یەكەم ئامێری دارتاشی لە هەولێر
یەكەم ئامێری دارتاشی لە هەولێر
June 17, 2025

جەنجەڕ بەدینار و روبعێك بوو

حاجی سەعید و حاجی عومەر دوو برا بوون، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە لەو شوێنەی ئێستەی نەجاڕان لە بازاڕی قەیسەریی هەولێرێ دەستیان بە پیشەی دارتاشی کرد، تا ئێستە نەوە لە دوای نەوە بەردەوامی بەپیشەكە دەدەن و لێی دانەبڕاون.
هەر ڕێگەت بەناو قەیسەری دەکەوێ، دەبێ بە کۆڵانی نەجاڕاندا گوزەر بکەی، جاران حاجی یاسین، حاجی عوسمان و حاجی مستۆت بەو هەڵکشانی تەمەنەوە لە دوکانەکاندا دەدیت، خەریکی دروستکردنی کەلوپەل و پێداویستیی جووتیاران و ماڵان بوون، ئێستەش کوڕ و نەوەکانیان شوێنی پیشەگەریی ئەوانیان چۆڵ نەکردووە و کارەکانیان لەبەر دەرگەی دوکانەکانیان دەبینی.
ئەگەر سەر بەقووڵاییی دوکانەکانی ڕەمزی حاجی مەحموود و زەکەریا حاجی محەمەددا بکێشی، خۆڕاگریی خانەوادەی ئەم نەجاڕە پێشەنگانەت بۆ دەردەکەوێ، کە زێتر لە ١٨٥ ساڵە، ڕێچکەی باپیرانیان حاجی سەعید و حاجی عومەریان پاراستووە، لە دوای ئەوانیش دەستڕەنگینیی حاجی عوسمان و حاجی یاسین، لەم ڕووەوە ڕەمزی محەمەد نەجاڕ، كە ئێستە تەمەنی (٧٧) ساڵە و سەرەتا لەگەڵ بابی بووە و دوای ماڵئاواییی بابیشی (٤٨) ساڵە ئەو پیشەیە دەکات، دەیگێڕێتەوە كە هەر لە (١٨٤٠)ەوە خانەوادەی ئەوان، لە حاجی عومەرەوە تا دەگاتە حاجی عوسمانی باپیری و براکەی حاجی مستۆ، نزیکەی (١٢٠) ساڵ پێش ئێستە لەو جێگەیەی ئێستەی ئەوان پیشەی نەجاڕییان کردووە، لە سەرەتای نۆسەتەکانیش، باپیری شەنەی داری دروست دەکرد، هەروەها جەنجەڕیشیان دروست دەکرد، چونکە جەنجەڕ لە جیاتیی دەڕاسە لە کاتی تەواوبوونی دروێنە و کۆکردنەوەی گەنم و جۆ لە شوێنێک، کە پێیان دەگوت جۆخین بەكار دەهات.
جەنجەڕە گەورەکان (٥٢) باڵتەی لەبن بوو، ئەو باڵتەیە وەکو چەقۆ بوو دانەوێڵەکە و قەسەرەکەی لەیەک جودا دەکردەوە، لەسەر جۆخینی بە (کەر و هێستر) ڕادەکێشرا، ئەو جەنجەڕە بە دینارێک و ڕوبعێک دروست دەكرا، خانووێک لەو هەولێرە ئەو كات بە (١٠) دینار بوو.
ڕەمزی نەجاڕ باس لە دروستكردنی (هەوجاڕ)یش دەكات، كە گاسنیان پێوە دەکرد، ئەو گاسنانە لەلای ئاسنگەر دروست دەکران، ئەوێ ڕۆژێش ئاسنگەرەکانی هەولێرێ مام تەها و حاجی سەید سەعید بوون، ئەوانە گاسنیان لە پارچە ئاسنی دروست دەکردەوە، بەڵام ئەو کات (جەنجەڕ) لە بازاڕی نەجاڕان لە هەمووی بە هەڕمێنتر بوو، لە جیاتیی دەڕاسە کاری جووتیارانی دەکرد، هەوجاڕیش، چونکە زەویی دەکێڵا، وڵاخێک ڕایدەکێشا و کەسێکی بەتاقەتیش گاسنەکەی دادەگرت، تا زیاتر لە زەوییەکە بچێتە خوارێ بۆ کاری (تۆو)دان، بێجگە لەمەش نەجاڕی دیکە لە ناو قەیسەری هەبوون، لەوانەش ماڵی مام یاسین و حاجی ڕەشاد.
