له ئاواره‌یی هه‌واڵی شه‌هیدبوونی مێرده‌كه‌ی پێ ده‌گات، به‌ر له‌وه‌ش به‌هۆی ته‌قینی بۆمبه‌وه دوو كوڕی گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، هه‌شت كوڕی دیكەشی له ته‌مه‌نی یه‌ك ڕۆژه تا سێ ساڵی به‌هۆكاری جیاجیا گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، دایە ڕابی ئێستە بووەتە نموونەی ژنانی سەرمەشقی کورد کە خەباتیان لە پێناو گەلەکەیان کرد.
ڕابی قادر، ناسراو به دایه ڕابی، ته‌مه‌نی نزیكه‌ی نه‌وه‌ت ساڵە، خه‌ڵكی قه‌زای ڕه‌واندزی سنووری ئیداره‌ی سۆرانه، لەگەڵ تاڵە سپییەکانی پرچی هێشتا ژنێکی بەژن بەرزی خۆڕاگرە، جلە کوردییەکانیشی کە دەستووری ڕەواندزییانە، هێشتا لەبەریدا وەکو ناسنامە زیندووە.
ئه‌و بیری نایه ساڵی چه‌ند شووی كردووه، بەڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ته‌مه‌نی له خوار بیست ساڵ بووه، منداڵی نۆبه‌ره‌ی له‌دایكبووی 1956ە، كاتێك شووی كردووه، هاوسه‌ره‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول بووه.
دایه ڕابی چیڕۆكی نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیانی بۆ (گڵكه‌ند) ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێ «ساری شێسته‌كان له گوندی نه‌خۆ له بنه‌كاولی دوو كوڕم وه‌به‌ر بۆمبارانی كه‌وتن هه‌ردووك پارچه پارچه بوون، جه‌رگم سۆتا، هه‌شت كوڕی دیشم به ساوایی له هه‌راتنێ و سه‌رمایێ مردن، زۆرم نه‌خۆشی دیتییه، ڕه‌بی ئه‌وه‌ی ئه‌من دیتییه كه‌س نه‌بینی یاخوه«.
نه‌هامه‌تییه‌كانی دایه ڕابی هه‌ر به‌وه‌نده كۆتاییی نایه‌ت، بەڵكو دوای شۆڕشی ئه‌یلوول، ئاوارەی ئێران دەبن، لەم بارەوە دەگێڕێتەوە “وەكی شۆڕش نه‌ما، خه‌رك هه‌موو ڕووی له ئێرانێ كرد، ئه‌منیش هه‌ستام هه‌نده پرێسكه و مرێسكه‌م پێچاوه و مندارم وه‌پێشه‌خۆ دا و چوومه بنه‌كاولی، شه‌وێ گه‌یشتینێ، چوومه ماره ناسیاره‌كی گوتم زۆرن برسییه مندار چی‌یان نه‌خواردییه، نانیان داینێ و دوو كه‌ریشیان لۆ په‌یا كردین لۆ وه‌ی پێیان بڕۆینە ئه‌ودیوی، لۆ سبه‌ینێ به‌خۆ و به پێنج مندارانه‌وه وه‌ڕێ كه‌وتین، له دۆری ئاكۆیان تەیاره‌ی حكوومه‌تی عێراقی قه‌سفی ئه‌كرد، ئه‌مه‌ش خۆن مات كرد هه‌تا تەیاره ڕۆیشتن، پاشی هه‌ینێ وه‌ڕێ كه‌وتینۆ هه‌تا گەیشتینە پردی حافیزی، له‌وێ به‌جێبی ڕۆیشتین هه‌تا گه‌یشتینه ئێرانێ».
ئەو ژنە ڕەواندزییە باسی دوا دیداری خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كات و ئاماژه به‌وه ده‌دات كە دوای گه‌یشتنیان بۆ ئێران و گیرسانه‌وه‌یان له ئۆردوگای به‌هرامی سه‌ر به‌پارێزگەی خوزستان، هاوسه‌ره‌كه‌ی سه‌ردانیان ده‌كات و هه‌شت ڕۆژ له‌لایان ده‌مێنێته‌وه، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كوردستان ساڵی 1975 له شه‌ڕێكدا خۆی و دوو پێشمه‌رگه‌ی دیكە له گوندی به‌رسرینی سنووری قه‌زای ڕ‌ەواندز شه‌هید ده‌بن.
