مه‌لا حوسێن شێخ سه‌عدی ناسراو به فانى، شاعیر و زانا و پیاوى ئاینى، یه‌كێكه له‌و منه‌وه‌رانه‌ى هەولێر كە كه‌مترین قسەیان له باره‌وه كراوە و ئاوڕیان لێ نه‌دراوه‌ته‌وه.
ئه‌م زاته، كه هه‌ندێك به مه‌لا حوسێنى موفه‌سیر یان مه‌لا حوسێنى هه‌ولێرى ناوى ده‌به‌ن، نزیكه‌ى 90 ساڵ ژیاوه، هه‌میشه قه‌ڵه‌مه‌كه‌ى بۆ خزمه‌تى گه‌له‌كه‌ى و ئاینه‌كه‌ى ته‌رخان كردووه، یه‌كێك بووه له‌و شاعیر و زانا بوێرانه‌ى له هه‌موو سه‌رده‌م و ڕووداوه‌كاندا قسه‌ى خۆى هه‌بووه به شیعر و وتار.
مه‌لا فانى یه‌كه‌م زاناى كورده كه ئاین و واتاكانى قورئانى به كوردى ته‌فسیر كردووه و بۆ ئه‌مه‌ش شانازییه‌كى گه‌وره‌ى به‌رده‌كه‌وێ، چونكه پێش ئه‌و كه‌س نه‌بووه به‌م شێوه جوان و ئاسانه ته‌فسیر و ماناى ئایەته‌كان بكاته كوردی. هەروەها له‌و مه‌لا ده‌گمه‌نانه‌ى كورده كه له‌سه‌ر ده‌ستى مه‌لا فه‌ندیى هه‌ولێری ئیجازه‌ى عیلمى وه‌رگرتووه و بووەته مه‌لاى دوانزه عیلم.
فانى، زۆر ئاگەدارى دونیا بووه و هه‌میشه خه‌ڵكى له‌باره‌ى ڕووداو و پێشهاته‌كان ئاگەدار كردووەته‌وه و بۆ نەگبەتیش، ژیان و ته‌مه‌نى كه‌وتووەته نێوان هه‌ردوو جه‌نگى یەكەم و دووەمی جیهانى، لەناو هه‌موو كاره‌ساته‌كاندا ژیاوه، بۆیه له ساڵى 1942دا مه‌لا حوسێنى فانى، له سه‌ره‌تاى گه‌رمبوونى جه‌نگى دووەم شیعرێكى كاریگه‌ر ده‌نووسێ و ئاراسته‌ى به‌رپرسانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى میلله‌تى كوردی دەكا و ده‌ڵێ:
وه‌رن ڕێك كه‌وین ئه‌ى كوردى هه‌ژار
بێ ترس به‌ردێك بۆ قه‌ل چه‌ند هه‌زار
له پاش سه‌لاح و مزه‌فه‌ره‌دین
تا كه‌ى زه‌بوون بین ژێر ده‌ستى ئه‌غیار
ئه‌گه‌ر دیقه‌ت له‌و دوو به‌یته شیعره بده‌ن ده‌رده‌كه‌وێ (فانى) دركى به‌وه كردووه كه كورد هه‌ژاره و بێ پشت و په‌نایه، بۆیه داواى ڕێككه‌وتن و یه‌ك هه‌ڵوێستیان لێ ده‌كات، نموونه‌ش به‌سه‌ڵاحه‌دینى ئه‌یوبى و سوڵتان مزه‌فه‌ره‌دین دێنێته‌وە.
له كۆپله‌یه‌كى دیكه‌دا فانى ده‌ڵێت:
ئه‌ى لاوى كورد ئیمڕۆ تاریكه
به‌ڵام ڕووناكه بۆ مه‌ردى ناودار
ڕۆژى لێدانه به‌رزى پێشكه‌وتن
یا شه‌هید بوونه بۆ نعم القرار
له زوڵمى نامه‌رد با بچینه ده‌ر
خوێنمان با بڕژێ له ڕێى ئیفتیخار
فانى، له‌م كۆپله‌یه‌شدا، جارێكى دیكه هانى گه‌نجان و لاوانى كورد ده‌دات كه نه‌ترسن و به‌ڵێ ئێستە (تاریك)ە، به‌ڵام به تێكۆشان و قوربانیدان (ڕووناكى) چاوه‌ڕوانمانه، بۆیه ڕاشكاوانه ده‌بێژێ با خوێنمان بڕژێ له ڕێى ئیفتیخار. فانى، دیاره له ئاگرى جه‌نگه‌كه زۆر دڵنیایه، كه دنیا خراپ ده‌بێت و كوردیش تێوه ده‌گلێ، بۆیه له كۆتاییی شیعره‌كه‌یدا، ڕوو ده‌كاته سه‌ركرده‌كانى ئه‌و كاتى كورد و ده‌بێژێ:
ڕه‌ئیسانى كورد وه‌ڵام بنێرن
بۆ لاى یه‌كترى له یه‌ك ئاگادار
خۆتان ده‌زانن هه‌موو نه‌هه‌نگین
له ده‌ریاى شه‌ڕى ڕۆژى توند و تار
فائیدى ئێمه له ئیتیفاقه
گه‌ر موته‌فیق بین ده‌بینه سه‌ردار