پڕۆژەی دروستکردنی بەرزترین پردی كوردستان و عێراق لە سۆران بەدرێژیی پێنج کیلۆمەتر لەلایەن كۆمپانیایەكی خۆماڵییەوە جێبەجێ دەكرێ و قۆناغی یەكەمی تەواو بووە.
عەدنان خەلەف بەرپرسی دروستکردنی پرد لە کۆمپانیای (کاڤین گرووپ) كە جێبەجێكاری پڕۆژەكەیە بۆ (گڵكەند) ڕای گەیاند ماوەی تەواوکردنی پڕۆژەکە 900 ڕۆژە و 24 کاتژمێر بە بەردەوامی كاری تێدا دەكرێت، هەوڵ دەدەن پێش وادەی خۆی کارەکان تەواو بکەن.
ئاماژەشی بەوە دا كە ئێستە دەستیان بەجێبەجێكردنی بەشی دووەمی پڕۆژەكە كردووە، تەواوی کرێکارەکانی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەش ناوخۆیین، بەکوالێتییەكی بەرز پردەکە دروست دەکەن.
ڕێگەی پردەکە جووتسایدە و بەدرێژاییی پێنج کیلۆمەتر دروست دەکرێت، پردێکی هایدرۆلیکی بەدرێژیی 250 مەتر و بە بەرزیی 32 مەتر لەخۆ دەگرێت، تێچووی پردەکە 28 ملیار دینارە و کۆی پڕۆژەکە 50 ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە، دەبێتە بەرزترین پرد لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ (گڵکەند) گوتی دروستکردنی ئەم ڕێگە و پردە بەشێوەیەكی بنەڕەتی کێشەی هاتوچۆ لە سنوورەكە چارەسەر دەکات و جەنجاڵیی ناو شار كەم دەكاتەوە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش بەسیدەکان و شارۆچکەی مێرگەسۆر دەبەستێتەوە.
گوتیشی قۆناغی دووەمی پڕۆژەكە لە جێبەجێکردن دایە کە درێژییەكەی پێنج کیلۆمەترە و هەر سایدێک سێ هێڵی تێپەڕبوونی ئۆتۆمۆبێلی هەیە.
لای خۆیەوە مستەفا ئەمین بەرپرسی دیزاین لە کاڤین گرووپ ڕای گەیاند دیزاینی پردەكە ناوازەیە لەسەر ئاستی جیهان، کۆمەڵێک ئەندازیاری گەنجی کورد كارەكانی ڕادەپەڕێنن، ڕاوێژکاری بیانیشیان لەگەڵ دایە.
هەروەها عومران فەقێ، بەرپرسی قیڕتاوکردن ڕوونی کردەوە کە وەک کاڤین، سیستەمی قیڕتاوکردنی ڕێگەوبان بە سێ قۆناغی جیاوازدا تێ دەپەڕێت. دەبێت بەباشترین مادە دروست بکرێت کە بتوانێت بەرگەی گەرما و ساردیی کەشوهەوای بگرێت.
یەکەم پردی دەروازەی شاری سۆران 95%ی تەواو بووە و بەگشتی لە پڕۆژەکەدا 20% بۆ 30% کارەکان تەواو بووە.
ئەم پڕۆژە ستراتیژییە گرینگە ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباڵغیی هاتوچۆ و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان و بازرگانان، بەتەواوبوونی ئەم ڕێگە و پردە بەرزە، هاتوچۆ بەخێرایی و بێ کێشە بەڕێوە دەچێت و کاتی گەشتکردن کەم دەکاتەوە، گرینگییەکی زۆری دەبێت بۆ گەشەسەندنی ژێرخانی گەشتیاری، ئابووری و بازرگانیی هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە 2024/5/28 بەردی بناغەی پڕۆژەی ڕێگە و پردی 40 مەتری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانا، کۆی پڕۆژەکە 50 ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە. لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردووەوە کارکردن لەم پڕۆژە ستراتیژییە دەستی پێ کردووە.