ئەو سەردەمەی لە هەولێر بە شوورەیی دەزاندرا ئافره‌ت له نمایشه شانۆیییه‌كاندا ڕۆڵ ببینێ، هونه‌رمه‌ندانی پیاو له په‌رۆشییان، به‌بێ گوێدانه تانه و ته‌شه‌ر، جلی ئافره‌تیان دەپۆشی و به‌خشڵی ژنان خۆیان ده‌ڕازانده‌وە، له‌سه‌ر ته‌ختی شانۆ و دواتریش له درامای ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆندا ڕۆڵی ئافره‌تیان ده‌بینی.
نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس مه‌غدید حاجی له كتێبی (ئافره‌ت له شانۆی كوردیدا)، چەند نموونەیەكی زیندی لەو دەستپێشخەرییانەی هونەرمەندانی شارەكە خستووەتە ڕوو، لەوانەش كاتێك هونەرمەند ئه‌دیب عه‌لی ساڵی 1921 ڕۆڵی ئافره‌تی لە شانۆگه‌ریی سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یوبیدا بینیوە، كە لێژنه‌ی هونه‌ر و نواندنی سه‌ر به‌قوتابخانه‌ی یه‌كه‌می هه‌ولێر ئامادەی كردبوو.
هه‌مان شانۆگه‌ریی له ئایاری 1930دا له ده‌رهێنانی عه‌بدولمه‌جید حه‌سه‌ن نمایش كراوه‌ته‌وه، هه‌ریه‌ك له باكۆس تۆما، سه‌ركیس تۆما و وه‌هبی ئاكوب ڕۆڵی ئافره‌تیان تێدا بینیوه.
له شانۆگه‌ریی كچی كوردستانیشدا كه ساڵی 1932 له ئاماده‌كردن و نواندنی سه‌ید نه‌زیف كۆیی له هه‌ولێر پێشكێش كراوه؛ سه‌ید نه‌زیف خۆی ڕۆڵی (پیرۆز)ی تێدا بینیوه، جلكی ژنه هه‌ركییه‌كی له‌به‌ر كردووه.
جه‌میل جه‌رجیس ساڵی 1938 ڕۆڵی (دیدمونا)ی له شانۆگه‌ریی (عوته‌یل)ی شكسپیردا بینیوه. هەروەها ساڵی 1939 شانۆگه‌رییه‌كی تر به ناونیشانی (سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی و شه‌ڕی خاچپه‌رستان) له‌لایه‌ن تیپی شانۆییی سانه‌ویی هه‌ولێر له گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌كه نمایش كراوه، ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن خۆشناو ڕۆڵی شاژنی تێدا گێڕاوە. ئیبراهیم ئیسماعیل ڕۆڵی جولیای خوشكی ڕیكاردوسی تێدا گێڕاوە، جه‌لال محه‌مه‌دئه‌مین ده‌رگه‌ڵه‌ییش ڕۆڵی كاره‌كه‌ر ئوجینی گێڕاوە.
ساڵی 1953 جه‌واد ڕه‌سووڵ ناجی له دواناوه‌ندیی هه‌ولێر شانۆگه‌ریی عوته‌یلی شكسپیری ئاماده كرد بۆ سه‌ر شانۆ، دوو ڕۆڵی سه‌ره‌كیی ئافره‌تی تێدا بووه، سه‌فوه‌ت جه‌ڕاح ڕۆڵی پاڵه‌وانی یه‌كه‌م دیدمونا و سائیب رەفعییت ڕۆڵی كاراكته‌ری دووه‌می بینیوه.
لەم بارەوە سه‌فوه‌ت جه‌ڕاح ده‌ڵێ «له سه‌ره‌تای شێستەكانەوە، له‌و كاته‌ی به‌مامۆستای هونه‌ر له خانه‌ی مامۆستایانی هه‌ولێر ته‌نسیب كرام، چوار شانۆگه‌ریم پێشكێش كرد، هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د ڕۆڵی ئافره‌تی تێدا بینی“.
هەروەها هونه‌رمه‌ند سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان ده‌ڵێ له ساڵی 1969دا شانۆگه‌رییه‌كیان به‌ناوی (قه‌ڵاچۆكردنی نه‌خوێنده‌واری) بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ له‌سه‌ر شانۆی هۆڵی گه‌ل نمایش كرد، جه‌لیل مسته‌فا ڕۆڵی ئافره‌ت (دایك)ی تێدا ده‌بینی.
هونه‌رمه‌ند سه‌لام كۆیی ساڵی 1969 له‌سه‌ر شانۆی هۆڵی گه‌ل ڕۆڵی فاتمی له شانۆگه‌ریی چاره ڕه‌شدا بینیوه، له شانۆگه‌ریی مه‌سه‌له‌ی شارێكیشدا كه ساڵی 1973 بۆ ته‌له‌ڤزیۆن تۆمار كراوه، ڕۆڵی ئافره‌تی بینیوه.
ساڵی 1970 لە شانۆگه‌ریی (ترس)ی هونه‌رمه‌ند ته‌ڵعه‌ت ساماندا، گه‌یلان یاسین ڕۆڵی كچی كوێخا و شێرزاد محه‌مه‌دیش ڕۆڵی فریشته‌ی بینیوه.
ساڵی 1971یش هونه‌رمه‌ندان سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان و په‌یمان به‌گۆك و محه‌مه‌د محێدین له شانۆگه‌ریی (فاڵچی)دا ڕۆڵی ئافره‌تیان بینیوه.
له فیستیڤاڵی چاڵاكیی قوتابخانه‌كانیشدا كه ساڵی 1971 له به‌غدا ڕێك خراوه، له‌ناو به‌شداربووانی هه‌موو پارێزگەكاندا ته‌نها نێردراوی شانۆییی هه‌ولێر ئه‌ندامی ئافره‌تی له‌گه‌ڵدا نه‌بووه. هه‌ر بۆیه له ئۆپه‌رێتی (تارا)دا له نووسینی عەبدولواحید مەرجان و ده‌رهێنانی سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان، هەریەك لە ڕه‌سمی جه‌لال، سه‌باح ئه‌سعه‌د خۆشناو، عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د و جیهاد كاك قادر ڕۆڵی ئافرەتیان بینیوە.
هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ سوبحی كۆییش له شانۆگه‌ریی (مه‌سه‌له‌ی شارێك)دا ڕۆڵی (مه‌نیج به‌ربووك)ی بینی، كه تا كۆتاییی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ناوی له‌سه‌ر زاری خه‌ڵكی كوردستان بوو.