قووڵترین بیری ئاو لەسه‌ر ئاستی عێراق له‌و سنوورەیه، چیی دی نەدەتواندرا پشت بە ئاوی ژێرزەوییەكەی ببەسترێ، چەندین ساڵە كەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە مەترسیی لەسەر ئاوەدانیی ناوچەكە دروست كردبوو. بەڵام پڕۆژەیەكی ستراتیژی كۆتاییی بەو كێشە مێژوویییە هێنا.
ئەو پڕۆژەیە، ئاو بۆ قوشتەپە و بیستانە و 80 گوندی سنوورەكە دابین دەكات، تا ئێستە 40%ی پڕۆژه‌كه ته‌واو بووه.
بەگوتەی قایمقامی قەزای قوشتەپە، پڕۆژه‌كە بریتییه له گواستنه‌وه و دابه‌شكردنی ئاو له زێی بچووكه‌وه بۆ ناوەندی قه‌زای قوشته‌په و ناحیه‌ی بێستانه و سه‌رجه‌م گونده‌كانی سنووره‌كه، له‌لایه‌ن كۆمپانیای (ئاوزان)ە‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێ، به‌ته‌واوبوونی؛ کۆتایی بەکێشەی کەمئاویی سنووره‌كه دێت.
بژار مه‌لا خدر قایمقامی قوشته‌په بۆ (گڵكه‌ند) ڕای گه‌یاند، سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كه زێی بچووكی نزیك گوندی قه‌شقه‌ی سەر بەھەولێره، كه له چه‌ند به‌شێك پێك دێت، وه‌ك ئاووه‌رگر و وێستگه‌كانی پاڵاوتن و دروستكردنی عه‌مباری ئاو، له ڕێگه‌ی سێ بۆڕیی گه‌وره ئاوه‌كه ده‌گوازرێته‌وه و ده‌خرێته سێ عه‌مباری گه‌وره، كه عه‌مبارێكیان له ناوەندی قه‌زا و یه‌كێكی تریش له ناوەندی ناحیه‌ی بێستانه و ئه‌وی دیكەش له نزیك زێیه‌كه دانراون، هه‌رسێكیان له توانایان دایه قەبارەی پێنج هەزار مەتر سێجا ئاو هه‌ڵبگرن.
پڕۆژه‌كه لە هەر کاتژمێرێکدا توانای بەرهەمهێنانی سێ هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێنی هەیە، نزیكەی 40 كلیۆمەتر درێژیی بۆڕییەكە، 251 كیلۆمەتریش بۆڕی بۆ دابەشكردنی ئاو بۆ ناو قوشتەپە و ناحیەی بیستانە و گوندەكان لەخۆ دەگرێت، بەهۆیه‌وه زیاتر له 65 هه‌زار كه‌س سوودمه‌ند ده‌بن و 110 بیری ئاوی خواردنەوەش دەگیرێنەوە.
به‌ردی بنا‌غەی پڕۆژه‌كه له 17ی ئه‌یلوولی 2024 له‌لایه‌ن مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە داندرا، تێچووی 230 ملیار دیناره، به‌پێی گوته‌ی بژار مه‌لا خدر، كاركردن له پڕۆژه‌كه بیست و چوار كاتژمێرییه، بڕیاره تا كۆتاییی ئه‌مساڵ ته‌واو بكرێ، بەمەش سه‌دا سه‌دی گرفتی ئاوی خواردنه‌وه‌ی قه‌زای قوشته‌په و ناحیه‌ی بیستانه و نزیكه‌ی 80 گوندی سنووره‌كه بۆ 30 ساڵی داهاتوو چارەسه‌ر دەبێت.
به‌پێی چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌ك، قوشته‌په ناوچه‌یه‌كی هه‌ستیار و مه‌ترسیدار بوو له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش، چونكه ئاوی ژێر زه‌وی له ناوچه‌كه به ئاستێك دابه‌زیبوو كە بووبووە هۆی وشكبوونی زۆربه‌ی بیره‌كانی سنووره‌كه، ته‌نانه‌ت قووڵترین بیر له‌سه‌ر ئاستی عێراق له‌و سنوورەیه، كه 715 مه‌تر قووڵە و هیچ ئامێرێك نییه بیری له‌وه قووڵتر لێ بدات، به‌ته‌واوبوونی ئه‌و پڕۆژه‌یه ئه‌و مه‌ترسییه له‌سه‌ر ناوچه‌كه نامێنێت.