پرۆژەی رووناکی دەگەیەنێتە سەرجەم ماڵەكانی كوردستان
كارەكانی پڕۆژەی دەستپێشخەرییە گەورەكەی دامەزراندنەوەی خزمەتگوزاریی کارەبا بەخێرایی بەڕێوە دەچێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر تەواوكردنی پڕۆژەی ڕووناكی تا کۆتاییی ساڵی داهاتوو، بۆ ئەوەی کارەبای بێ پچڕان بگاتە سەرجەم ماڵەكانی هەرێمی كوردستان.
هێواش هێواش گەڕەکە قەرەباڵغەکانی هەولێر و شارەكانی تری كوردستان بەرەو گۆڕانکارییەکی گەورەی ژینگەیی هەنگاو دەنێن، ژاوە ژاوی موەلیدە دووكەڵاوییەكانیان لە كۆڵ دەبێتەوە، كارەبایەكی بێ پچڕانی (پڕۆژەی ڕووناکی)یان بەنرخێكی گونجاو پێ دەگات.
تیمی پڕۆژەی ڕووناکی بە (گڵکەند) ڕادەگەیەنێ كە تەنها لە هەولێر ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی پڕۆژەی ڕووناکییان پێ گەیشتووە گەیشتووەتە 530 هەزار كەس، هەروەها لە شاری سلێمانی 40 هەزار كەس و لە دهۆکیش 30 هەزار كەس كارەبای بێ پچڕانیان هەیە. بەپێی تیمی پڕۆژەی ڕووناکی، ئێستە زیاتر لە 40 گەڕەکی هەولێر کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە، تا سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵ، سەرجەم ئەو گەڕەکانەی دەکەونە نێو بازنەی شەقامی 120 مەتریی شاری هەولێر، پڕۆژەی ڕووناکییان پێ دەگات. هەروەها تا کۆتاییی ئەمساڵ ئەو گەڕەکانەی لە سەنتەری شارەکانن بەتەواوی دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.
تا ئێستە 729 موەلیدەی گەڕەک کوژاونەتەوە. بەمەش پیسبوونی ژینگە و ژاوە ژاو کەم بووەتەوە، لە ئەنجامدا دەردانی گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن بارتەقای دەردانی گازی 125 هەزار ئۆتۆمۆبێل كەم بووەتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژەی ڕووناکی و نرخی نوێی کارەبای پەسند کرد. نرخەکان بۆ ماڵان بەشێوەیەک دانراون کەوا بەپێی ئاستی بەكارهێنان بەرز دەبێتەوە، واتا چەند کەمتر کارەبا بەکار بهێنن، کەمتری پارە تێ دەچێ، بەم شێوەیە بەكارهێنەر خۆی بەرپرسیارە لەوەی چەند وزەی كارەبا بەكار دێنێ و بڕی چەند پارەی بۆ دەگەڕێتەوە.
خشتەی ژمارە یەک
خشتەی ژمارە دوو
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوە کردبوو كە لە دیاریکردنی نرخەکە، ڕەچاوی دۆخی داراییی خەڵک کراوە، نزیکەی 80%ی خەڵک پارەیەکی کەمتر لە جاران دەدەن بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە کارەبای 24 کاتژمێری.
نرخەکانی کارەبای ماڵان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بەشێوەی پلەدار لێکدانەوەی بۆ دەکرێ و بە شێوەی خشتەی ژمارە یەک.
لای خۆیەوە وەزارەتی کارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندووە كە 64%ی هاووڵاتیان دەکەونە ئاستی یەکەم و دووەمەوە. لە هەمان کاتدا نرخی کارەبا بۆ جۆرەکانی دیکەی هاوبەشانی کارەبا کە بەشێوەی جێگیر لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، بە شێوەی خشتەی ژمارە دوو.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی ڕاهاتنی هاووڵاتیان لەگەڵ شێوازی نوێی کارەبا، پاڵپشتی بۆ هاووڵاتیان دابین دەکات بەڕێژەی داشکاندنی 50% لە مانگی یەکەم و 25% لە مانگی دووەم و 15% لە مانگی سێیەم، هەروەها پاڵپشتیی زیاتریش لە داهاتوودا کاری لەسەر دەکرێت.
سەبارەت بەچۆنیەتیی زانینی بڕی بەکارهێنانی کارەبا، تیمی پڕۆژەی ڕووناکی بە (گڵکەند)ی ڕاگەیاند، مانگانە لە ڕێگەی کارمەندانی پڕۆژەی ڕووناکی لە گەڕەکەکان پسوولەی کارەبا بەهاووڵاتیان دەدرێت.
هەروەها نامیلکەیەک بڵاو دەکرێتەوە، لە ڕێگەی سکانکردنی QR کۆدێکەوە هاووڵاتیان دەتوانن زانیارییەکانی خۆیان تۆمار بکەن، بەمەش لە ڕێگەی نامەوە بەردەوام هاووڵاتییەکە لە بڕی بەکارهێنانی کارەبا ئاگەدار دەکرێتەوە. ئامانجیش ئەوەیە لە داهاتوودا پسوولەی کاغەزی نەمێنێ و بەتەواوی پرۆسەکە بەدیجیتاڵی بکرێت.
تیمی پڕۆژەی ڕووناکی ئاماژەی بەوە کرد كە تا ئێستە هیچ هاووڵاتییەک کارەباکەی نەکوژێنراوەتەوە بە هۆکاری ئەوەی پارەی پسوولەی مانگانەی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکیی نەدابێت، چونکە تا ئێستە لەبارەی ڕێکارەکان هیچ ڕێنمایییەک نییە و دەڵێ “ئەمە ڕاست نییە کە باس لەوە دەکرێت پارەی کارەبا نەدەیت، ڕاستەوخۆ کارەباکەت دەبڕێت. ئەگەر لە داهاتوودا ڕێنماییش هەبێت، بێگومان هاووڵاتییەکە چەند جارێک ئاگەدار دەکرێتەوە”.
هیوا کەریم (تەمەن 28 ساڵ)، خاوەن دوکانێكە لە بازاڕی کورانی هەولێر، بۆ (گڵکەند) گوتی پێشتر بەکارەبای موەلیدە و نیشتمانی مانگانە بڕی 45,000 دیناری داوەتە کارەبا، بەڵام بەپڕۆژەی ڕووناکی مانگانە لە نێوان 25,000 تا 30,000 دینار دەدات. هەروەها گوتی “ئێستە کێشەی هەڵدانەوەی جۆزەمان نەمایە، فێنککەرەوە و گڵۆپەکانیش هەموو پێ دەکەم”.
پڕۆژەی ڕووناکی، لەلایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ هاووڵاتیان. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 17ی ئۆکتۆبەری 2024 پڕۆژەی ڕووناکیی ڕاگەیاند، ئەمەش دوای دوو مانگ تێستکردنی پڕۆژەکە لە گەڕەکی شادیی شاری هەولێر.