کوبەی سەلمان 70 ساڵە جمەی دێت
کوبەی سەلمان 70 ساڵە جمەی دێت
June 02, 2025

حەفتا ساڵە لە هەولێرێ دوكانی کوبەی مام سەلمان جمەی دێت لە خەڵك، ئێستەش لە شەقامی شێخەڵڵا دوکانەکەیان ماوە و خەڵک سەرەی بۆ دەگرن، لەوەش زیاتر هەندێك لە كاتی گەشتیاندا بۆ ئەوروپا، لەو كوبەیە بە دیاری دەبەن بۆ ئازیزانیان.
ئەو كوبە ناودارەی هەولێرێ بەناوی حاجی سەلمانی خاوەنیەوە كراوە، كە ساڵی ١٩٣٦ لە کۆڵانی بەلوعەی گەڕەکی خانەقا لە بابێکی هەولێری و دایکێکی سنەیی بووە، لە منداڵییەوە دەستی بەکەسابەت كردووە.
لە پێنج ساڵییەوە بووەتە شاگرد لەلای حاجی عەلی کەبابچی، دوای ساڵانێکی زۆر و لە چلەکاندا وەکو پیشەکاری باپیری دەچێتە سەر کاری فرۆشتنی (سەروپێ)، سبەینان لەگەڵ بەیانی بەتەشتێکی پڕ لە سەروپێچکەوە دەچێتە سەر ئاوی میری و پاک دەیانشواتەوە و خاوێنیان دەکاتەوە، دەیانهێنێتەوە ماڵ و دەیانکوڵێنێ، ئینجا دەیانباتە بەردەرگەی قەیسەری و دەیانفرۆشێ.
حاجی سەلمان کوبەچی هیچ كات لە كار دانەبڕاوە، هەر هەستی كردبێ باوی کارێک نەماوە، چووەتە سەر کارێکی نوێ، شەربەتی مێوژیشی فرۆشتووە.
سەردەمێك لە ماڵەوە ئامادەی دەکرد و دەیبردە بازاڕی قەیسەری و دەیفرۆشت، کە لە کاری شەربەتفرۆشیش وەڕس بوو، ساڵی (١٩٥٤) دەستی بە کاری فرۆشتنی کوبە كرد.
سەرەتا لە ماڵەوە دروستی دەکرد و لەناو بازاڕدا ساغی دەكردەوە، دواتر دوکانێکی لە بەرامبەر سینەما حەمرای جاران كردەوە، ماوەی ٢٠ ساڵی تەواو لەم دوکانە كاری كرد.
سالمی كوڕی حاجی سەلمان دەیگێڕێتەوە ئەو کوبانەی لە ماڵەوە دروستیان دەکرد، دەیانخستە ناو مەنجەڵێک و سبەینان بەرەو ئۆردی (سەربازگە) دەکەوتنە ڕێ.
كوڕەكەی حاجی سەلمان ماوەیەك خۆی سەرباز بووە و تا ئێوارە هەموو کوبەکانی دەفرۆشت و بە مەنجەڵی بەتاڵەوە دەگەڕایەوە ماڵێ.
ناوبانگی کوبەی سەلمان هەموو شارەکانی کوردستانی گرتووەتەوە، خەڵكی زۆر هەبوو لە سلێمانی و کەرکووکەوە تایبەت بۆ خواردن و بردنەوەی كوبەی حاجی سەلمان سەردانیان كردووە.
حاجی سەلمان لە پاڵ کارەكەیدا، دەنگخۆشێكی بێ هاوتا بووە، دەفژەنێکی لێهاتووش، هەمیشە سەدای دەنگی خۆشی لە بانگدانی لە مزگەوتەکانی شێخەڵڵا، سەید عەزیز و تەکیەی شێخ عەبدولکەریم جێی سەرنجی هەمووان بووە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved