توخوا حەیف نییە، خاوەنی سوورەوەردی و مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و عەبدولکەریم مودەڕیس بین، خاوەنی عەلی حەریری و نالی و سافی و دەیان داهێنەری تر بین، کەچی لە هیچ بوارێکدا، خاوەنی یەک تیۆر نەبین؟
ئەرێ دەکرێ ئەو نەتەوە گەورەیە، تا ماوە، خۆی بە ڕۆژئاوا و بیانییەکاندا شۆڕ بکاتەوە بۆ توێژینەوە و کاری زانستی؟ بۆچی دەبێ بۆ هەموو شتێک، مەرجەع و چەقمان ڕۆژئاوا و بیرمەندانی ئەوێ بێت؟ بۆ کوردستان چەق نەبێت؟
خەتای کێیە؟
خەتایەکە ئیی هەموومانە، لای هێروە، ڕۆشنبیر و سیاسی و بازرگانەکان. ئەوان پشکی شێریان بەر دەکەوێت. بۆ؟
ڕۆشنبیرانمان وەکو تووتی بەس فیکری ڕۆژئاوا دەبارە و بیستبارە دەکەنەوە، ئەویش بە سەقەتی. سیاسییەکانمان ئاوڕێک لە هزر و پەروەردە و ڕچەی کوردەواری نادەنەوە و بایەخی پێ نادەن. بازرگانەکان گاڵتەیان بە فیکری خۆماڵی دێت، ئەینا، دەبا ئێستە بەبرەودان بە فیکری خۆماڵی، دەیان چتمان داهێنابا.
بابەتەکە تەسک دەکەمەوە بۆ ڕەخنەی ئەدەبی. ئەمە هەتا ئێستە تیۆرێکی ڕەخنەییمان نییە دەقەیلی خۆماڵیی پێ بخوێنینەوە. هەتا کەی ڕۆمان و شیعر و چیڕۆکمان لە قالب بدەین تا بە تیۆری ڕەخنەییی ڕۆژئاوا بیانخوێنینەوە؟
هەموو جار پێم دەڵێن، ئەتو بەس ڕەخنە دەگری، ئەدی بەخۆت چت پێیە. شتم زۆر پێیە، بەس چی بکەم کەس ناخوێنێتەوە، هەمووی خەنی و مورتاحە بە تەماشاکردنی ڤیدیۆی پازدە چرکەیی. هەمووی خەریکی پرتە پرت و نووزانەوەیە. لە هەر بوارێکدا قسەم کردبێ، لەو بوارەدا شتم پێشکێش کردییە.
دەمێکە تیۆرێکی ڕەخنەییەم نووسیوە، جێبەجێیشم کردووە لەسەر ڕۆمانێکی خۆماڵی. لە گۆڤارێکی ئەکادیمیش بەزمانی ئینگلیزی بڵاوم کردیتەوە. دەمەوێ لە مەراسیمێکی شایستەدا، بە ئامادەبوونی ڕۆشنبیران و توێژەران و بیرمەندان لە کوردستان جاڕی بدەم.
لە دەرکەی کێ بدەم؟ بە کێ بڵێم؟ کێ هەیە قەدری ڕەخنەی ئەدەبی و تیۆری ڕەخنەی ئەدەبی بگرێت؟ ئەرێ ئەم وڵاتە زانکۆیەکی تێدایە، بڕەک بە زانکۆیان بچی و پشتگیریی داهێنەران بکەن؟ زانکۆ هەتا دژایەتیی داهێنەران بکات، قەت چاوی بە تیۆرە ڕەخنەیییەکەی من هاڵنایەت. پێت عەنتیکە نەبی، هەر داهێنەرێک لە هەر زانکۆیەکی کوردستان بێت، هەتا بکرێت و بلوێت دژایەتی دەکرێت. ئێستە دەبا ئەو تیۆرەی من هەڵقۆزرابا، نەکەتبا عاردی.