نووسینی ژیان و بیرهاتی لای ئافرەتی كورد مێژوویەكی تازەی هەیە. لەڕووی ئەوەی زۆربەی ئافرەت نووسەر نین، ڕووداوەكانیان گێڕاونەتەوە و نووسەرێك بۆیانی داڕشتۆتەوە، كە بەشێوەیەكی گشتیش ئەم نووسەرە پیاوە. ئەویش بەئارەزووی خۆی دەستیان تێوەردەدات، جا ئە لێرەدا ڕەنگ و دەنگی ڕاستینەی خاوەن ژیاننامەكە هەست پێناكرێت و لەنێودەبردرێت.
لەپاڵ ئەوەشدا ئێمە لەنێو كولتوورێك پەروەردەكراوین، دنیایەكە پڕ لە ترس، كە سنوورەكەی بەشەرم تەنراوە، بۆیە ڕادەی دەربڕین و دركاندن لەو پلەیەدا نابێت، كە چاوەڕواندەكرێت، كەچی لەگەڵ ئەم هەموو بەربەستانەشدا دەنگانێك هەن، بوێرانە هاتوونەتە مەیدان، كە پێشەنگەكەیان ڕێزدار كوبرای عەزیمییە.
پێویستە دەستخۆشی لە بەڕێز سیمینی ئیفتخاری كچی كوبرای عەزیمی بكرێت، كە دڵسۆزانە، بەرپرسانە و سەرڕاستانە بەرهەمی بیری دایكی لەژێرنێوی (مانای ژیانم)دای بە چاپ گەیاند، بەمە دەوڵەمەندترین ئۆتۆبیۆگرافی ژنێكی هۆشیار، ئاوەز و كوردستانخواز پێشكێش بە نامەخانەی كوردی كردووە.
كوبرای عەزیمی مانای ژیانی خۆی لەنێو جڤاكێكی نێرسالاردا لە چەند بوارێكی گرنگدا بۆ خوێنەر خستۆتەڕوو، دیارترینیان: 1) نووسین: بەلای من كوبرای عەزیمی بە یەكەمین ژنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەژمێردرێت، كە بەرهەمی بیری بە زمانی كوردی نووسیبێت و پەخشكردبێت. 2) یەكسانخوازی: هەڵگری دروشمی یەكسانخوازی بووە و ڕۆژانەش لە كاروكردەوەیدا پێڕەویكردووە، وتارە بڵاوكراوەكانی نێو كۆڤاری كوردستانی سەردەمی كۆمار، گۆڤان (شایەت)ی ئەم هەڵوێستەینە. 3) چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی، بەئەندامبوون و كارابوونی لە یەكێتی یایانی كوردستانی سەردەمی كۆمار و پەردەلادانی لەسەر چۆنیەتی دامەزراندن و بەڕێوەبردنی، كە یەكەمجارە لەلایەن ئەندامێكەوە باسبكرێت. 4) مامۆستایەتی: لەڕووی لێزانی و وریایی و هۆشیاری لەتەمەنی شازدە ساڵییەوە كراوە بە مامۆستای قوتابخانەیەكی سەرەتایی شاری مەهاباد. 5) دایكێكی جەرگسووتاو، بەڵام نەبەز و خۆڕاگر بۆ ئەوەی بەرەنگاربوونەوەی ناخۆشی و كارەساتی ڕۆژانی داهاتوو بكات.
كوبرای عەزیمی بە زمانێكی دەوڵەمەند، شیرین و پاراو، بەڕستەی كورتی پڕ واتا، بەدەربڕینێكی بوێرانە، ڕۆژانی ژیانی و ڕووداوانی سەردەمی خۆی بەڕادەیەك خستۆتە ڕوو دەڵێیت لەنەخش و نیگاری مافوورێكی كاشانی گرانبەها ڕادەمێنیت، كە هەموو وردەكارییەكانی دیرۆكی ساڵانی ژیانی تێدا بەوشەی هەڵبژاردە بەرجەستەكردوون.
كاتێك لە خوێندنەوەی ژیانی پڕ لە نەهامەتی، نەسرەوتی، لە ژان و ناسۆر و لەبەرامبەریدا خۆڕاگری و نەبەزینی ئەم نووسەرە مەزنە بوومەوە، هەستم كرد چیرۆكی ژنێكی ڕچەشكێن، سەركەوتوو و دژەباو و خۆبەدەستەوەنەدانی بۆ چارەنووسی نادیاری كەسایەتێكی نێوداری دنیا دەخوێنمەوە.
كوبرای عەزیمی شایەنی ئەوەیە دەزگەیەكی ڕۆشنبیری، قوتابخانەیەك و... بەنێو بكرێت. پەرتووكەكەی وەربگێردرێتە سەر چەند زمانێكی بیانی. بكرێت بە زنجیرەی تەلەڤزیۆنی، فیلمی دۆكومێنتاری، وانەیەك لە قوتابخانەكان بخوێندرێت، پوختەیەكی بۆ منداڵانی تەمەنی نۆ ساڵ و بەرەو ژوور دابڕێژرێت و...
پێشنیازم بۆ چاپی دووەمی ئەم شاكارە، پاشكۆیەكی بخرێتە پاڵ، تا ئەم بابەتانە بگرێتەخۆی: چەند لاپەڕەیەك لە دەستنووسی ژیاننامەكەی. وتارە بڵاوكراوەكانی نێو كۆڤاری كوردستانی سەردەمی كۆمار. بیروڕا و هەڵسەنگاندنی ئەو كەسایەتییانەی تێڕوانینی خۆیان لەبارەی ئۆتۆبیۆگرافی كوبرای عەزیمی خستۆتەڕوو.