کە دڵ بەرەو هەولێر باڵی گرت
کە دڵ بەرەو هەولێر باڵی گرت


لەوێ هیچ ڕەگوڕیشەیەکم نییە، بەڵام کە لە بەهاری ٢٠١٨دا یەکەم جار سەردانی هەولێرم کرد، بەدوای شوێنێکی گەشتیاریدا نەدەگەڕام، زیاتر وێڵی هەستێک، دۆخێک، نۆستالژیایەک بووم.
دڵم پێش پاسپۆرت و جانتاکانم کەوتبوو، لە وڵاتی ئیماراتەوە، لە قۆمەتە لم و، زارە جیاوازەکانی دوورگەی عەرەبییەوە هاتبووم، ناخم برسیی خۆشەویستییەکی قووڵی خەڵک و کولتوورەکان بوو، ئەوەندە سەراسیمە بووم، بڕیم بە شارە ئاسایییەکان نەدەشکا.
هاوکات لەگەڵ جەژنەکانی نەورۆزدا هاتم، شار جمەی ئاهەنگی دەهات. بڵێسە لەسەر کێوان بەرز بوون، خەڵک بەجلوبەرگی ئاڵوواڵاوە هەڵدەپەڕین، دەتگوت تابلۆن یان لاپەڕەی داستانێکی تەواونەکراو.
بەرامەی مێژوو لە چاوەکان و لە پێکەنینی منداڵاندا بەدی دەکرا، لەو دەمەی زەردەخەنەکانیان بەسەر غەریباندا دەبەشییەوە. من لەوێ نامۆ نەبووم، لە یەکەم ساتەوە هەستم کرد یەکێکم لەوان و لەگەڵ ئەوان دەمگوت: «نەورۆز پیرۆز بێ».
لەو شەوەدا، چیاکانی دەوروبەری هەولێر دەتگوت پاسەوانی شارن نەک هەڵەت و کێو. لەو ئاگرانەم دەڕوانی کە لە ترۆپکان دەئایسان و تێگەییم ئەمە سرووتێکی کۆن و ئەفسانەیەکی زیندووە، کە لە جوگرافیا و ویژدانەکاندا ڕەگاژۆیە.
خەڵک بۆ ژیان دەسترین. تینی شادی، سەرەڕای مێژوویەکی تاڵ و، هەڵپەڕکێ سەرەڕای ئازار، وای کرد دیدگام بۆ چەمکی شکۆی مرۆڤایەتی بگۆڕم و هەست بکەم کاوە لە دڵی هەموو کوردێکدا دەژی.
لە بەروبازاڕی قەراتێ، لە قاوەخانەی «مەچکۆ» دانیشتم، لەوێ دیوارەکان دیرۆک دەگێڕنەوە و هەوا پڕە لە بۆنی مێژوو و چایەی کوردی.
لەوێ، لە ئارامیی ساتەکەدا، بۆ یەکەم جار دەنگی حەسەن زیرەکم بیست کە سروودی نەورۆزی دەچڕی. لە وشەکان تێنەدەگەیشتم، بەڵام هەستم پێ دەکردن. دەنگی ناسۆرێکی تێدا بوو بەخەمەکانی کەنداو دەچوو، سۆزێکی دەژەنی کە ڕاڤە ناکرێت.
سەرلەئێوارەیەکی ئارام، هاوڕێیەکی کورد بۆ ئاهەنگێکی میوزیک لە گۆشەیەکی ئارامی شارەکەدا بانگهێشتی کردم، دوور لە ژاوە ژاوی سەنتەرە بازرگانییەکان و ڕووناکیی تابلۆ نوێیەکان.
کە چووم بینیم شوێنێکی ساکار و گەرموگوڕە، دەتگوت کۆنە ماڵێکە بووەتە پەرستگەی دەنگ. لەسەر ڕایەخی سەرزەوی دانیشتین. ژەنیارەکان بە جلوبەرگی کوردەوارییەوە، ئامێرەکانیان لە ئامێز گرتبوو، وەک ئەو شاعیرەی یەکەم قەسیدەی خۆی لە باوەش دەگرێت.
ژەنین دەستی پێ کرد، ئامێرەکان دەستلەملان، لەوێدا میوزیک تەنیا چێژ نەبوو، بەڵکو زمانێکی خۆڕاگری کۆنینە بوو، لە ژێی ئامێرەکان و گەرووی سترانبێژەکاندا خۆی حەشار دابوو، لە باب و کالان بۆ زارۆڵە و نەوەکان ڕاگۆزرابوو.
لەو شەوەدا، تەنیا گۆرانی مایەی سەرسامیم نەبوو، لەوە داما بووم ئەم گەلە چۆن لەو جیهانە ئاڵۆزەدا میوزیکەکەی پاراستووە. کوڕێکی بیست ساڵەم بینی لە تەنیشت پیاوێکی حەفتا ساڵەوە بەهەمان سۆز دەفیان دەژەنی و هەریەکەیان بە ئاهەنگ و ڕەزمی ئەوی دی ئاشنا بوو. ڕەسەنایەتی دۆخێکی چەقبەستوو نەبوو، بەڵکو ژیانێک بوو پڕ لە جووڵە و لڤین. تەنانەت گۆرانییە تازەکانیش، یەکەم لەرەیان دەنگدانەوەی گۆرانییەکی ڕەسەن بوو. لەو جیهانی دەنگ و سەدایەدا، تازە و کۆن، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا وتووێژیان بوو؛ گیتارێک لێرە، کەمانێک لەوێ دەیانچریکاند، بەڵام بەڕۆحێکی تەواو کوردانەوە، ڕەسەنایەتی و مۆدێرن هەردووک لە باوەشێکدا کۆ بووبوونەوە. لەو ساتەدا، هەستم کرد کە میوزیکی کوردی تەنیا ئاوازێکی ژەنراو نییە، بەڵکو بیرەوەرییەکە قوڵپ دەدات و سەرهەڵدەداتەوە. هەستم کرد کە منیش بێ ویستی خۆم بووم بە بەشێک لەو تانوپۆیەی گیانی خەڵک و دەنگەکانیان پێکەوە ڕایەڵ دەکات.
دواتر، بەشیعرەکانی (فایەق بێکەس) ئاشنا بووم، لە وشەکانیدا کلیلی تێگەیشتنی ئەو خاکەم دۆزییەوە: خۆشەویستی، ناهومێدی، ئینتیما و ئازادی، هەموویان لە دێرە شیعرێکدا.
لە هەمان بازاڕدا، دەفتەرێکی بچووکم کڕی. بەرگەکەی دەستکار بوو، لاپەڕەکانیشی وەک کاغەزی کۆن زبر. بڕیارم دا ئەوەی ناتوانم بیڵێم لەوێدا تۆماری بکەم.
ئەو دیمەنانە، کەنینی پیرەمێردەکەی چای تێ دەکرد، ترپەی هەنگاوەکانی سەر بەردان، بۆن و بەرامەی بەهارات کە لە دوکانێکەوە بۆ دوکانێکی دی بەدواتەوە بوو. ئەمانە تەنیا تێبینیی گەشتیاری نەبوون، بەڵکو هەوڵێک بوون بۆ ڕاگرتنی ساتێک، پێش ئەوەی تێپەڕێ.
لەو ساتەوە، گەشتەکەم لەگەڵ زمانی کوردی دەستی پێ کرد. لە پۆلدا فێری نەبووم، بەڵکو وشەکانم لەسەر زاری شۆفێرانی تاکسی، فرۆشیارانی بازاڕ و لە منداڵانی کۆڵانەکان دەقۆستەوە. «سوپاس» لە سوپاسگوزارییەک زیاتر بوو، «بەخێر بێی» لە پێشوازییەک پتر، پێی دەگوتی: «فەرموو، ئەمە ماڵی خۆتە».
پاشان نێرگز پەیدا بوو. ئەو گوڵەی لە یادگەمان بە ئەفسانەی نارسیس و بیرۆکەی خۆویستییەوە بەندە، لە هەولێر مانایەکی دی هەبوو. لە شەقامەکاندا دەفرۆشرا، دەبەخشرا، لە بەردەرگەکاندا دەچێنرا. هێمای بەهار، ڕووناکی، نوێبوونەوە بوو. چنوور نامیقی شاعیر گوتی: «هەرچەندە شکۆی نێرگز بە ئەفسانەیەک ڕووشاوە، بەڵام هێشتا لە دڵی گەلی کوردستاندا لەسەر تەختی گوڵان دانیشتووە“. منیش ئەوەم لە چاوەکاندا، لە شیعرەکاندا، لە دەستی کچۆڵەیەکدا بینی، کە بەبێ ئەوەی وشەیەک بڵێت چڵە نێرگزێکی دامێ.
