لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، سینەما سیروان پتر فیلمی عەرەبی (میسری و لوبنانی) و ئەو فیلمە بیانییانەی پێشان دەدا، کە ناوەڕۆکیان بابەتی شۆڕشگێری و نیشتمانیی چەپڕەوانە بوون، بەمەش شیوعییەکانی هەولێر و چەپڕەوەكانی لێ کۆ دەبوونەوە.
پێشاندانی ئەو فیلمانە لە کاتێکدا بوو کە ڕژێمی بەعس پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت (ڕووسیای ئێستە) هەبوو، بەڵام دیار نەبوو كە ئەم فیلمە شۆڕشگێڕی و چەپڕەوییانە بە بەرنامە و پلان بۆداڕێژراو بوو یان نا.
ئێواران شیوعییەکانی هەولێر دەچوونە سینەما و دوای بینینی فیلمەکان، دەگەڕانەوە گازینۆ لەیالی ئەربیل و لەوێ دادەنیشتن، گفتوگۆی چڕیان لەسەر ناوەڕۆکی فیلمەكان دەكرد، لەوانەش فیلمی ئەو دە ڕۆژەی دنیای هەژاند، قەرەجەکان بە ئاسمان سەردەکەون، کیوما و سەربازی شین.
سەربازە عێراقییەکانیش کە ئەرکیان لە سنووری هەولێر بوو، ڕوویان لە سینەما سیروان دەکرد بۆ بینینی فیلمە عەرەبییەکان، بەتایبەت ئەوانەی لەیلا عەلەوی، نەبیلە عوبێد و سەفیە عەمری ڕۆڵیان تێدا دەگێڕا، جگە لە فیلمە ورووژێنەرەکان، کە بەشەوقەوە بۆ بینینیان، خۆیان لە ئەرکی سەربازی دەدزییەوە.
بەهۆی بەردەوام ڕاکردنی سەربازە عێراقییەکان لە ئەرکەکانیان، هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ڕژێم بە بابەتەکەیان زانی، زۆر جار بەر لە کۆتاییهاتنی فیلمەکان، لە بەردەرگەی سینەما سیروان خاڵی پشکنین دادەندرا بۆ دەستگیرکردنی سەربازەکان، لەگەڵ ئەوانیشدا ئەو گەنجە كوردانەش بەردەكەوتن كە خۆیان لە خزمەتی سەربازی دزیبووەوە، هەندێك جار لە چاڵاكە سیاسییەكانیش تووش دەبوون، بەڵام خاوەن و کارمەندانی سینەما سیروان ئەو گەنجە کوردانەی گومانی سیاسیبوونیان لەسەر بوو، لە کەلێن و قوژبنەکانی سینەما دەشاردەوە، بۆ ئەوەی دەستگیر نەکرێن.