پسپۆڕێكی كورد سەرنجی میدیاكانی جیهان ڕادەكێشێ
پسپۆڕێكی كورد سەرنجی میدیاكانی جیهان ڕادەكێشێ
June 04, 2025

توێژینەوەیەكی زانستیی توێژەرێكی كورد لەبارەی گۆڕانێكی گەورەی جیۆلۆجی كە بەسەر ناوچەكەدا هاتووە، لە میدیاكانی جیهان دەنگ دەداتەوە و دەیان ڕاپۆرتی لە بارەوە بڵاو دەكرێتەوە.
دوکتۆر ڕێناس ئیسماعیل خۆشناو سەرۆكی تیمێكی توێژینەوەی زانستییە لەبارەی داتەپینی زەوییەكانی دەوروبەری چیای زاگرۆس، كە لە بەشی جیۆلۆجیای پێکهاتەیی و زانستی گەرمیی زەوی لە زانکۆی گۆتینگی ئەڵمانی ئەنجامیان داوە، پێی وایە چیای زاگرۆس بەر لە ٨ تا ١٢ ملیۆن ساڵ ناوچەیەكی شاخاوی نەبووە، بەڵكو گردێك بووە، ئەمەشیان بە لێكۆڵینەوەی جیۆكیمیاوی بۆ دەركەوتووە.
دەشڵێ بە لێكۆڵینەوە ئاشكرایان كردووە كە ئەو گرد و خاكە چۆن تێكشكاوە و بووە بە چیا، هەروەها چۆن لە سنووری زاخۆوە دەستی بە بەرزبوونەوە كردووە.
د. ڕێناس كە ئێستە خەریكی لێكۆڵینەوەیەكی نوێی جیۆلۆجییە لە ئینستیتوی ماساشۆستس بۆ تەكنەلۆژیا لە ئەمەریكا، لە لێدوانێكیدا بۆ (گڵكەند) باسی لێکۆڵینەوەكەیان دەكات لەسەر کاریگەریی ئەو هێزانەی زنجیرە چیای زاگرۆس لە دیوی هەرێمی کوردستاندا لە ماوەی بیست ملیۆن ساڵی ڕابردوودا بەسەر داتەپینی ڕووی زەویدا سەپاندووە.
لە لێکۆڵینەوەکەدا بۆیان دەرکەوتووە ئێستە لە قووڵاییی سەدان کیلۆمەتر لەژێر ڕووی زەویدا، پلێتی زەریای نیۆتیتیس کە سەردەمانێک لە نێوان کیشوەرەکانی عەرەبی و ئۆراسیادا بووە، بە شێوەی ئاسۆیی لە پلێتی عەرەبی جیا دەبێتەوە، كە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیاوە تا باکوری ڕۆژئاوای ئێران درێژ دەبێتەوە.
ئەمەش وای كردووە جۆرێك لە داتەپینی زەوی لە ناوچەی زاگرۆسدا ڕوو بدات.
لە ئەنجامی توێژینەوەكەدا دەركەوتووە كە لەگەڵ نزیکبوونەوەی دوو کیشوەر لە ماوەی ملیۆنان ساڵدا، بنی زەریای نێوانیان تا قووڵایییەکی زۆر لەژێر کیشوەرەکاندا دەخلیسکێت.
لە کۆتاییدا ئەو دوو کیشوەرە بەریەک دەکەون و تێکشکانی چینی بەردەکان لە لێوارەکانیان ڕوو دەدات و بەرز دەبنەوە بۆ دروستکردنی زنجیرە چیاکان.
بەدرێژاییی ملیۆنان ساڵ کێشی گەورەی ئەم شاخانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕووی زەوی بەرەو خوارەوە بچێت.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە کێشی چیای زاگرۆس لە هەرێمی کوردستان بەتەنها هۆكار نییە لەو داتەپینەی بە ٣-٤ کیلۆمەتر دەخەمڵێندرێت لە ماوەی ١٥ ملیۆن ساڵی ڕابردوودا و پڕ بووە لە نیشتوو.
ئەو پسپۆڕە كوردە باسی گرینگیدانی زۆری میدیای جیهانی بە ئەنجامی توێژینەوەكەیان دەكات، پێی وایە ئەو بابەتە زانستییە و ماوەی ئەنجامەكانی ملیۆنان ساڵ دەخایەنێت، بۆیە ئەوە هەڵناگرێ مەترسیی گۆڕانی خێرا و گەورەی لەسەر ڕووی زەوی لێ بكرێت.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved