یه‌كێ له گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كانە، شێوه‌یه‌كی لاكێشەییی هه‌یه، له باكوری شه‌قامی 60 مه‌ترییه و به‌لای شه‌قامی مەخموورەوە درێژ ده‌بێته‌وه تا كارگه‌ی ڕستن و چنین، تخوبی له‌گه‌ڵ زانیاری و ئازادییه، لای باشووریشی گه‌ڕه‌كی نه‌سیجه له ڕۆژئاواشی شه‌قامی په‌یمانگه‌ی پێگه‌یاندنی مامۆستایانی جارانه، شه‌قامی ئه‌لبانیش به‌ناوه‌ڕاستیدا تێ ده‌په‌ڕێت، له هه‌شتاكان به‌فه‌رمی ناوی له كورانەوه گۆڕا بۆ ڕزگاری.
کۆرانەکانی کوران بەناوی کەسایەتییەکان مەشهور بوون
جه‌وهه‌ر عه‌وڵا سارمه‌می له ساڵی 1945 له‌دایك بووه، پاش ئه‌وه‌ی گوند به‌جێ دێڵن، یه‌كه‌م وێستگه‌ی شارنشینی، گه‌ڕه‌كی كوران دەبێت، ئه‌و كات ته‌مه‌نی هه‌ژده ساڵ بووه.
ئەو پیاوێكی به گفتولفتە، هه‌گبه‌ی ژیانی پڕه له چیڕۆك و بیره‌وه‌ری، بەشێكی بۆ (گڵكه‌ند) ده‌گێڕێته‌وه و باسی سەرەتای دروستبوونی كوران دەكات و دەڵێ ”وه‌كی ئه‌مه هاتین ئێره ده‌شت بوو، به‌س چه‌ند ماره‌كی لێ بوو، ئه‌و عاردانه هی دووسێ مەلاك بوون، یه‌كه‌ك له‌وان ئه‌حمه‌د چەلەبی بوو، وه‌كیله‌كی هه‌بوو بە ناوی حاجی عه‌نته‌ر، بابم له‌گه‌ر سمایل ده‌روێش 300 مه‌تر عه‌ردیان لێ كڕی، وە ده‌زانم دونێیه یه‌ك مه‌تر عه‌ردیان به حه‌فت درهه‌می دا مه“.
جەوهەر و ساڵحی برای خشتیان ده‌بڕی، وه‌ستا ئه‌حمه‌د شێخانیش به ڕۆژانه‌ی نیو دینار ئیشی بۆ ده‌كردن و دەڵێ ”به سێ ڕۆژان خا‌نییه‌كه‌ی مه‌ی داره ڕێ كرد و قوڕمان له‌سه‌ری خانی كرد، خه‌رك ئه‌و كات فه‌قیر بوون“.
له سه‌رده‌می پاشایه‌تی و له ناوه‌ڕاستی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ده‌ست به دروستكردنی خانووه‌كانی گه‌ڕه‌كی كوران كرا، ئه‌و كات سیمای له گوندێک ده‌چوو، زۆربەی خانووەکانی بە قوڕ و خشت دروست کرابوون، بە شەقرە و کاریتە سەریان گیرابوو، ته‌نها چه‌ند خانووێك له كه‌رپووچ دروست كرابوون، هه‌بوو سه‌ریان بە چیمەنتۆ گیرا بوو، دانیشتوانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له یه‌كتری نزیك بوون، خزم و ناسیاو ئاشنای یه‌كتر بوون، له گونده‌كانی ده‌شتی هه‌ولێره‌وه ها‌تبوون، لە مرکیە و کەندێناوە، لە قەراج و مەخمووره‌وه ها‌تبوون، كۆمه‌ڵه ماڵێكیش پاش ئه‌وه‌ی گڵكه‌ند كرا به باخچه، ئەوێندەریان چۆڵ كرد و ڕوویان له كوران كرد.
جه‌وهه‌ر عەوڵا باسی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌و ماڵانه دەكات كە سه‌ره‌تا له كوران خانوویان دروست كردووه و لە بیری ماوە كە ماڵی سه‌ید كاكۆی سه‌ید ڕه‌سووڵی گۆسكه‌ی ڕیزه ماڵێك بوون، ماڵی مام عوسمان شوانی و مه‌جید عه‌یشێی ماڵی سه‌ید گوریش له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه ماڵێك كه له گڵكه‌ند ها‌تبوون، دەڵێ ”پاش ئینقیلابی 1963 حه‌ره‌س قه‌ومی ده‌گه‌ڕان، خه‌ركه‌كی زۆر له ترسان گوندیان به‌جێ هێشت، ڕوویان له كوران كرد، خاسەتەن گونده‌كانی ده‌شتی قه‌راج و که‌ندێناوه‌ی هاتنه كوران، كۆمه‌رەك عایله‌ی دیار بوون، له‌وانه ماری كێخوا حسێنی، ماری مەلا عەوڵای شێخ شه‌روانی
لە ھەشتاکان ناوی کوران گۆڕدرا بۆ ڕزگاری، بەڵام جەوهەر عەوڵا پێی وایە ناوی ڕاستەقینەی كوران، سەربەستی بووە و دەڵێ ”بیدایه‌ت ناوی كوران نه‌بوو، جاران پێیان ده‌گۆت سه‌ربه‌ستی، هه‌تا له‌سه‌ر نفوسه‌كه‌شم نووسرابوو (هه‌ولێر - سه‌ربه‌ستی)، دوایێ كرایە كوران، ئه‌و ناوه‌ش له‌وه‌ی هاتبوو كۆمه‌رەك كوره‌ی لێ بوو كه‌رپووچیان دروست ده‌كرد“.
كۆمه‌ڵه ماڵێك هه‌بوون له كوران به‌كوێتییه‌كان ده‌ناسران، كە ناوی ئه‌وان هات، حاجیه هه‌دیه مه‌ولوود خێزانی جه‌وهەر عەوڵا هاتە ناو باسه‌كه و زانیاریی زیاتری خسته سه‌ر قسه‌كانی پیاوەكەی و بەپێكه‌نینه‌وه گوتی ”با ئه‌من باسی ماره كوێتییه‌كانت لۆ بگێڕمه‌وه، ئه‌و مارانه كوردی خۆمان بوون، بەس پیاوه‌كانیان له كوێت ئیشیان ده‌كرد، ژنه‌كانیشیان له كوران بوون، هه‌ر ماره‌ك 200 مه‌تر عه‌ردیان كردبووه خانی، وه‌كی ئی مه قوڕ نەبوو، ئه‌وان خانییه‌كانیان كه‌رپووچ بوو، سه‌ریشی سه‌ب بوو، زڕووفیان خۆشتر بوو، ئه‌و كاتی قه‌مه‌ره درێژه‌كانیان هه‌بوو، خه‌رك پێیان عه‌نتیكه بوو“، جه‌وهه‌ر عەوڵا قسه‌كه‌ی بۆ ته‌واو كرد و گوتی ”ئەوە مەخسەدی شۆفرلێت كه‌دیلاكی مۆدیل 56 و 57 ه“.
خاتوو هه‌دیه مه‌ولوود باسی بازاڕی جارانی كورانیشی كرد كە چه‌ند دوكانێكی قووڕ هه‌بوون، له‌وانەش شێمه بندیان و خدر قه‌ساب و عەزیز پیره مه‌ڕ گۆشتیان ده‌فرۆشت، دوكانی جه‌لالی هه‌بوو ته‌ڕه‌ی ده‌فرۆشت، مام خارندیش دوكانه‌كی نەجاڕی هه‌بوو ده‌ركه‌ی دروست ده‌كرد، دەشڵێ ”له هه‌مووی ناخۆشتر ده‌بوایه به پۆتینی بچی لۆ شت كڕینێ، قوڕاو بوو، بێ پۆتین لێی ده‌رنه‌ده‌چووی“.
هاشم پیرباڵ له حه‌فتاكانی ته‌مه‌نی دایه، له‌گه‌ڵ به‌شێك لە ناودارەكانی كوران هاوڕێ و هاوسه‌رده‌م بووه، ده‌ڵێ كوران تژی كه‌سایه‌تیی ناودارە، وه‌ك عەبدولخالق مه‌عرووف، شێرزاد حەسەن، سه‌ید گوور، پیرداود مەخمووری، عەبدولڕه‌حمان بێلاف، دارا محەمەد عەلی، نازم دڵبه‌ند، ئازاد خه‌مه، سه‌عدی عه‌لی، ئه‌نوه‌ر شێخانی و قاسم نووری.
یه‌كێ له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كوران ئه‌وه‌یه به‌شێكی زۆری كۆڵانه‌كان ناوی خۆیان هه‌یه، عەبدولكەریم حەسەن زیاتر له نیو سه‌ده‌یه له كوران ده‌ژی، دەڵێ ”هه‌ر له ئه‌وه‌لیه‌وه كۆرانه‌كانی كوران ئه‌وها مه‌شهور بووینە كە هه‌ریه‌كه و به كه‌سایه‌تییه‌ك یان شته‌كی ناسرایته‌وه، له‌وانه كۆرانی پیسته‌ی، كۆرانی به‌لوعه‌ی، كۆرانی مەعمەل به‌فری، كۆرانی گه‌نمی، كۆرانی شێمه‌ی قه‌ساب و محەمەد قاقزچی، كۆرانی ئاشی و مزگه‌فتی حاجی زایه‌ری“.
ئه‌و ناوانه سەرەتا لەلایەن خەڵكەوە بۆ پێزانینی كۆڵانەكان بەكار دەهاتن، ئێستەش بوون بە مۆرك و تا ئەو ناوانە نەڵێی كەس پێیان نازانێتەوە.