حەويزییەکان و غەفوورییەکان
حەويزییەکان و غەفوورییەکان

نەریتە سەیرەكانی جێژنەی كۆیە

دەستوور و نەریتی جەژنگێڕان لە هەر كۆمەڵگە و ناوچەیەكی دیاریكراودا جیاوازی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەڵام لە وراتی كۆیێی ئێستە و جارانیش جیاوازییەكە پترە، هەریەك لە بنەماڵەی حەوێزی و غەفووری لە كۆیە كە دوو بنەماڵەی سەرەكیی پێكهێنەری ئەو شارەن، بەیانیان خواردنی جەژن ئامادە ناكەن، حەوێزییەکان چەندین ساڵە چێشتی جەژنیان هەر لێ نەناوە، غەفوورییەکانیش چەندین ساڵە لە جەژندا برنج لێ نانێن.
هەریەک لەو دوو بنەماڵەیە چیڕۆکی جیاوازی خۆیان هەیە، بنەماڵەی حەوێزی نەریتیان وایە لە ڕۆژی جەژندا ئاگر هەڵناکەن، هۆکاری ئامادەنەکردنی چێشتی جەژن بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، کە كاتی خۆی لە جەژندا یەکێك لە ئاغاکانیان مردووە و بەئاوی گەرمی برنجی جەژن شۆردراوە. بەڵام لە لای بنەماڵەی غەفوورییەکان جیاوازە، گوایە ئەو بنەماڵەیە کە زەنگین بوون لە دەڤەری کۆیە، بڕیاریان داوە وەک هەژارەکان لە جێی برنج، لە جەژنەکاندا ساوەر لێ بنێن، ئەوەی جێی سەرنجە دەیان ساڵە نەوەكانی هەردوو بنەماڵە لەسەر ڕێچكەی پێشینانیان بەردەوامن و لێی لانادەن.
سوارە حەسەن جەلال کە لە هۆزی غەفوورییانە و شارەزای مێژووی كۆیەیە، سەربوردەی خۆیان ئەوها بۆ (گڵکەند) دەگێڕێتەوە “ساڵی 1615ی زاینی، دوای ئەوەی غەفوورییەكان لەلایەن شا عەباسی یەکەمی سەفەوی لە قەڵای دمدم دەوریان دەگیرێت، سێ کەسیان ڕزگاری دەبێت و دێنە وەرتێ، دوایی دەچنە خەتێ، لەوێشەوە یەک لەو برایانە دێنەوە کۆیە و لە حەمامۆکێ جێنشین دەبێ و وەچەیان زیاد دەكات، لە 1821یش لە قشڵەی کۆیە 40 كەسیان لێ دەكوژرێ، لە 1867 جارێكی دیكە پیاوەکانیان دەگیرێن و قەتڵوعام دەكرێنەوە، پێنج منداڵیان ڕزگار دەبێ، دەبرێنەوە خەتێ، لەوێ گەورە دەبن، غەفوور ئاغا یەکێك لەو منداڵانە دەبێ، کە دەبێتە سوارچاک و لەگەڵ حەمە ئاغا و مەحموود ئاغای بابی دێنەوە کۆیێ و دەست بە كاری دەباغی دەكەن”.
هەروەها باسی نەریتی ساوەرلێنانی غەفوورییانیش دەكات و بۆ ساڵی 1914ی دەگەڕێنێتەوە، كە ئەو كات گرانی بووە و برنج و خۆراكی دیكەش بەگشتی كەم بووە، بۆ خواردن گەنم هەبوو، خەڵک دەیانکرد بە ساوەر، بەگوتەی سوارە حەسەن، حەمە ئاغای کۆیەش خۆی جیا نەدەکردەوە لە خەڵکی فەقیر و نەدار، لەگەڵ ئەوان بڕیار دەدات لە ڕۆژی جەژن ساوەر ئامادە بكرێ، نەوەی دوای ئەویش ئەوەیان کردە نەریت لە جەژن كە ساوەر بخۆن و تا ئێستە نەوەکانیشی پابەندن بەو نەریتە، هەتا ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتیشن لە جەژندا هەر ساوەر لێ دەنێن.
ئەو غەفوورییە بەگرینگی دەزانێ نەریت و كولتووری كوردی بپارێزرێ، پێی وایە جلوبەرگ، خواردن، خانووبەرە و تەلاری كوردی، هەروەها نەریتەكانی میوانداری و ڕێزگرتن و پیاوەتی و خانمایەتیی كورد جێی شانازین و دەبێ هەر كوردێك بەخۆشییەوە دەستی پێوە بگرێت.
لای خۆیەوە ئاكار مەمەند ئاغای حەوێزی سەبارەت بەدابونەریتی جەژنی هۆزەكەیەوە دەڵێ دروستنەکردنی خواردن لای ئەوان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدە و زۆر بۆچوون لەم بارەوە هەن، یەکێكیان ئەوەیە كە جاران لە ڕۆژی جەژن ئاویان گەرم کردووە بۆ چێشت و برنج، بەڵام یەکێك لە ئاغاکانیان لە جەژنێكدا مردووە، بەو ئاوی چێشتە شووشتویانە، بۆیە لە خۆیان قەدەغە کردووە خواردن حازر بکەن لە ڕۆژی جەژندا، گێڕانەوەی دیكەش هەیە وەك مێژوونووسان و باوباپیرانیان باسی دەكەن، لە سەدەی ١٩ی زاینیدا لە سەردەمی بەکر ئاغای حەوێزی، کە ناسراوە بە (قاسید) و پیاوێکی خواپێداو بووە، بازرگانیی ئەو هەر لەسەر ئاستی کوردستان نەبووە، بەڵکو بۆ بازرگانی چووەتە شام و ئەستەنبۆڵیش، خەڵکێكی زۆر لەلای ئەو کاریان کردووە و ماونەتەوە، لە جەژنێكدا چوونەتە لای حاجی بەكر ئاغای حەوێزی و پێیان گوتووە “ئاغا، ساڵ دوازدە مانگ لای ئێوە نان دەخۆین، دەمانەوێ لەو جەژنە ئەنگۆ ئاگر نەکەنەوە و ئەمە خواردنتان لۆ دەینین و لەسەر سفرەی مە نان بخۆن”، ئاغاش ڕازی بووە و بۆ ڕۆژی دووەمی جەژن، حاجی بەکر ئاغای حەوێزی هەموو ئەو خەڵکە هەژارە بانگ دەکات و لای ئەوان نان دەخۆن، بۆیە تا ئێستە ئەوان لەسەر ئەو نەریتەی باپیرانیان دەڕۆن.
ئەو پیاوە حەوێزییە باس لەوەش دەكات كە لە ڕۆژی جەژندا وەک لە قەدیم وا بووە، بنەماڵەکانی دیکە و دەرودراوسێ دەزانن ئەوان خواردن ئامادە ناکەن، خواردنیان بۆ دەبەن، ئەوانیش ڕۆژی دووەمیش جەژن دەعوەتیان دەکەنەوە.
ئاکار مەمەند ئاغا ئەو دابونەریتانە بەگرینگ دەزانێ و دەڵێ پێویستە دەستیان پێوە بگرن، ئەفسانە و بیرە نەرێنییەكانیشیان لێ دەربێنن، وەك ئەوەی هەندێك دەڵێن ئەگەر چێشت لێ بنێن، كەسێكی ماڵەكە دەمرێت، پێی وایە ئەو بۆچوونە خراپانە دوورن لە ڕاستییەوە، بەڵام دەستپێوەگرتن بەدابونەریت بەهای خۆی هەیە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved