ئەم جەژنە هەزاران ئۆتۆمۆبێلی تایبەتی گەشتیاران و پاسی گەشتیاری ڕێگەوبانەكانی ناو شار و دەرەوەی هەولێریان تەنی، هۆتێلەكان جمەیان دەهات، بەڵام داخرانی بەشێك لە چێشتخانەكان لە ڕۆژانی جەژندا گەشتیارانیان ڕووبەڕووی ناڕەحەتی كردەوە، لەلایەکی دیکەوە زۆری گەشتیار بووە هۆی ئەوەی لە شارۆچکەیەکی وەکو شەقڵاوە گەراجی ماڵانیش بۆ مانەوەیان بەکرێ بچێت. هەروەها لە سۆران هۆتێلی کەلاوە و داخراویش بۆ گەشتیاران کرانەوە.
به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر له ڕۆژانی جه‌ژنی قوربانی ئەمساڵدا 89 و هه‌زار و 301 گه‌شتیار هاتوونه‌ته شاری هه‌ولێر، بەبەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پێشوازیكردنی گه‌شتیاران و ڕاییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاتنیان له بازگه‌كانەوە ئاسانتر و خێراتر به‌ڕێوه چووه.
به‌ر له هاتنی جه‌ژنی قوربان كە هەفتەی ڕابردوو بوو، سه‌رجه‌م هۆتێل و مۆتێله‌كان و چێشتخانه‌كانی هه‌ولێر لەلایەن به‌ڕێوه‌به‌رایەتیی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر ئاگەدار كرانه‌وه كه پێویسته له ڕۆژانی جه‌ژندا كراوه بن و خزمه‌ت به‌گه‌شتیاران بكه‌ن، به‌تایبه‌ت چێشتخانه‌كان.
بەگوتەی دلێر محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر، 90%ی چێشتخانه‌كانی هه‌ولێر لە ڕۆژانی جەژندا كراوه بوون، هیچ گه‌شتیارێكیش له‌سه‌ر شه‌قام و لەنێو پارکەکان نەماونەتەوە بەپاساوی نەبوونی شوێن.
هەروەها پێی وایە جه‌ژنی قوربان ده‌ستپێكی هاتنی گه‌شتیاران ده‌بێت، چونكه له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه له وه‌رزی هاوین گه‌شتیارانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقیش به لێشاو ڕوو له ناوچه گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.
ئەمەش لە كاتێكدایە بەر لە هاتنی جەژنی قوربانیش هەزاران گەشتیاری تر لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق، توركیا و ئێرانەوە سەردانی هەولێریان كردبوو، چونكە ساڵانە له‌گه‌ڵ هاتنی وەرزی هاوین و پشووه‌كان و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، وەرزێکی نوێی گەشتیاری دەست پێ دەکات.
به‌پێی ئامارێك كه شوكر عه‌زیز جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی میوانخانه و چێشتخانه‌كان بۆ (گڵكه‌ند) ئاشکرا دەکات، 430 هۆتێل و مۆتێل و گوندی گه‌شتیاری و 385 چێشتخانە، له‌گه‌ڵ 170 كافتریا له هه‌ولێر هه‌ن، له وه‌رزی هاویندا كه‌پری گه‌شتیارییش له ناوچه گه‌شتیارییه‌كان زیاد ده‌بێت.
له‌باره‌ی نه‌بوونی گرفتی مانه‌وه‌ی گه‌شتیارانیش له هۆتێل و مۆتێله‌كاندا دەڵێ گرووپه گه‌شتیارییه‌كان زووتر به‌هەماهەنگی له‌گه‌ڵ میوانخانه‌كان شوێنیان بۆ ئاماده ده‌كرێت، ئه‌وانه‌ی تر كه خێزانه‌كانن له‌م پشووه‌دا هیچ گرفتێكیان نه‌بووه و گه‌شتیار نه‌بووه له هه‌ولێر شوێنی مانه‌وه‌ی ده‌ست نه‌كه‌وتبێت.
له‌باره‌ی گرفته‌كانی به‌رده‌م كه‌رتی گه‌شتیارییشەوە، جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی میوانخانه و چێشتخانه‌كان ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كه نه‌بوونی شاری یاری و ڕێگەوبانی باش بۆ ناوچه گه‌شتیارییه‌كان و شوێنی شه‌وانه بۆ كات به‌سه‌ربردن، گرفتی هه‌ره گه‌وره‌ن له به‌رده‌م به‌رەوپێشچوونی كه‌رتی گه‌شتیاری له سنووری هه‌ولێر.
سەرباری گرتنە بەری ڕێوشوێنەكان، بەشێك لە چێشتخانە ناودارەكانی هەولێر لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا بەداخراوی مابوونەوە، بەم هۆیەوە گەشتیاران و دانیشتوانی شاریش بژاردەی كەمتریان لە بەردەم بوو بۆ هەڵبژاردنی شوێنی نانخواردن.