چەند تۆمارێكی فەرمیی شارەوانیی هەولێر لە ساڵانی 1954 و 1955دا، بڕیار و كاری سەرنجڕاكێشی ئەو سەردەمەی ئیدارەی شارەكە ڕوون دەكەنەوە، لێرەدا چەند دانەیەك دەخەینە ڕوو:
شارەوانیی هەولێر ڕۆژی 1954/7/15 بە بڕیاری ژماره 368 ئۆتۆمۆبێلێكى شكاو ڕەوانەی كەركووك دەكات بۆ ئەوەی لەلایەن كۆمپانیای ئوستنی ئەو كات به 18 دینار و 880 فلس چاك بكرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی فیتەرەكانی هەولێر نەیانتوانیبوو چاكی بكەنەوە.
هەروەها ڕۆژی 1954/7/29 بڕیارێكی تر بە ژمارە 394 دەردەكات، تیایدا ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانیی هه‌ولێر بڕیارى داوه دینارێك و 500 فلس بۆ كرێی چاككردنه‌وه‌ى عه‌ره‌بانه‌ى زبڵى گه‌ڕه‌كى مسته‌وفى و خانه‌قا و عاره‌بان خەرج بكات.
پارەكە دەدرێت بە دارتاش قۆجه فەتحوڵڵا نەجاڕ، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتى هاوبه‌شى مەئموورى به‌شى شاره‌وانى و چاودێریی بازاڕ.
بڕیارى ژماره 402 لە 1954/7/29 به‌زمانى كوردى نووسراوەتەوە، واتە بەر لە 71 ساڵ شارەوانی بەفەرمی زمانى كوردیى به‌كار هێناوە وەك زمانێكى فه‌رمى، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له ده‌ستوور ئاماژه‌ى پێ نه‌كرابوو. بڕیاره‌كه بۆ كرێی ڕووناككردنه‌وه‌ى شه‌قامه‌كان و فه‌رمانگه‌ى شاره‌وانى و قه‌سابخانه و مزه‌خه‌ى ئاوبار بووە له حوزه‌یرانى 1954، كۆى پاره‌كه بووەتە 130 دینار و 985 فلس.
لەلایەكی دیكەوە بڕیارى ژماره 405 لە 1954/7/29 ئاماژه به‌زیادكردنى مووچه‌ى فه‌قیرانه‌ى چه‌ند ئافره‌تێكى ده‌ستكورت ده‌كات له 100 فلسی مانگانه‌وە بۆ 250 فلس. ئه‌ویش دواى نووسینى داواكارییه‌ك له‌لایه‌ن ئافره‌ته‌كه و پشتگیریی دوو ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانیى هه‌ولێر كە بریتی بوون لە عەلى حەسەن و مەجید حاجی یونس.
بڕیارى ژماره 497 لە 1954/9/25 ئاماژه به ژماره و خاوه‌ن موڵكه‌كانى گه‌ڕه‌كى ته‌عجیل یه‌هوود ده‌كات، كه خاوه‌نه‌كانیان جووله‌كه بوون و له هه‌ولێر نه‌ماون، ڕه‌گه‌زنامه‌ى عێراقییان لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه.
موڵكه‌كانیش (تەجمید) كراون و دواى كردنه‌وه‌ى شه‌قامى مووسڵ به‌شێكى كه‌وتوونه‌ته به‌ر شه‌قام و به‌شه‌كه‌ى دیكه به‌ڕووخاوى ماون و شێوه‌ى شه‌قامه‌كه‌ى ناشیرین كردووه، بۆیه هۆشدارى دراوه‌ته‌وه بە‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیى چاودێرى و كارگێڕیی موڵكى جووله‌كه‌كان كه له ماوه‌ى چوار مانگدا موڵكه‌كان دروست بكەنەوە، به‌پێچه‌وانه‌وه سه‌رۆكایه‌تیى شاره‌وانى به‌پێی یاساى خۆماڵه‌كردن (الاستملاك) ژماره 39ی ساڵی 1936 موڵكه‌كان ئیستیملاك ده‌كات.