ئەو کچۆڵەیە کراسێکی شینی ئاسمانیی لەبەردا بوو، بازنێکی پلاستیکی هەرزانی لە دەست بوو، بەڵام زەردەخەنەکەی لە هەموو شتێک بەهادارتر. کاتێک نێرگزەکەی دامێ، هەستم کرد شتێک لە ناخمدا تیمار دەبێتەوە. هیچی نەگوت، بەڵام ڕوانینەکەی بەس بوو بۆ ئەوەی بڵێ «فەرموو، ئەم ڕووناکییە بۆ تۆ». لەو ساتەدا، هەستم کرد کە ئەم شوێنە تەنیا دیمەنێکی پێ نەبەخشیوم، بەڵکو لە چاکەی بێ مەرج وانەیەکی فێر کردم. وەک نێرگز، هەنار و حاجیلەش زمانی تایبەتیان هەبوو؛ زمانی زەوی و بیرەوەری. هەنار، تەنیا میوەیەک نەبوو لە بازاڕەکاندا، بەڵکو وەک لاوکێک بوو بەڕیتمی پیت و بەرەکەت و ئارامگری. بینیم وەک دڵێکی پێگەیشتوو لەسەر بەرماڵی گوندییەکان دانرابوو، شایەتحاڵی ڕێژەنی ئەو خاکە بوو کە هێشتا بێ مەرج دەبەخشێت.
حاجیلە، گوڵێکی کێویی بێ فیز بوو، کە وشک دەکراوە و وەک نوشتە بۆ ئارامی پێشکێش دەکرا. لە سپێتییەکەیدا بۆنی داپیران و لە چایەکەیدا گەرمیی باوەشی دایک. تەنیا گیایەک نەبوو، سرووتی حەسانەوە بوو، هێمایەک بۆ ئەو پاکی و خۆشەویستییەی لە یادگەی کورددا دەژی. لە لادێ و لە سەوزاییی کێوەکاندا، فۆلکلۆرم وەک ژیان ناسی نەک کولتوور. دەستکاریی چنراوم بینی، سەماکان پیرۆز بوون و چیڕۆکەکان بەدەنگی پاڵەوانەکانیان دەگێڕدرانەوە. هەستم کرد ئەم خاکە دەستبەرداری مێژووی خۆی نەبووە. پێکەوەژیان تەنیا دروشم نەبوو، بەڵکو قووتی ڕۆژانە بوو، پێکەوەیی بوو لەسەر خوانی خۆشی و خەماندا.
ڕەنگە جوانترین شت لە فۆلکلۆردا وردەکارییەکان بێت. لە گۆرانییەکی کاتی دروێنە، لە هەلهەلەی داپیران، لە کوتراوی سەر دەستی ژنە جووتیارێک کە ئاماژە بەئەوینێکی لەبیرکراو دەکات. لەوێ ژیان لەسەر شانی دابونەریتە. تێگەیشتم کە کولتوور لە مۆزەخانەکاندا هەڵناواسرێت، بەڵکو هەموو ڕۆژێک لە گوند، لە بازاڕەکان، لە شین و شاییدا دەژی.
من لە سەکۆیەکی سیاسییەوە نانووسم و بە زمانی گەشتیارێکی سەرسام قسە ناکەم. ئەوەی لە هەولێر دیتم لە ئەزموونێک زیاتر بوو. دیدارێک بوو لە نێوان من و خاکێک کە دووبارە پێناسەی واتاکان دەکاتەوە.
لەو شارەدا ئاوێنەیەکم دەست کەوت کە لێوەی لە ڕۆحی خۆم و ئەم ڕۆژهەڵاتە دەڕوانم. گوڵە نێرگزی دەست کیژۆڵەکە نیشانی دام، کە لەم جیهانەدا شوێنگەلێک هەن ئاوێتەی گیانی مرۆڤانەی ئێمەن، پێش ئەوەی ئێمە پێیان ئاشنا بین ئەوان ئێمە دەناسن.
جوانترین شتی ئەو گەشتەم، ئەم هەستە ڕاستگۆیە بوو: پێویستت بەوە نییە کە لە شوێنێک بیت، تاکو ئینتیمات بۆی هەبێت.
هەولێر، پایەتەختی هەست و پەناگەی نۆستالژیا.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved