“چینایەتی و سرووتی ئایینیان هەبووە و ماستیشیان هێوێن كردووە”
“ژمارەی دانیشتوانی 2000 كه‌س بووه و خواردنیان بۆ ئەربێلا دابین كردووە”
له ده‌شتاییه خۆره‌تاوه‌كانی كوردستان و له دووریی نزیكه‌ی 20 كیلۆمەتری باشووری شاری هه‌ولێر، گوندێكی دێرین دۆزرایەوە به‌ناوی (سورێژه)، كه له یه‌كه‌م نیگادا وه‌ك هه‌ر شوێنێكی تری ئه‌و ده‌شتاییه ده‌رده‌كه‌وێ، به‌ڵام به‌گوێره‌ی كنه‌كردنه‌كانی تیمێكی شوێنه‌وارناسیی ئه‌مه‌ریكی؛ ئه‌و گونده مێژووه‌كه‌ی بۆ (6500) ساڵ له‌مه‌وپێش ده‌گه‌ڕێته‌وه و هه‌ڵگری نهێنیی ژیانێكی زێده دێرین و له‌بیركراوه، وێنایه‌كی ده‌گمه‌نمان سه‌باره‌ت به یه‌كێك له كۆنترین شارستانێتییه‌كانی مرۆڤایه‌تی ده‌داتێ.
پرۆفیسۆر جیل جێرمی سته‌ین مامۆستای شوێنه‌وارناسی له زانكۆی شیكاغۆ و تیمه‌كه‌ی ساڵی 2013 ده‌ستیان به كنه‌كردن له‌و شوێنه كرد، كه شوێنێكە پێچەوانەی زۆر شوێنی تری كنه‌كاریە، چونكە رێك له‌ژێر رووی زه‌وی دایه، لە كاتێكدا زۆربەی نشینگه دێرینه‌كان له چینه قووڵه‌كانی زه‌وی داپۆشراون.
سته‌ین كه هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری شیكاغۆیه بۆ پاراستنی كه‌له‌پووری كولتووری لە لێدوانێكیدا بۆ (گڵكەند) دەڵێ ئەوان لێره زۆر به‌به‌ختن؛ ئه‌و قۆناغه به‌راییانه‌ی جێبایه‌خی ئەوانن، ته‌نها چه‌ند سه‌نتیمه‌ترێك له‌ژێر زه‌وی دان، به‌وه‌ش ده‌توانن به ورده‌كارییه‌كی زۆره‌وه لێیان بكۆڵنه‌وه.
ئه‌م دۆخه بێوێنه‌یه ده‌رفه‌تی داوه‌ته تیمه‌كه تا له ده‌ورانێكی مێژوو بكۆڵێته‌وه كه به ده‌ورانی (Ubaid period) ناسراوه و قۆناغێكی پێش مێژووی ناوچه‌ی میزۆپۆتامیایه، ئه‌و كاته‌ی گونده كشتوكاڵییه‌كانی وه‌ك «سورێژه» تازه به‌تازه كه‌وتبوونه گه‌شه‌كردن به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئاڵۆزتر.
ئه‌وه‌ی (سورێژه)ی كردووه به شتێكی تایبه‌ت ئه‌وه‌یه گونده‌كه ده‌وروبه‌ری ساڵی 3400 پ. ز چۆڵ كراوه و زۆر له مێژووه‌كه‌ی به‌بێ ده‌ستلێدان به‌جێ هێڵراوه.
سته‌ین دەڵێ ئه‌وه ده‌رفه‌تێكی ده‌گمه‌نه بتوانیت ئاوڕ له ژیانی رابردوو بده‌یته‌وه به‌بێ ئه‌ركی دژواری كنه‌كردن له چینه قووڵه‌كاندا، كه له پارچه‌كانی تری میزۆپۆتامیادا باوه. ئه‌مه یارمه‌تیی تیمه‌كه‌ی داوه زانیاریی به‌نرخ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی خه‌ڵكی «سورێژه» چۆن ژیاون و كار و كارلێكیان له‌گه‌ڵ دنیای ده‌وروبه‌ریاندا كردووه، كۆ بكه‌نه‌وه.
یه‌كێك له دۆزینه‌وه سه‌ره‌كییه‌كان له (سورێژه) ئه‌وه‌یه ئه‌و گونده چۆن چۆنی به ناوه‌نده شارنشینه گه‌وره‌تره‌كانی وه‌ك ئه‌ربێلاوه-كه ئێستا به هه‌ولێر (ئه‌ربیل) ناسراوه- به‌ستراوه‌تەوە، له‌بارێكدا ئه‌ربێلا ته‌نانه‌ت پێش 6500 ساڵیش شارێكی گه‌شه‌سه‌ندوو بووه و “سورێژه”یش ئه‌گه‌رچی گچكه‌تر بووه، به‌ڵام رۆڵێكی گرنگی له پاڵپشتیكردنی ئه‌ربێلادا دیوه.