زۆربەی نەجاڕەكانی هەولێر ئامۆزای یەكتری بوون، هەموویان ماڵیان لە قەڵات بووە و باپیرە گەورەیان حاجی عومەر بوو كە لە (١٨٤٠) چووەتە ناو بازاڕی قەیسەری و دەستی بەپیشەی نەجاڕی کردووە، پێش ئەویش حاجی سەعید لە سەرەتای هەشتسەدەکان پیشەی نەجاڕیی کردووە.
وەستا ڕەمزی لە زاری باوكی دەگێڕێتەوە كە جاران قەیسەریی هەولێرێ هەموو خەڵكێكی تێدا بوو، لە كوردی موسوڵمان، جوو و كریستیان، بەڵام ئەوان ئیشی نەجاڕییان نەکردییە، جووەكان زیاتر زێڕینگری و جۆڵایی و خمچیەتی و کوتاڵفرۆشییان دەکرد، پەیوەندیشیان زۆر باش بووە و هەموو لایەك ڕێزیان لە یەکدی گرتییە.
هەروەها بۆ پەیداکردنی داریش، ڕوویان لە چیا كردووە، دار ئەسپیندار و دار بەڕوو بۆ دەسکە چەکووچ و داری (بی)یان دەهێنا بۆ لانك، داری چناریان دەهێنا بۆ دەسکە خاکەناز، بەڵام زۆرتر ئەسپینداریان بەکار دەهێنا، ئەو کاتیش مەکینە نەبوو، بە تەور و مشار داریان دەبڕییەوە، یەکەمین مەکینەی داربڕینیش لە ئاخیری ساڵانی چلەکان لەلایەن ڕەشاد نەجاڕی ئامۆزای وەستا ڕەمزییەوە هێنرایە هەولێر و لەبەر دەرگەی قەیسەری داینا.
هەروەها تاک و تەرا لە تەیراوە، خانەقا و عارەبان کەنتۆر دروست دەکرا، بەڵام پێشی کەنتۆر، ماڵی حاجی شەمسەدینی بابی حاجی عورفان سندوقیان بەنەینۆکی ڕەنگاوڕەنگ دروست دەکرد.
ئەو دوكانەی ئێستە ڕەمزی نەجاڕی لێیە، شوێنێکی زۆر کۆنە، نزیکەی (١٢٠) ساڵە لەو دوکانەن، لە باب و باپیریەوە تا ئەمڕۆ بۆی ماوەتەوە. دوکانەكە و زۆربەی دوکانەکانی دیکەی ناو قەیسەری موڵکی (چەلەبی)یەکانن، کرێی ئەم دوکانە لە شەستەکان دوو دینار بوو، ئەوکاتیش دەسکەوتی ڕۆژانەیان روبعێک تا نیو دینار بووە.
تا ئێستە نەوەکانی کەسە یەکەمەکانی نەجاڕان، دەستیان بە پیشەكەوە گرتووە، وەستا ڕەمزی دەڵێ بە درێژاییی ئەم هەموو ساڵە، نیوڕانان ژەمی نانخواردنیان لە ماڵەوە بۆ دەهات، شاگردیان هەبوو دەیانناردنە ماڵەوە لە قەڵاتێ لەناو مەنجەڵی چینکۆ خواردن دەهات، بەدەگمەن ئەهلی بازاڕ لە دەرێ نانیان دەخوارد.

 


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved