سەربوردەى ناوەڕۆکى ئەم دەقەى خوارەوە لە ڕووى ڕووخسار و پێکهاتەى داڕشتن و هونەرى داهێنان، لە ئاوێتەکردن و تەونچنیى وشە و گوزارشت پێدانى بیرۆکەکە، شاعیر بەو ئەنجامەمان دەگەیەنێ کە ئاوێنەى داڕشتنەکە لە سۆنگەى کارەساتێکى جەرگبڕەوە سەرچاوەیان گرتووە، کەواتە گوزارشت پێدانەوەى کارەساتەکە لاى ئەکرەم خامۆشى شاعیر تووشى یەخەگیریى ئەداى فەرزێکى ئەوتۆى کردووە، کە مەرامى ئەرکى فەرزێکى پێویستتر لە پێویست ئەدا بکا، تاکو ئەو شێوازە هونەرییە سیحر و ئەفسووناوی ئامێزە بگاتە ئەو ئەنجامەى، ڕووداوەکە ڕەنگ و سەنگ و ڕووخسارى چەشمەنداز و تیفتیفە ئامێز بخاتە بەر دیدى خوێنەر و ناخى تژی بکات لە موچڕک و تاسە و تەزووى ناوەڕۆکى دەقەکە، ئەمە بۆ ڕاچڵەکاندن و ئاراستەى دۆشدامان و خەمڵاندنى هەست و بۆى بارانە فرمێسک و هەنسک و تاسە و ئاخ و ئۆفى بێ بڕانەوەى خوێنەر و کەسى ئازیز مردە.
لە ڕۆژگارێکى ڕەشى بەهارى ساڵى ١٩٧٤دا، لەو کاتەى کە پەیوەندیى سیاسیی نێوان حکوومەتى عێراق و دەسەڵاتى کوردی ئاڵۆزیى تێ کەوتبوو، لە ڕووداوێکى دڵتەزێندا وەک دەڵێن (ئۆتۆمۆبێلێکى ئیڤاى سەربازى لە بەردەم دوکانێکى لەحیمچیدا گڕ دەگرێت و لە ئەنجامدا تانکى بەنزینى ئۆتۆمۆبێلەکە دەتەقێتەوە) هەندێکیش دەڵێن (بەرمیلى نەوتى ماڵانیان هێنابوو بۆ لەحیمکردن)، لەو دەمیدا سەربازەکان بە شڵەژاوى بەشێوەیەکى هەڕەمەکى بەولا و بەولادا دەیکەن بە گوللەباران، ژنێک لە قەڵاتەوە شۆڕ دەبێتەوە بەدیوى بەرامبەر حەمامى عەلیاغادا بۆ لاى بازارى سورچییان بەوەش گوللەیێکى وێڵى نافرەجا وەبەر ئەم ژنە دەکەوێ کە منداڵێکى کوڕیشى لە ئامێزدا بووە (هیوا)، گوللەیەکیش بەسەرى کوڕەکە دەکەوێ، بریندار دەبێ و پاشان چاک دەبیتەوە، بەڵام بەداخەوە برینى ژنەکە قورس دەبێت و دەبێتە هۆى لەدەستدانى گیانى ئەو خانمە، کە هاوژینى مامۆستاى میوزیکوان و ئاوازدانەرى کورد (تەڵعەت عارف)ى ئەندامى تیپى مۆسیقاى هەولێر بوو.
جا لە دواى ماوەى بەسەرچوونى پرسەى ئەم خانمەدا، لە دەرەنجامى بەرى ڕێکەوتى دیدار و بەیەکگەیشتن و دیدارێکى نێوان شاعیرى کورد ئەکرەم خامۆش و هونەروەرى میوزیکوان تەڵعەت عارف، بەرى ئەو دەقە چەمەرئامێزە (کۆچ و یاد)ى لێ وەبەر دێ و ئەکرەم خامۆشى شاعیریش وەک لە هۆنینەوەى چەمەرى ئازیزاندا شێوازى هۆنینەوەى لەو دەقە شیوەنئامێزەى ڕەنگى داوەتەوە لە فۆڕمێکى گوزارشتئامێزى باڵادا بەرجەستە و کەسى ئازیز مردەش و ناخى بەو جۆرە هەژاندووە، دەبینین لە بیستنى توانا و کارامەیى و سۆزى چڕینى بەسۆز و جەرگبڕى نەغمەى ئاوازى لە گەرووى کارەساتەکە خستووەتە فۆڕمێکى سیحر و چەمەرئامێزدا.
میوزیکژەنیش بەگوێرەى یان بەسەنگ و قورساییی ژان و کاردانەوەى کارەساتەکە بە شێوازێکى ئێجگار هونەری و داهێنانێکى باڵا ئاوازێکى خەماویى ئەوتۆى تێدا ئاوێتە کردووە، بەولاتریش خۆشخوانى ناودارى کورد بەهەشتی محەمەد جەزا، ئەویش دەستە چیلەیەکى ترى ئاگراویى مووچڕکاویی ئەفسووناویی لەگەڵ ئەدا و ئینجا سەدا و زایەڵەى بێ ئامان و داد و بێدادى تێدا ئاوێتە کردووە، لە ئاکامیدا دواى تۆمارکردن و پەخش و بڵاوبوونەوەى ئەو چەمەرە لە تەلەڤزیۆنى بابە گوڕگوڕى کەرکووکدا، جەماوەرى کورد لە هەر کونج و دەڤەرێکى ئەم نیشتمانەدا، کە گوێبیستى ئەو هەژەندە تاسەبارە بەسۆز و سفت و سۆیە بوون و پاتەوپات بۆ بیستنەوەى هەمیشەییى بەردەوام بێزوویان پێوە کردووە، وەک بڵێى ئەو کارەساتەیان بە هى خۆیان یا موڵکى خۆیان زانیبێ بێدەم و ژەم متووى بەشداریى خەمى ئەو تاسەبارە ئازیز مردەیە بوون.
وا ئەڕۆیى و جێم دەهێڵى بۆ سبەى
ئەم دڵە دیلەش لەگەڵ خۆتا دەبەى
جێ دەمێنى بۆ منیش دەردەسەرى
چۆن ئیتر نەگریم لەبەر بێ هاوسەرى
ئەکرەم خامۆش