به بڕوای پرۆفیسۆر سته‌ین، سورێژه به‌شێك بووه له سیستمێكی گوندنشینی و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ربێلادا بووه. پێده‌چێت شاری ئه‌ربێلا ساڵی 4500 پ. ز شارێكی گه‌وره بووبێت، له كاتێكدا (سورێژه) كه دانیشتوانه‌كه‌ی (1000) یان (2000) كه‌س بووه به دابینكردنی خواردن پاڵپشتی ئه‌و شاره گه‌وره‌یه‌ی كردووه.
ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر هه‌میشه خاكێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌پیت و بۆ كشتوكاڵ نایاب بووه، ئه‌وه‌یش وای كردووه ببێته ناوچه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی كشتوكاڵی.
خه‌ڵكی “سورێژه” هه‌ندێ دانه‌وێڵه و رووه‌كی وه‌ك گه‌نم و جۆ و هه‌نجیریان چاندووه، كه ئه‌و به‌رهه‌مانه تا ئه‌مڕۆیش له ناوچه‌كه ده‌چێنرێن.
هه‌روه‌ها مه‌ڕ و بزنیان به‌خێو كردووه و له‌و رێیه‌وه خوری و شیر و گۆشتیان دابین كردووه، سته‌ین ده‌ڵێ “خواردنیان زۆر له‌و خواردنانه چووه كه ئه‌مڕۆ خه‌ڵك ده‌یانخۆن، جۆیان ده‌چاند و خواردنەوەیان لێ دروست ده‌كرد و ره‌نگه ته‌نانه‌ت ماستیشیان هێوێن کردبێت. له ڕاستیدا، ئێمه پاڵێوێكی سیرامیكمان دۆزییه‌وه كه بۆ هه‌وێنكردنی شیر و دروستكردنی ماست به‌كار هاتووه، ئه‌وه‌یش دۆزینه‌وه‌یه‌كی زۆر سه‌رنجڕاكێشه”.
به‌ڵام گوندی (سورێژه) هه‌ر گوندێكی كششتوكاڵی نه‌بووه به‌ته‌نها؛ به‌ڵكو به‌شێك بووه له تۆڕێكی فراوانتری بازرگانی، كه به سنوورگه‌لێكی زۆر دوورتر له ناوچه‌كه‌وه ده‌یبه‌سته‌وه. تیمه‌كه هه‌ندێ گلێنه (فه‌خفووری) و شووشه‌ی گڕكانییان دۆزییه‌وه كه ئاماژه‌یه بۆ بازرگانیكردن له‌گه‌ڵ هه‌ندێ شوێنی دووره‌ده‌ستی وه‌ك رۆژئاوای ئێران و رۆژهه‌ڵاتی توركیا. بۆ نموونه ئه‌و شووشه گڕكانییه‌ی له “سورێژه” دۆزرایه‌وه له شوێنه گڕكانییه‌كانی ده‌وروبه‌ری گۆمی وان له توركیاوه هاتووه. به‌بڕوای سته‌ین “ئه‌مه به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه مادده‌كان له شوێنێكی دووره‌وه بازرگانییان پێوه كراوه”.
یه‌كێك له سه‌رنجڕاكێشترین لایه‌نه‌كانی (سورێژه) ئاشكراكردنی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه.
ئه‌و گونده ئه‌گه‌رچی بچووك بووه؛ به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی یه‌كسان نه‌بووه. تیمه‌كه چه‌ند مۆرێكی به‌ئاڵۆزی هه‌ڵكۆڵراوی دۆزییه‌وه كه بۆ ده‌ستنیشانكردنی خاوه‌ندارێتی و به‌دواداچوونی كاڵاكان به‌كار هاتوون.
هه‌ندێ له‌و مۆرانه نه‌خشی وردی هه‌ندێ ئاژه‌ڵی وه‌ك مامزیان تێدا كراوه كه به‌بڕوای سته‌ین هێما بوون بۆ سامان و پله‌وپایه، سته‌ین روونی ده‌كاته‌وه «ئه‌و ده‌سته‌بژێرانه ده‌ستیان به‌سه‌ر سه‌رچاوه خۆماڵییه‌كاندا گرتووه و به‌شێك بوون له تۆڕێكی گه‌وره‌تری بازرگانی». هه‌روه‌ها ده‌ڵێ “ئێمه ده‌توانین هه‌ست به بوونی چینایه‌تی له نێوان خه‌ڵكانی ده‌سه‌ڵاتدار و ئاسایی‌دا بكه‌ین”. ئه‌و نایه‌كسانییە روو له زیاده نیشانه‌ی سه‌رده‌مه‌كان بوو.
خه‌ڵكه زه‌نگینه‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌یانتوانی پێگه و هه‌ژموونی خۆیان بۆ منداڵه‌كانیان بگوێزنه‌وه و ده‌سته‌بژێرێكی بنه‌ماڵه‌یی یاخود میراتی گه‌ڵاڵه بكه‌ن، به‌وه‌یش -به‌گوته‌ی سته‌ین- «كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و دروستبوونی چینه‌كان هه‌نگاوی ده‌نا»، به‌شێوه‌یه‌ك «ئێمه سه‌ره‌تاكانی ئه‌و دیارده‌یه ده‌بینین كه پاشتر ده‌بێته كۆمه‌ڵگه رێكخراو و شارستانییه‌كانی میزۆپۆتامیا».
ئاینیش رۆڵێكی گرنگی له ژیانی رۆژانه‌ی “سورێژه”دا ده‌بینی. تیمه‌كه شوێنێكیان له گونده‌كه‌دا دۆزییه‌وه كه له‌و باوه‌ڕه‌دان مه‌زار یان په‌رستگه‌یه‌ك بووبێت، له‌گه‌ڵ سه‌ربڕگه‌یه‌ك كه له خشتی قور و گه‌چ دروست كراوه. له نزیكی ئه‌و شوێنه به‌ڵگه‌یان له‌سه‌ر بوونی ئه‌و شتانه‌ی (وه‌ك خێر و قوربانی) پێشكه‌ش ده‌كرێن دۆزییه‌وه، یه‌كێك له‌وانه كاسه‌یه‌كی
به‌ردینی درێژه.
سته‌ین ده‌ڵێ “ئێمه پێمان وایه ئه‌م ژووره بۆ ئه‌نجامدانی سرووته‌كان به‌كار هاتووه، به‌ڵام هیچ تۆمارێكی نووسراوی ئه‌و كاته به‌رده‌ست نییه، هه‌ر بۆیه ته‌نها ده‌توانین مه‌زه‌نده بكه‌ین كه چ جۆره سرووتێكیان ئه‌نجام داوه”.
یه‌كێك له سه‌یرترین دۆزینه‌وه‌كان نه‌ریتی ناشتنی منداڵی كۆرپه بووه له‌ناو ماڵدا. سته‌ین ده‌ڵێ “ماڵێكمان دۆزییه‌وه تێیدا منداڵی ساوا له‌ناو گۆزه‌دا نێژرابوون و له نزیك به‌ر ده‌رگا دانرابوون، كه بیركردنه‌وه له‌وه شتێكی دڵته‌زێنه، به‌ڵام پیشانی ده‌دات چۆن خێزانه‌كان منداڵه مردووه‌كانیان ده‌پاراست، ته‌نانه‌ت پاش مردنیش”. هه‌رچی كه‌سه گه‌وره‌كانیان بوون به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی له گۆرستانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌نێژران و نه‌ریتی جیاوازیان بۆ گه‌نج و پیر هه‌بووه.
دۆزینه‌وه‌كانی سته‌ین هاوكات تیشك ده‌خه‌نه سه‌ر گرنگیی گه‌وره‌ی هه‌ولێر له‌و ده‌ورانه‌دا. ده‌ڵێ “گرنگیی هه‌ولێر بۆ هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه، له ئیمپراتۆرییه‌تی ئه‌كه‌دی و ئاشوورییه‌وه بۆ ئیمپراتۆریه‌تی فارسی، هه‌ولێر هه‌میشه ناوه‌ندی هێز و ده‌سه‌ڵات و بازرگانی بووه”. له كاتێكدا تیمه‌كه‌ی سته‌ین له كاركردن به‌رده‌وامن، هیواخوازن ته‌نانه‌ت زیاتریش له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه بزانن كه چۆن چۆنی گوندێكی بچووك بووه‌ته وێنه‌یه‌كی به‌رفراوانتر بۆ سه‌ره‌تا شارستانێتی میزۆپۆتامیا.
خه‌ڵكی “سورێژه” له ڕێی كشتوكاڵ و بازرگانی و سرووته ئاینی و پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانییانه‌وه، یارمه‌تیده‌ر بوون له داڕشتنی وێنه‌ی قۆناغه به‌راییه‌كانی شارستانێتی مرۆڤایه‌تی له یه‌كێك له ده‌وڵه‌مه‌ندترین ناوچه‌كانی جیهان له مێژوودا.
پرۆفیسۆر سه‌تین ده‌ڵێ “خه‌ڵكی (سورێژه) ره‌نگه له گوندێكی گچكه‌دا ژیابن، به‌ڵام به‌شێك بوون له جیهانێكی گه‌وره‌تر و پێكه‌وه‌به‌ستراو، جیهانێك له ڕاستیدا نیشانه به‌راییه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه شارستانییانه پیشان ده‌دات كه پاشتر له میزۆپۆتامیا باڵاده‌ست ده‌بن”.
پرۆفیسۆر جیل جێرمی سته‌ین