موڵكەكان بریتی بوون لەوانە:
2/44 ته‌عجیل – ئیبراهیم حسقێل شه‌معون
75 ته‌عجیل– نیسان حسقێل ئیسحاق و هاوبه‌شه‌كانى
76 ته‌عجیل – ئه‌سلان ئاهو و هاوبه‌شه‌كانى
43 ته‌عجیل – حابه شبۆ یوتو
72 ته‌عجیل – نیسان عبدالنبى و هاوبه‌شه‌كانى
2/73 ته‌عجیل – ساسون حاخام شبل
71 ته‌عجیل – یوشو نورى
77 ته‌عجیل – فرانا هارون و هاوبه‌شه‌كانى
74 ته‌عجیل – ئه‌سلان یونان و هاوبه‌شه‌كانى
68 ته‌عجیل – شدره برایمۆك و هابه‌شه‌كانى
هەروەها بڕیارێكى تر بە ژمارەی591 لە 1954/10/25 كە به‌زمانى كوردى نووسراوه، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه‌مكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو كراوه‌ته‌وه بۆ ئاماده‌كردنى قوماش و دوورینى 10 قات جلى زستانە بۆ مەئمووری بەش و 8 چاودێریی شاره‌وانى كه هه‌ر قاتێك سیداره و پشتێنێكى له‌گه‌ڵ دایه. كەمكردنەوە ڕەوانە‌ى به‌رگدروو غولام جه‌بار خه‌یات كراوه. هه‌ر 10 قات جله‌كه به 70 دینار دراوه‌ته به‌رگدرووى ناوبراو، به‌مه‌رجێك پێشینه نیوه‌ى پاره‌كه‌ى پێ بدرێت و نیوه‌كه‌ى دیكه دواى ته‌واوبوونی دوورین و وه‌رگرتنه‌وه‌ى قاته جله‌كان.
بەپێی بڕیارى ژماره 685 لە 1954/11/30یش، 650 فلس بۆ ڕه‌ئووف سابیر خەرج دەكرێت، چونكه شاره‌وانى ویستوویه‌تى 13 كورتان بۆ گوێدرێژه‌كانى ئاماده بكات هه‌ر كورتانى به 300 فلس، به‌ڵام كه‌س نه‌بووه به‌و پاره‌یه كاره‌كه ئه‌نجام بدات، بۆیه له‌گه‌ڵ (اهلى مهنه) ڕێك كه‌وتوون به‌زیادكردنى 300 فلس بۆ 350 فلس، به‌م جۆره پێویست ده‌كات بڕى 650 فلس زیاده خەرج بكرێت به‌پێی مادده‌ی 4 و فه‌سڵی 5.
لە بڕیارێكی تردا بە ژماره 31 لە 1955/1/13 هاتووە كه بڕى 700 فلس خەرج بكرێت بۆ دارتاش قۆجه فەتحوڵڵا نه‌جاڕ، 450 فلس بۆ گۆڕینى 9 ده‌سكى خاكه‌ناس و چاككردنەوەی 2 قوڕكێش، ئەمەش پاڵپشت به‌ڕاپۆرتى هاوبه‌شى مەئموورانى به‌شى شاره‌وانى و هاوپێچى پسووله‌ى مەئمووره‌كان بڕیاره‌كه‌ش به زمانى كوردى و نووسینی ئه‌و كات نووسراوه.
هەروەها بڕیارى ژماره 226 لە 1955/4/11دا پاڵپشت به ڕاپۆرتى نووسه‌رى ته‌حریر و كارگێڕى شاره‌وانیى هه‌ولێر بڕى 16 دینار دراوه به 8 كه‌س كه ناویان له خواره‌وه هاتووه له بریى لێدانى ده‌هۆڵ و زوڕنا له ڕۆژى چوارشه‌م كه ده‌كاته 1955/4/6 به‌بۆنه‌ى ئاهه‌نگگێڕان له‌و شوێنانه‌ى دیاری كراون به پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ى په‌یمانى عێراقى - ئینگلیزى. دۆڵ لێده‌ر و زوڕناژه‌نه‌كان بریتی بوون لە خدر حوسێن، حه‌مه عه‌وڵا، برایم عومه‌ر، دێوانه ڕه‌حمان، قادر محه‌مه‌د، سدیق قادر، نوورى عه‌وڵا و عه‌لى عه‌بدوڵڵا.