لە كاتێكدا پێشکەوتنی پیشەسازی وای كردووە چەندین جۆری کانزای نوێ بۆ دروستکردنی قاپ و مەنجەڵ و کەرەستەی خواردن پەیدابێت، هێشتا ئەو کەرەستانەی لە فافۆن دروست کراون، خواستیان لەسەر ماوە، تەنانەت بەشێكی خەڵك بۆ بەكارهێنانی و بەشێكیش وەك یادەوەری و نۆستاڵژیا بۆیان دەگەڕێنەوە.
قاپ و كەرەسەتە فافۆنییەكان بەشێكن لە مێژووی بەكارهێنان لە هەولێر و ناوچەكە، هەندێك كەس پێیانوایە بەدەر لە پاشخانە مێژووییەكەی، لە ڕووی تەندروستیشەوە باشترە بۆ تێدا خواردن و خواردنەوە، سەرباری ئەوەی چێژیشی زیاترە.
پێشتر لە نزیک پردی سەیداوە لە بازاڕی شێخه‌ڵڵاوە تا نزیك باغی شار، تژی ئەو دوکانانەی کەلوپەل و کەرەستەی لە فافۆن دروستکراو بوون كە خەڵك وەك بازاڕێكی سەرەكی ڕوویان تێ دەكرد، بەڵام ئێستا جگە لەوەی ژمارەیان كەم بووەتەوە، زیاتریش بوونەتە سەرچاوەیەك بۆ فرۆشتنی ئەو كەرەستانە وەك ئەنتیك تا وەك پێداویستی.
هێشتا قۆری بەدارەوە و مەنجەڵ لەنێو یەکتری و دەنگی قاپ و کەوچکی فافۆن دیمەن و دەنگی نەبراوەیە لەم بازاڕەدا، محه‌مه‌د عه‌زیز (تەمەن ٥٠ ساڵ) نزیكه‌ی سی ساڵه له‌م بازاڕه دوكانی فرۆشتنی كه‌لوپه‌لی فافۆنی هه‌یه، ده‌ڵێ ئه‌گه‌رچی چه‌ندین جۆر کانزا و کەرەستەی جیاواز پەیدا بوون، كه‌لوپەلیان لێ دروست ده‌كرێت وه‌كو تیڤاڵ و ستیل، به‌ڵام خواست له‌سه‌ر كه‌لوپه‌لی فافۆن هەر ماوە، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه فافۆن له ڕووی ته‌ندروستییه‌وه باشتره و هه‌روه‌ها بۆ هه‌ڵگرتنی خواردن له‌ناو سه‌لاجه زۆر باشه، چونكه ساردی وه‌رده‌گرێت، بۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ی خواردنیش باشه و زوو گه‌رمی ده‌گه‌یه‌نێت.
ئەو به‌ده‌م وه‌ڵامدانه‌وه‌ی کڕیارەکانی فافۆن، بۆ بڵاوكراوه‌ی (گڵكه‌ند) باس له سه‌رچاوه‌ی مادده‌ی خامی فافۆن ده‌كات و ده‌ڵێ «مادده‌ی خاوی فافۆن له چینه‌وه دێت، له به‌غدا و موسرێ ته‌شت و مه‌نجه‌ر و قاپ و ئه‌و شتانه‌ی لێ دروست ده‌كرێ، له هه‌ولێرێش یه‌ك مه‌عمه‌ل هه‌یه كه ئه‌و شتانه له فافۆنی دروست ده‌كات، خه‌رك ئێستا گه‌ڕایته‌وه سه‌ر فافۆنی، زۆر ده‌یكڕن، هه‌تا مه‌نجه‌ره‌كی تیڤاڵ ده‌فرۆشم، ده مه‌نجه‌ری فافۆن ده‌فرۆشم، قۆریه و قاپ و مراكی فافۆنیش خه‌رك زۆر داوا ده‌كاتن“.
هەروەها ئاماژەش به‌وه ده‌كات كه ده‌توانن قه‌باره و دیزانی جیاواز به‌پێی خواستی كڕیاره‌كانیان دروست بكه‌ن، به‌تایبه‌ت بۆ چێشتخانەكان و یاخود ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خواردن بۆ بۆنەكان لێ ده‌نێن.
ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سی ساڵ و بەسەرەوەیە هێشتا بەکارهێنانی کەلوپەلی فافۆن بۆ خواردن و خواردنەوە وەکو یادگارییەکی جاران دەزانن، بەشێکیشیان ئەگەر بەکاریشی نەهێنن، بەڵام دڵیان لەلایەتی و کە بەرچاویان دەکەوێت رۆژگاری منداڵی و هەرزەکارییان بیر دەکەوێتەوە.
ئەو فرۆشیارە باس له‌و جۆره مه‌نجه‌ڵانه‌ش ده‌كات كه به‌ناوی تیڤاڵ ده‌فرۆشێن، ده‌ڵێ ئه‌و مه‌نجه‌ڵانه زۆربه‌یان فافۆنن، به‌ڵام بۆیاغێكیان لێ ده‌ده‌ن ناوی ده‌نێن تیڤاڵ، ئه‌وه زۆر خراپه، چونكه پاش دوو سێ ساڵ له‌گه‌ڵ گه‌رمكردنی بۆیاغه‌كه‌ی پێوه نامێنێ دوور نییه كاریگەری له شیوه‌كه‌ش بكات.
له‌باره‌ی ماوه‌ی به‌رگه‌گرتنی فافۆن و ته‌مه‌نی، محه‌مه‌د عه‌زیز ئه‌وه ناشارێته‌وه ئه‌گه‌ر رێژه‌ی فافۆن له دروستكردنی كه‌رەستەکان زیاتر به‌كارهاتبێت ئه‌وه پته‌وتری ده‌كات و ته‌مه‌نی درێژتر ده‌بێت و نزیكه‌ی چل ساڵ ده‌توانێت به‌رگه بگرێت، به گه‌رمبوون و به‌ربوونه‌وه‌ش خوار نابێت و خواردنیش به بنیه‌وه نانووسێت.
ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه مامه‌ڵه‌كردن واتە کڕین و فرۆشتنی کەرەستەی فافۆن وه‌ك هه‌ر كانزایه‌كی تر به كێشە، كیلۆی به 7 هه‌زار دینار ده‌كڕن و به 10 هه‌زار ده‌یفرۆشنه‌وه، ئاماژه به دووباره به‌كارهێنانه‌وه‌شی ده‌كات و ده‌ڵێت، كیلۆی فافۆنی كه‌ونه به به 1750 دینارییه، خڕ ده‌كرێته‌وه و ده‌بردرێته‌وه كارگە و شتی دیكه‌ی لێ دروست ده‌كه‌ن.