هەولێر پڕ دەبێ لە بەنداو و پۆند
هەولێر پڕ دەبێ لە بەنداو و پۆند

بەم زووانە بەنداوێکی هاوشێوەی دوکان و دەربەندیخان دروست دەکرێت

لە كاتێكدا ناوچەكە لەژێر هەڕەشەی گۆڕانی کەشوهەوا، زیادبوونی خواست لەسەر سەرچاوەكان و گەشەی خێرای دانیشتووان دایە، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا دروستکردنی چەندین بەنداو و پۆند، لە هەنگاوە ستراتیژییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە، لەمبارەیەوە ڕاوێژكارێكی باڵای حكوومەت ئاماژە بە هەنگاوەكانی داهاتوو دەكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە و موژدەی دروستكردنی بەنداوێکی گەورەی هاوشێوەی هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان لە هەرێمی كوردستان بڵاو دەكاتەوە.
ئەندازیار شێرکۆ محەمەد شەریف ڕاوێژکاری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ کاروباری ئاو و بەنداوەکان لە لێدوانێكدا بۆ (گڵكەند)، باس لە پلانی كەمكردنەوەی بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی دەكات لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئاوی سەر زەوی و نمونە بە پرۆژەی ئیفراز چواری هەولێر دێنێتەوە، كە ئێستا لە بواری جێبەجێکردن دایە و بڕیارە لە ماوەی ١٤ مانگدا تەواو بكرێت، لەم پڕۆژەیەدا ئاو دەگەیەنرێتە ئەو شوێنانەی هەولێر كە خەریکە ئاوی ژێر زەوییان نامێنێت، خاڵێکی تریش ئەو ئاوەی کە بەکاردێت و پێی دەگوترێ ئاوی قورس پاک دەكرێتەوە و بەکار دەهێندرێ بۆ ئاودانی دار و باخچە و سەوزایی و شۆردنی ئۆتۆمبێل و زۆر شتی تر لە بری ئاوی پاک، ئێستاش کۆمپانیایەکی ژاپۆنی لە کوردستان کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی قورس، بۆ پاککردنەوەی و دووبارە بەکارهێنانەوەی.
هەروەها سەبارەت بە مەترسییەکانی کەمئاوی و كێشەی نەبوونی ئاو لە هەندێك ناوچە، ئەو ڕاوێژكارەی سەرۆك وەزیران دووپاتی دەكاتەوە كە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا قەیرانی ئاو دروست نەبووە، وەك ئەوەی لە چەند ناوچەیەكی عێراق هەیە، بەڵكو ئەوەی هەیە گرفتی ئاوە لە هەندێك ناوچە لە وەرزی دیاریكراودا.
ئەو ڕاوێژكارەی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، كە پێشتر لە وڵاتانی وەكو قەتەر، میسر، ئوردن و چەند وڵاتێکی ئەورووپی و لە كەنەداش کاری لە بواری ئاو و بەنداوەكاندا کردووە، باسی هەڕەشەی بە بیابانبوونی بەشێکی خاكی عێراق و مەترسییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەكات و ئاماژە بە توێژینەوەیەکی سویدی دەدات لەسەر گۆڕانکاری کەشوهەوا و پێی وایە کاریگەریی زۆری لەسەر خاکی عێراق دەبێت، بەتایبەت لەسەر ناوەڕاست و خوارووی وڵاتەكە، کە لە چەند ساڵی داهاتوودا بەشێک لە خاکەکەی بەهۆی نەمانی ئاو دەبێتە بیابان و کۆچی بە کۆمەڵ ڕوودەدات، لە هەمان كاتدا دەڵێ خۆشبەختانە بە پێی توێژینەوە سویدییەکە هەرێمی کوردستان هەڕەشەی بە بیابانبوونی لەسەر نییە.
لە زۆرینەی وڵاتاندا ئاوێکی زۆر لە ژێر زەوی هەیە، بەڵام بۆ گەیشتن بە ئاو دەبێ ئەو بیرەی لێ دەدرێت، زۆر قووڵ بێت، ئەندازیار شێركۆ محەمەد شەریف باس لە توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٤ لە فەرەنسا دەكات كە ئاماژەی بە بوونی ئاوێکی زۆر كردووە لە عێراق، بەڵام گەیشتن بەو ئاوە ئاسان نییە و دەبێت تەکنەلۆژیای دەرهێنانی نەوتی بۆ بەکاربێت و تێچووی زۆری دەبێت.
باسیش لە گرنگی پۆند و بەنداو و لێدانی بیر دەكات بۆ پارێزگاریکردن لە سامانی ئاو، كە وا دەکەن باراناو بچێتە ژێر زەوی و ئاوێکی زۆر لەسەر زەوی گل بدرێتەوە، هەروەها دەڵێ بەنداو دەبێتە هۆکارێک بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی لافاو، خاڵێکی تریش لێدانی بیرە کە قووڵییەکەی لە نێوان 15 بۆ 20 مەتر بێت، وا دەکات ئاوی باران بەسەر زەویدا نەڕوات و بچێتە ژێر زەوی، لە چەند شوێنێکی هەولێریش ئەو جۆرە بیرانە لێ دراون.
ئەندازیار شێركۆ پێی وایە ئەو ئاوەی لە کوردستاندا هەیە ڕێژەکەی کەم نییە، بۆ نمونە زێی گەورە ساڵانە 10 ملیار مەتر سێجا بەرهەمی هەیە، بەڵام ئاوەکە بەفیڕۆ دەڕوات، ئێستاش پلان هەیە نەهێڵن ئەو ئاوە بەفیڕۆ بڕوات بە ئەنجامدانی پڕۆژە، لە شاری هەولێریش ساڵانە لە وەرزی باران باریندا 400 ملیمەتر ئاو پێویستە بۆ ئەوەی قەیرانی ئاو ڕوو نەدات، واتا ئەگەر ئەو ڕێژە بارانە ببارێت ساڵەکەی نابێتە وشکەساڵی.
لەبارەی جۆرەکانی بەنداویشەوە، ئەندازیار شێرکۆ محەمەد شەریف ئەو بەنداوانەی لە هەرێمی کوردستان هەن بەسەر دوو جۆردا دابەش دەكات، بەنداوە گەورەکان وەکو دوکان و دەربەندیخان کە قەبارەی ئاوەکەیان ملیاران مەتر سێجایە و دەتوانن کارەبا بەرهەم بهێنن، بەڵام بەنداوە بچووکەکان قەبارەی ئاویان لە نێوان 5 بۆ 15 ملیۆن مەتر سێجایە، بەگشتی دوو بەنداوی گەورەی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان هەن و ئێستا کار بۆ سێیەمین بەنداو دەکەن كە بەنداوی «گۆپاڵ» دەبێت.
ئەوەی کە بەلای ئەندازیار شێرکۆ محەمەدیشەوە گرنگە سەرجەم ئەو بەنداوە بچوکانەی لە هەرێمی کوردستان دروست كراون، بە دەستی کۆمپانیای ناوخۆیی كراون. بەشێکیش لەو بەنداوانە توانای بەرهەمهێنانی کارەبایان دەبێت.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved