ئەوێ ڕۆژێ، تیمێکی ئۆپێرای چیکی لە هەولێر چەند تڕاکێکی ناوازەی ئۆپێرا و میوزیکی کلاسیکییان پێشکێش کرد. بژاردەیەکی بەئاگا ئامادە بوون، چێژمان لەو هونەرە باڵایە وەرگرت، بەس میدیای کوردی تێكی دا.
کەناڵە سەرەکییەکان هاتبوون، بریا نەهاتبان، ئابڕووی میدیا و کاری گواستنەوەیان برد.
لە هەر کەناڵێک چەند فەعۆیەکیان ناردبوو، بێ ئەتەکێت، ڕەوتار عەنتەریانە و ناپیشەیی، سەر سەکۆیان پڕ کرد لە کامێرا. پێمان گوتن نابێ، کردیانە گارەگار و گوتیان دەڕۆن و نایگوازنەوە، بریا ڕۆیشتبان.
کاتێ خاوەن دەنگی سۆپڕانۆ لەسەر سەکۆ هاتە ناو جەماوەر، وێنەگرە نەدیتکەکان کەوتنە دوای، کەشەکەیان لە هونەرمەندەکە و گوێگران تێک دا.
خۆم شەش جار بە یەکێک لە وێنەگرەکانم گوت، تکایە واز بێنە، هێندە لە نزیکەوە وێنە مەگرە، زەق زەق تەماشای کردم و وازی نەهێنا. فەعۆ ئەوها نەبی، کوە؟
لەم جۆرە بۆنانە، میدیای پڕۆفێشناڵ شوێنی دیاریکراوی خۆی دەزانێت و نایبەزێنێت. میدیای کوردی نەک ئەو سنوورە دەبەزێنێ، وەک فەعۆ تەماشای ناو چاوت دەکا و تەقەی سەری دێت. بۆیە زۆر جار بێزم لە میدیای خۆمان دەبێتەوە.
گەلێ لە ئامادەبووان گلەیییان هەبوو لە فەعۆیەکانی میدیا، ئاخر پێش چاویان دەگرتن، هاتوچۆیان زۆر بوو، هونەرمەندەکانیان بێزار دەکرد. جڕتوفڕتی وێنەگران لە بەردەم سەکۆ زۆر کرێت بوو. پەیامنێرەکان چەند کەسێکی بیانی و خۆمانیان دواند. پرسیاری کرچوکاڵ و بێ مانا. لە پرسیارەکانڕا زانیم هیچ پاشخانێکی مەعریفی و ڕۆشنبیری و هونەرییان نییە. بەئینگلیزییەکی شڕوشەپڕێو، سەریان لە خۆیان و بیانییەکانیش شێواندبوو. تیمی ئۆپێراکە ناوی ”ڕەن ئۆپێڕەن بوو“، کەچی هەر یەکە بە کەیفی خۆی ناوێکی لێ نابوون. ڕێکخستنی دووسێ بۆنەی وا لە کوردستان سەرت سپی دەکات، چونکە کەس ئیشی خۆی بەڕێکوپێکی ناکات.
کۆمپانیای ڕووناکی و دەنگ دەردێکی داینێ نەبێتەوە. هەتا خەڵکمان کۆ کردەوە، چاومان سپی بوو. دەیان ڕۆشنبیرم داوەت کرد، نیوەیان هاتن، ئەوی دی دڵێکی بۆ ناردم و تەقەی سەری دەهات. فەرهەنگ غەفوور و تیمەکەی و ستافی وەزارەتی ڕۆشنبیری نەبان، دەبووینە فیلم و شەرمەزار دەبووین.