قەرەنی جەمیل ئەوروپای کردە قوربانی هەولێر
قەرەنی جەمیل ئەوروپای کردە قوربانی هەولێر

لەو ڕۆژەوەی گەڕایەوە كوردستان، بڕیارنامەی غوربەتیی چەند ساڵەی دڕاند، چیی تر پەڕەی پەساپۆرتەکەی نەکردەوە.
بەری 21 ساڵ، ڕۆژەك لە شوقەیەکی تەنگەبەری نێزیک چایخانەی عەنتەر بە دەفتەرێکی گچكە و ڕیکۆردەرێکەوە چوومە سەردانی، تەواوی دیمەنەكە بریتی بوو لە ستاندێک و تابلۆیەکی ئامادەکراو و فڵچە و کۆمەڵێ بۆیەی ڕەنگاوڕەنگ، بە هەستە جوانەکەی جارانی لەسەر کورسییە گچکەکەی بەردەم ستاندەکە داینیشاندم و گۆتی هەتا دەچمە ئەودیوی و دێمەوە، ئەتو تەماشای ئەو تابلۆیانە بکە، ئیشی تازەمن.
بەیەقینەوە تەماشای كارەكانی دەكەی و دڵنیای پێشتر لە تابلۆی دیكەدا هونەری لەو ئاست و جۆرەت نەدیتییە، ڕێچكەی خۆی و داهێنانی تایبەت بەخۆی هەبوو، خۆڵەمێشی ئەو ڕەنگاوڕەنگ بوو، بە دوو فنجان قاوە و زەردەخەنەوە گەڕایەوە، “چا نەبوو ئەوروپا فێری قاوە دروستکردنی كردم”. هەر زوو گۆتی لێم بپرسە کەی دەگەڕێیەوە ئەوروپا! ئەمنیش لێم پرسی، ئەویش گۆتی “تا ژیانم ماوە لاپەڕەی پەساپۆرتەکەم ناکەمەوە”.
مرۆڤێكی ڕاستگۆ بوو، قەولەكەی بردە سەر، نەگەڕاوە ئەوروپا، شەقامەکانی تەیراوەی پڕ لە یادگاریی منداڵیی خۆی لەكن خۆشەویستتر بوو لە غەرناتە و ڕۆما و پاریس. قەرەنی ئەوەندە بەحەزەوە گەڕایەوە ناو سەربردەی ژیانی هەولێرییانەی خۆی و گەڕان بەدوای داهێنان لەناو تابلۆ تازەکانیدا، لە هەموو پێشانگەکانیدا نوێتر و جیاواز لە دوێنێی خۆی، دەست و فڵچە و ڕەنگەکان و بابەتەکانی نمایش دەكردنەوە.
ئەوڕۆ* كە قەرەنی بەبێ دەنگی دەبینین، تابلۆ تەواونەکراوەکانی غەمبارن، بەدیارییەوە مات و بێدەنگ وەستاون، چاوەڕێی بزەیەک، ئاوڕدانەوەیەکی دەست و پەنجەی فڵچە و ڕەنگەکانی لێ دەکەن، ئەو ئێستە بەئاستەم چاوەکانی لە ئاستیان دەکاتەوە و پێیان دەڵێ پەیمان بێ، ئەگەر لەو سەفەرە سەختە گەڕامەوە، لە جاران توندتر لە باوەشتان دەگرمەوە، جوانتر لە جاران لەگەڵ ڕەنگەکان سەمای زۆربا دەكەینەوە.
ئەوێ ڕۆژێ لە شوقەکەی لای چایخانەی عەنتەر جێم هێشت، دڵخۆش بووم، چونکە دەمزانی ئەم دیدارەم دیداری دڵخۆشبوونی قەرەنی بوو، هەر واش بوو، کە گۆڤارەکەم بۆ برد و دیدارەکەی خۆی دیتەوە، چاوی گەش بووەوە و گۆتی سەربردەی هەولێرییان ئەوها دەگێڕدرێتەوە.

* تێبینی ئەو بابەتە چەند ڕۆژێك بەر لە كۆچی دواییی هونەرمەند قەرەنی جەمیل نووسراوە.

 

قەرەنی جەمیل ساڵی 1954 لە هەولێر لەدایك بووە، ساڵی 1973 لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان لە بەغدا دەستی بەخوێندنی شێوەكاری كردووە، ساڵی 1979 بۆ ئاشنابوونی زیاتر بە هونەر چووەتە ئیتاڵیا و لە پایتەختی هونەری جیهان لە فلۆرانس نیشتەجێ بووە، ساڵی 1984 ئیتاڵیای بەرەو ئیسپانیا جێهێشتووە و ئەمجارە لە بەرشلۆنە نیشتەجێ بوو. ساڵی 2003 بەیەكجاری هاتەوە هەولێر و بڕیاری دا نەگەڕێتەوە تاراوگە. لێرە بوو بە مامۆستای هونەر و لە دەزگای ڕۆشنبیریی (مێرگ)ی ئەوساش دەستبەكار بوو، پێشانگەیەكی هەمیشەیی بۆ كارەكانی لە هۆڵێكی دەزگاكە بۆ تەرخان كرا، گۆڤارێكی هونەریشی بەناوی (شێوەكاری) لەوێ دەركرد. بەم دواییانەش بەر لە نەخۆشكەوتنی، لە ماڵێكی كۆن لە كۆڵانی عارەبان لە ناو جەرگەی هەولێر، گەلەرییەكی تایبەت بەناوی قەرەنی جەمیل كرایەوە. تابلۆكانی قەرەنی جەمیل ناوبانگی جیهانییان هەیە و لە دەیان مۆزەخانە و گەلەری كوردستان و عێراق و ئەورووپا هەڵواسراون.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved