ئێوارەیەکی هەینی، خۆڵ دەباری، کەشوهەواکەی گەرم و ناخۆش بوو، بۆ دڵکرانەوە و هەناسەیەکی پاک، بەپێیان بۆ پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان شۆڕ بوومەوە، دوو سەعاتێک لەوێ مامەوە.
ئەو پارکە زۆر گەورەیە، شارەوانییش خزمەتی باشی دەکات، شوێنەکەشی باش و نزیکە شارە.
دەروازە سەرەکییەکەی لەسەر شەقامی شێست مەتری و بەرانبەر پەرلەمانە، چەندان دەروازەی کراوەی تری بەردەوامی هەیە، لە ناوجەرگەی شاریشە.
بە چاوی نووسەر، بە هیوای ئەوەی بتوانم دیمەن، جووڵە، چاڵاکی، سفرەی خواردنی خەڵکەکە، ئاوەدانی، جوانیی پارکەکە، هەمەڕەنگیی تێدا بنووسمەوە، لەوێ مامەوە.
سەرەتا دان بەوە دادەنێم، پارکەکە کەسکە، سێبەری زۆرە، شوێنی دانیشتن، حەوانەوە، هاتوچۆ و ئارامیی تەواوە. هەموو بەشەکانی، چیمەنە بەرینەکانی ئاوەدانە، هاتوچۆی نەرم، لەسەرخۆیە، دەنگە بەسۆزەکەی ‹›میکائیل››یش سەمای ناسک، لەرزینی جوانی بە دار و درەخت و گوڵاڵەکان دەکرد، لە هەمووش شانازتر؛ دڕندەییی ئۆتۆمۆبێلی و جەنجاڵیی هاتوچۆی لەناودا نییە.
دیمەن، دید، دیاردەی جوان زۆر دەبینیت، وەک نموونە ئەوە دەنووسمەوە؛ ژنێک تیشێرتێکی نارنجیی قۆڵ کورتی لەبەر دابوو، هەردوو دەستی گیرابوو، بەیەکێکیان کیژێکی پارچەڵەی ناسکی گرتبوو، دەستی دووەمیشی خستبووە دەستی هاوسەرەکەی، نازانم لە خۆشەویستی بوو، یان ماندوو بوو، دەیویست لەو پیادەڕۆیییەدا یارمەتیی بدات، پیاوەکە دوو بست لەو درێژتر بوو، دەڕۆیشتن، گەرم و نەرم قسەیان دەکرد!
لەو دەمانە کچی دووەمیان تەمەنی شەش حەفت ساڵ دەبوو، لەوان دابڕا، چوو بوتڵە ئاوە بەتاڵەکەی دەستی، لەناو تەنەکەی خۆڵەکە دانا و گەڕایەوە کن دایک و باوکی، لە دڵەوە پێم گوت؛ ئافەرین!
گەیشتمە کن کۆتەڵی شەهیدانی یەکی شوباتی ٢٠٠٤، لەوێ بەسۆز، لە دیار ناوی ٩٨ شەهیدەکە، کە ناویان بە کوردی و ئینگلیزی نووسراوە، وەستام، دروودم بۆ گیانیان نارد.
ئەوەی لەو کوتەڵە ناسکەدا زۆرم پێ جوان، نوێ، شایستە بوو، ناوی سییانی شەهیدەکان هەمووان بەپێی ‹›ئەلفوبێ›› ڕێزبەند نووسراون. یەکەم شوێنە لە ناونووسین و باسکردنی بەرپرسەکان، یەکەم و لە پێشەوە نەبن!
پارکەکە شارێکی جوانە، هەموو جۆرە چاڵاکییەکی تێدایە، گچکە و گەورە، پیر و گەنج، زارۆک و مێرمنداڵ تێیدا ئاسوودەن، لە چەند شوێنێکیش کافتریا و کۆشک و ساردەمەنی دانراوە، چەندان پەیکەری کەسایەتیی کورد و جیهانیش مێژووی سەردەمێک دەگێڕنەوە.