خه‌م و ناسۆری یه‌خه‌ی دایه ڕابی به‌رنادات، له ئاواره‌یی و بێ كه‌سیدا هه‌واڵی شه‌هیدبوونی هاوسه‌ره‌كه‌ی پێ ده‌گات، چه‌ند چركه‌یه‌ك له قسه‌كردن دەوه‌ستێ و چاوه‌كانی وه‌كو گۆمی مه‌نگیان لێ دێت، دەست بە قسان دەكاتەوە ”له ئۆردوگای ماری مامم و خه‌سوو و خه‌زووریشم ده‌گه‌دا بوون، ڕۆژه‌كی دوو زه‌لام هاتن پرسیاری مامیان لێ كردم، گۆتم لێره نییه، هێوارێ هاتنه‌وه، ژانه‌سه‌رم بوو، درم گه‌له توند بوو، نزانم لۆ وا بووم، له‌گه‌ر مامم قسه‌یان ده‌كرد، ئه‌منیش له په‌نجه‌ره‌ی ته‌ماشام ده‌كردن، كه زه‌لامه‌كان ڕۆیشتن مامم و مامۆژنم به‌دزی له به‌ینی خۆیان قسه‌یانه كردن، لێیان چوومه پێشێ گۆتم ئه‌وه چ بووه له منی ئه‌شارنه‌وه، مامم گۆتی وه‌ڵا قورتا وه‌سه‌ر سه‌ری بووه، سێ ڕۆژه مسته‌فایا شه‌هید بووه، خه‌زووریشم پاشی سێ مانگان له خه‌فه‌تان وه‌زگی دا و له‌وێ مرد، خزم و كه‌سیش مه‌یتی مسته‌فایان هێنا بۆوه گوندی شاردبوویانه‌وه“.
دایه ڕابی كه نموونه‌ی شه‌هیدێکی زیندووه، ژیانی له ئاواره‌یی به‌رده‌وام ده‌بێت، وه‌ك خۆی باسی ده‌كات دوای زیاتر له ساڵێك مانه‌وه‌یان له ئێران، ده‌گه‌ڕێنه‌وه كوردستان، به‌ڵام حكوومه‌تی ئه‌وسای عێراق ڕێگه‌یان نادات بگه‌ڕێنه‌وه گوند، به‌ڵكو هه‌ر له سنووری نێوان (عێراق – ئێران)ه‌وه ده‌یانگوازێته‌وه بۆ پارێزگەی ڕومادی خوارووی عێراق، نزیكه‌ی حه‌فت مانگ له‌و پارێزگەیه ده‌مێننه‌وه، دواتر له ڕێگه‌ی چه‌ند ناسیاوێكیان كه دانیشتووی شاری به‌غدا ده‌بن، هه‌وڵیان بۆ ده‌ده‌ن بیانگه‌ڕێننه‌وه زێدی خۆیان، هه‌وڵه‌كانیان سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و دایه ڕابی و منداڵ و ئه‌و خزمانه‌ی كه له‌گه‌ڵی بوون، ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ گونده‌كه‌ی خۆیان له ڕ‌ەواندز.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ گوندی بنه‌كاول، دایه ڕابی بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانی به سه‌ربه‌رزی په‌روه‌رده بكات و قۆناغه‌كانی خوێندن به‌سه‌ركه‌وتوویی ته‌واو بكه‌ن، ده‌ست ده‌كات به‌كاركردن، له یه‌ك كاتدا ده‌بێته دایك و باوك بۆ منداڵه‌كانی، ئه‌و ده‌ڵێ ”نانمه كرد لۆ عاله‌مێ، ته‌ونم ئه‌كرد، گۆریه و به‌ڕ و كراومه دروسته كردن، مه‌سروفی منداره‌كانم په‌یا ئه‌كرد، هه‌ر كوی هه‌بوو ڕانه‌وه‌ستام هه‌تا مندارم گه‌وره كردن و له خه‌م چوونه ده‌رێ، باش بوو خویندنیان خڵاس كرد، ئه‌وه چه‌ند ساره‌كه لۆ خۆ حه‌سایمه‌وه، به‌س ئه‌وه‌نده‌م نه‌خۆشی دیتییه، پێم نه‌خۆشه مندارم لێ دوور بن، ئه‌ترسم خوانه‌كا جاره‌كی دی جه‌رگم بسۆتێته‌وه“.