ساڵی 1971 ئاهەنگێكی بچووك لە پشت قوتابخانەی ئامادەییی كوردستان ساز كرا، گۆرانی دەگوتران و شیعر دەخوێندرانەوە، لەو ئاهەنگەدا كلیلی 163 خانوو بەسەر بنەماڵەی شەهیداندا دابەش كرا و گەڕەكەكە ناو نرا شەهیدانی خەنجەر.
ئەو گەڕەكە دەكەوێتە پشت گەس سێتاقان، لە شەقامی 30 مەترییەوە دەست پێ دەكا، تا شەقامی 60 مەتری درێژ دەبێتەوە.
دوای ئەوەی ساڵی 1970 دانوستاندن لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حكوومەتی ئەوسای عێراق دەستی پێ كرد، یەكێك لە مەرجەكانی پارتی دروستكردنی ژمارەیەك خانوو بوو لە شاری هەولێر بۆ كەسوكاری شەهیدان.
خانەوادەی دلێر محەمەد یەكێك بوون لەوانەی لە خانووەكانی گەڕەکی شەهیدانی خەنجەر سوودمەند بوون، چونكە بنەماڵەی شەهید بوون، ئەو پیاوە بۆ (گڵكەند) دەگێڕێتەوە كە دروستكردنی خانووەكان لەسەر داواكاریی مەلا مستەفا بارزانی بووە، هەر ئەویش گەڕەكەكەی ناو ناوە شەهیدانی خەنجەر، خانووەكان بەسەرپەرشتیی شەهید فارس باوە و حەسەن عەلی دروست كران، دەشڵێ “لە بیرمە بەشێك لەو كرێكارانەی خانووەكانیان دروست دەكرد، پێشمەرگە بوون”.
ئەو كاتە ئیدارەی پارێزگەی هەولێر ئاگەدار كراوەتەوە كە دەبێ خانووەكان لۆگەیەكی خەنجەریان لەسەر بێت، كە ئاماژەیەكن بۆ هێمای سەركەوتن، عەبدوڵڵا خەفاف لە پارێزگەی هەولێر ڕاسپێردرا بچێتە مووسڵ، لەوێ لەلای ئاسەنگەرێك قاڵبێكی ئاسن دابڕێژن كە هێمای خەنجەرێكی لەسەر بێت، دلێر دەڵێ كاتێك حكوومەت قاڵبەكەی بینی كە تەنها خەنجەرێكی لەسەرە، ڕازی نەبوو، بڕیاری دا دوو شمشێریشی لە تەنیشتەوە بێت، ئەوە بوو شمشێرەكان بە بۆیە زیاد كران، بەڵام لەبەرئەوەی خەنجەرەكە بەشێوەیەكی هەڵكەندراو هاتبووە دەرێ و زۆریش بەرچاو بوو، شمشێرەكان نەك هەر زەق نەبوو، بەڵكو زوو لەبەر چاوان ون بوو.
ماڵی ڕزگار شانە، فارس باوە و برایەكانی، عەباسی حاجی لەشكری و واحید قازیفە لەو ناوە دیارانە بوون كە لە شەهیدانی خەنجەر خانوویان وەرگرت.
بەشێك لەو خانووانەی شەهیدانی خەنجەر تێكدراون و نۆژەن كراونەتەوە، بۆ ڕێزگرتن لە لۆگۆی خەنجەرەكەش، هەندێك لە خاوەن ماڵەكان لە كاتی ڕووخاندنی خانووەكانیان، ئەو پارچە دیوارەی لۆگۆی خەنجەرەكەی لەسەرە دەپارێزن، لە كاتی دروستكردنەوەی خانووەكان دووبارە دای دەنێنەوە، تا ئێستە بەشێكی بەرچاوی خانووەكان لۆگۆی خەنجەریان لەسەر ماوە.
ساڵی 1974 كاتێك دانوستاندنی نێوان پارتی و حكوومەت تێك چوو، بەشێك لە دانیشتوانی ئەو گەڕەكە كۆچیان كردە گەڕەکی دیكە، نەوەك حكوومەت تۆڵەیان لێ بكاتەوە، بە قسەی دلێر محەمەد، نیوەی زیاتری خانووەكان چۆڵ كران، چونكە هەموو هەولێر دەیزانی دانیشتوانی ئەو گەڕەكانە كەسوكاری شەهیدانن، بەڵام دواتر گەڕانەوە ماڵەكانی خۆیان.
پۆشینی جلوبەرگی سوور یەكێكە لە یادگارییەكانی خەڵكی گەڕەكی شەهیدانی خەنجەر، وەكو سیمبولێك بۆ بنەماڵەی شەهیدان، منداڵانی شەهید لەو گەڕەكەدا لە بۆنە ڕەسمییەكاندا، لە ڕێپێوان یان لە جەژنەكاندا جلوبەرگی سوور و بۆینباغێكی زەردیان دەپۆشی، بۆ ئەوەی لە منداڵانی دیكە جیا بكرێنەوە.
نزیكەی 55 ساڵ تێ دەپەڕێ بەسەر دروستكردنی ئەو خانووانەدا، تا ئێستە خەڵكانێك هەن وەكو مۆزەخانەیەكی زیندووی نەتەوەیی پیاسەی پێدا دەكەن، لە بەردەم خانووەكاندا دەوەستن و ڕووخسەتی خاوەن ماڵ وەردەگرن تا لە نزیكەوە سەیری لۆگۆی خەنجەرەكان بكەن.
وێنەی نموونەیەکی خەنجەرەکە