مەدحەت بێخەو شاعیری ناوداری كوردستان لە دەسپێکی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا ساڵی (١٩٦١)، بەهەستێکی نەتەوەیی شیعری (ئێمە پێشمەرگەین هەتا ماوین لە ژین)ی نووسی و بوو بەمارشی شۆڕش.
بێخەو لە دیدارێكدا بۆ (گڵكەند) باسی نووسینی ئەو شیعرەی دەكا و دەڵێ “دوای نووسینی، شیعرەكەم بۆ هونەرمەندی ڕەوانشاد فوئاد ئەحمەد خوێندەوە؛ زۆری بەدڵ بوو، ئەوە بوو لەگەڵ هونەرمەندە میوزیکژەنەکانی ئەوێ ڕۆژێی شاخ ڕێک کەوت و ئەم سروودەی یەکەم جار لە ساڵی (١٩٦١) لە شاخ تۆمار كرد”.
دوای ئەوەی سروودەكە دەنگ و سەدایەکی گهورهی ههبوو و ڕۆژانە لە ڕادیۆی (دەنگی کوردستان) بڵاو دەکرایەوە؛ شیعرەكە بەفەرمانی مەلا مستەفا بارزانی كرایه مارشی شۆڕش، مەدحەت بێخەو دەڵێ “ئەم فەرمانە بوو بهسەروەرییەکی مێژوویی بۆ من”.
جارێکی دیكە ئەم سروودە لە ساڵی (١٩٦٣) لە گوندی (پیرزین) هەر بەدەنگی هونەرمەند فوئاد ئەحمەد تۆمار کرایەوە، تا ئێستەش بە زیندوویی ماوەتەوە.
مەدحەت بێخەو ناوی مەدحەت خدر عەبدوڵڵایه، ساڵی (١٩٣٤) لە شارۆچکەی مەخموور لەدایک بووە، لە سەرەتای لاوێتییەوە تێكهڵ بهجیهانی شیعر و ئەدەب و سیاسەت بووه.
شیعرهكانی بێخهو بهسهر سێ تهوهردا دابهش بوون: شیعری چینایەتی، شیعری نەتەوایەتی و شیعری گۆرانی و سروود. لە تەوەری چینایەتیدا شاعیر بهشیعرەکانی هانی جووتیاران و هەژارانی داوە ڕووبەڕووی زوڵم و ستەمکاری ببنەوە، لە ڕاپەڕینی 1953ی جووتیاراندا لە ناوچەی (کەندێناوە) و (مرکیە) ڕۆڵی بهرچاوی هەبووە و بەشیعرەکانی داوای یهكگرتنی لە جووتیاران کردووە، چونکە یەکگرتن زامنی سهركهوتنه.
لە شیعرێکیدا کە لە ١٩٥٣/١/١٥ بۆ ئەم مەبەستە نووسیویەتی دەڵێ:
ئەنجامی یەکبوون هەر سەرکەوتنە
ڕووڕەشی و نەمان بەشی دوژمنە
مژدەی بەیانیش ڕوون و دیارە
دواڕۆژ سەرکەوتن هەر بۆ هەژارە
لە تهوهری نەتەوایەتیشدا مەدحەت بێخەو یەکێک بووە لە پێشەنگانی شیعری نەتەوایەتی، هەر لە سەرەتای هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولهوه سروودی نیشتمانی و نەتەوایەتیی نووسیوە.
لە ڕووی نووسینی شیعری گۆرانیشەوە، یهكێكه له پێشڕەوانی ئهو بواره و گهوره گۆرانیبێژانی وەک عەلی مەردان و تایەر تۆفیق و ڕەسووڵ گەردی و فوئاد ئەحمەد له ڕێگەی شیعرهكانی ئهوهوه ناوبانگیان پهیدا كرد، تا ئێستەیش گۆرانییهكانی (گیانی شیرین) و (غەریب غەریب) و (سڵاو بۆ تۆ یار)ی هونەرمەند (فوئاد ئەحمەد) لە گوێی خەڵكدا دەزرینگێنەوە.
شاعیر لە بواری نووسینی (ئۆپەرێت)دا دهستی باڵای ههبووه، لە ئۆپەرێتی (داستانی گەل)دا کە ساڵی (١٩٧٧) نووسیویەتی و هونەرمەند (واحید مەرجان) ئاوازی بۆ داناوە و هونەرمەند (سەباح عەبدولڕەحمان) کاری دەرهێنانی بۆ کرد، لە فیستیڤاڵی پێشبڕکێی چاڵاکیی قوتابخانەکانی عێراق لە بەغدا بەشدار بوو و پلەی یەکەمی بهدهست هێنا، ئۆپەرێتی (ڕووباری ژیان)یش ساڵی (١٩٧٨) لە هەمان فیستیڤاڵ لە کەرکووک نمایش کرا و پلەی دووەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەست هێنا.
بێخهوی شاعیر ههڵگری خهمی سهرجهم چین و توێژهكانی كۆمهڵ بووه و شیعری بۆ نووسیون، بهتایبهت بۆ توێژی ئافرهتان، ههندێ لهوانهیش كراونهته سروود، لهوانه ئهم شیعرهی خوارهوه كه بهدهنگی هونەرمەند (فوئاد ئەحمەد) كراوه به سروود:
ئافرەتە نیوەی گرنگی گەلان
باخچەی ئادەمیزادە لە جیهان
ئافرەت دارێکە بۆ بەرزی ژیان
دێنێتە بەرهەم ڕۆڵەی قارەمان
بێخهو زیاتر لە شەش بەرهەمی چاپکراوی هەیە و له کۆبەرهەمێکدا بەناوی (دیوانی بێخەو) چاپی کردن، کە زۆرینەیان پێشتر لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاو کراونەتەوە.
ئهو كه ئێستە تهمهنی (91) ساڵه؛ گوڕ و تینی بۆ خوێندنهوه و نووسین له دهست نهداوه، وهك خۆی باسی كرد؛ بیرەوەرییەکانی ئامادەن بۆ چاپ، بەڵام بڕیاری داوە لە پێشدا کتێبی (شاهۆزی سیان) چاپ بکات، كه مێژووی هۆزی (سیان) و خهباتیان له پێناو خاك و نیشتمانی خۆیان دەگێڕێتەوە.