 20% دابەزیوە.
دڵشاد هۆكاری دابەزینی بەهای موڵك بەتایبەت شووقە بۆ خراپی مامەڵەی وەبەرهێنەرەكان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێ: “بەشێك لە خاوەن پرۆژەكانی نیشتەجێبوون پارەی پێویستیان لەبەردەستدا نییە و چاوەڕێی فرۆشتن و وەرگرتنی قیستی دووەم دەكەن بۆ ئەوەی پرۆژەكانیان تەواو بكەن، ئەمەش وای كردووە بازاڕ و نرخی شووقە لە 20%ەوە بۆ 40% دابەزێ، ڕێژەی كڕیاریش كەم بووەتەوە و ئەوەی هەیە تەنیا ئەوانەن كە بەنیازی وەبەرهێنان كڕین ئەنجام دەدەن”.
بەپێچەوانەی تیڕوانینی خاوەنی كۆمپانیای هۆنیا، سۆران محەمەد بەڕێوەبەری كۆمپانیای باخی سیرین كە یەكێك لە گەورە كۆمپانیاكانی نێوەندگیریی خانووبەرەیە لە سلێمانی بۆ (گڵكەند) گوتی كە گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە نرخ ڕووی نەداوە و بازار ڕووبەڕووی وەستان بووەتەوە، بەڵام نرخ وەك ئەوەی بەرز نەبووەتەوە، داشنەبەزیوە، بەڵام كڕیار لە بازاڕ كەم بووەتەوە.
لای خۆیەوە دەشتی نافیع بەڕێوەبەری عەقاراتی دەشتی لە دهۆك كە چوار لقی لە سەنتەری شارەكە هەیە و یەكەم كۆمپانیای زنجیرەییە لە شارەكە بۆ (گڵكەند) ئاماژەی بەوە دا كە بازاڕی خانووبەرەی دهۆك جیاوازە وەك لە هەولێر، لەبەرئەوەی كڕیاری كۆتایی واتە ئەو هاووڵاتییەی بۆ خۆی یەكەیەكی نیشتەجێبوون دەكڕێت یان موڵك دەكڕێت زیاترە و كەمتر وەك هەولێر بۆ وەبەرهێنان موڵك دەكڕدرێت، بۆیە لە زۆرێنەی شوێنەكان نرخی موڵك بەڕێژەی 15% بەرز بووەتەوە.
دەشتی دەڵێ ئەو پڕۆژانەی شووقە كە تەواو بوون و كڕیار دەتوانێت ڕاستەوخۆ كلیل وەربگرێت و بڕواتە ناوی، بەدڵنیایەوە بارودۆخیان زۆر باشترە لەو پڕۆژانەی كە ئێستا لە قۆناغی كاركردنن.
بەڕێوەبەری كۆمپانیاكەی دهۆك ئاماژە بەوە دەكات كە ڕووداوە سیاسییەكان كاریگەرییان لەسەر بازاری ئەوانیش دەبێت، بەڵام كاركردنی بەردەوام لە پرۆژەكان و وەبەرهێنەری خاوەن سەرمایە دەتوانێت بەكاركردن بازارەكە بە جێگیری بهێڵێتەوە و ڕێگری بكات لەوەی نرخەكان دابەزن.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved