“ناوبانگی فیتەرەكانی بن قەڵات، هەولێری تێپەڕاندبوو”
وەستا محەمەدی فیتەر بەشی هەرە زۆری تەمەنی لەگەڵ دەنگی چەكووشی ناو دوكانەكانی ناوچە پیشەسازییەكانی هەولێر بەسەر بردووە، هەر لە بن قەڵاتەوە بگرە تا دەگەیە ناوچە پیشەسازییەكانی دەرەوەی شار، ئەو پیاوە ئێستاش لە تەمەنی 71 ساڵیدا وەکو جاران بە هەستێكی پڕ خۆشەویستییەوە باس لە پیشەكەی دەكات.
وەستا محەمەد ئیبراهیم هەنارەیی، پیاوێکی سەر ماش و برنجی باڵا مامناوەندییە، بەدەم چاککردنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلەی کاری لەسەر دەکرد باسی سەرەتای كاركردنی خۆی بۆ «گڵکەند» دەگێڕێتەوە و ئاماژە بە حەز و خولیای منداڵی بۆ چاکكردنەوەی ئۆتۆمبێل دەكات، دەڵێ لە زووەوە ئارەزووی كردووە ببێتە خاوەن شوێنی خۆی لەناو بازاڕی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلدا.
چیڕۆكی پیشەكەی وەستا محەمەد لە ساڵی 1963وە دەست پێ دەكات، كاتێك باوکی بردوویەتی بۆ لای وەستا عومەر كە دوكانێكی لە نزیک مزگەوتی شێخ مستەفا لە بن قەڵاتی هەولێر هەبووە و لەوێ وەکو شاگرد دەستی بە کاری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل کردووە.
ئەو پیاوە کە دەیان کەس لەسەر دەستی بوون بە وەستای دیاری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل، دەڵێ هێشتا خولیای جارانی بۆ پیشەکەی ماوە.
هەروەها باسی ناوچەکانی پیشەسازی لە هەولێر دەکات کە یەکێکیان لە نزیک قەڵاتی هەولێر بووە لە دەوروبەری مزگەوتی شێخ مستەفا، یەكێكیش دیكەش لە بازاڕی ئێستای شێخەڵڵا بووە، ڕۆژانەی ئەو كاتی وەستا محەمەد 30 فلس بووە، جیا لەوەش ئەو شوفێرانەی دەهاتن ئۆتۆمبێلەکانیان چاک دەکردەوە، شاگردانەیان پێ دەدا، بەڵام وەك خۆی دەڵێ «ئێستا مامەڵەی چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل بووە بە دۆلارە».
ئاماژە بەوەش دەكات کە کارەکانی ئەوان زیاتر چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی گەورە بووە، دەڵێ «ئەو وەختی کەلوپەلی یەدەگی ئۆتۆمبێل وەکو ئێستا زۆر نەبوو، بۆیە کاری ئێمە زیاتر چاککردنەوە بوو نەك گۆڕینی پارچەی كۆنی ئۆتۆمبێل بە پارچەی نوێ«.
وەستا محەمەد لە درێژەی باسكردنی پیشەکەیدا، باس لەوە دەكات كە دوای چەند ساڵێك بازاڕەكەی بن قەڵاتی بەجێهێشتووە و ڕووی لە بازاڕی شێخەڵڵا كردووە، لەوێش جارێكی تر بە شاگردی دەستی پێ كردووەتەوە و ڕۆژانەکەی زیاد کراوە و بووە بە پێنج درهەمی ڕۆژانە.
وەستا محەمەد ئێستا لە کردنەوەی پێشەوە و دواوەی ئۆتۆمبێل شارەزایی زۆری هەیە و یەکێکە لە وەستا دیارەكانی هەولێر، تەنانەت خەڵکی ناوچەکانی دەرەوەی هەولێریش بۆ چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل سەردانی دەکەن.
ئەو دوای ئەوەی ئەزموونێکی باشی پەیدا کردووە لە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل، بڕیاری داوە دوکانی خۆی بكاتەوە، ساڵی 1972 لە نزیک مزگەوتی شێخ مستەفا دوکانێکی بە کرێ گرتووە و مانگانە سێ دیناری داوە، بەم شێوەیە بووەتە خاوەن دوکانی خۆی، داهاتی ڕۆژانەی لە نێوان دوو دینار بۆ دوو دینار و نیو بووە».
بەگوتەی ئەو وەستایە، پێشتر ئۆتۆمبێلەکانی جۆری جێب و فۆڕد و دۆج و مارسیدس و چەند جۆرێکی تر چاک دەکردەوە، بەڵام ئێستا مۆدێلی جیاواز و نوێ پەیدا بوون.
هەروەها باسی دروستکردنی ناوچەی پیشەسازیی ئێستای سەر ڕێگای پیرمام دەكات کە ئێستا شوێنی کاری لەوێندەرە و گوتی لە کۆتایی ساڵی 1982 حکوومەتی خۆجێی هەولێر بە هۆی فراوانبوونی شار، بڕیاری گواستنەوەی ناوچەی پیشەسازی دا لە گۆڕەپانی مزگەوتی شێخ مستەفا و بازاڕی شێخەڵڵا بۆ سەر ڕێگای پیرمام، دەشڵێ «لەوێندەر وەك خاوەن پیشە پارچە زەوییەكی هەشتا مەترییم وەرگرت و كردم بە دوكان».
وەستا محەمەد کە خاوەنی سێ کوڕە، هیچیان کارەکەی ئەو ناکەن و دەڵێ لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی کاری کردووە، چەندین کەس لای ئەو شاگرد بوونە و فێری پیشەکە بوون و ئێستا خاوەنی دوکانی خۆیانن.
خۆشبەختانە وەستا محەمەد خاوەن تەندروستییەكی باشە و بە نیازە چەند ساڵێكی تریش لەسەر پیشەكەی بەردەوام بێت، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە كە پێشتر بەهۆی پیشەکەیەوە چەندین جار ژیانی کەوتووەتە مەترسییەوە، لەوانەش جارێکیان ئۆتۆمبێلی بەسەردا كەوت و نزیکەی مانگێک بە برینداری لەسەر جێگا خەوێندرا.
ئەو پیاوە کە تاکە کەس نییە لە هەولێر بەم تەمەنەوە کاری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل بکات، بەڵام هاوتەمەنەکانی لەو پیشەیە ژمارەیان کەمە، ئەو دەڵێت ئەگەر ژیان جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ دواوە، هەمان پیشە هەڵدەبژێرێتەوە، چونكە بە درێژایی تەمەنی چێژی لە كاركردنی ڕۆژانەی خۆی وەرگرتووە.
وەستا محەمەد