كاتێ لە زێدەکەت دوور دەكەویتەوە، لە هەر کوێ هەوارت هەڵبدەی، بیر و هۆشت دەتگەڕێننەوە بۆ یادەوەرییەکانی زێدی خۆت، ئەو جێیەی چاوت تێدا هەڵێناوە و گەشەت کردووە.
لە گەڕەکى حاجى حانى شارى سلێمانی چاوم هەڵێنا و لەگەڵ ڕۆژگاردا هەنگاوم هەڵگرت، هەوراز و نشێو و گەرمى و ساردیی زۆرم لە ژیاندا چەشت، 43 ساڵم لەوێ بەڕێ کرد. بەهۆى کارکردنم لە بەڕێوەبەرایەتییەکى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان، چارەنووس لە کۆتاییی (2006) بنە و بارگەى پێ پێچامەوە بۆ شەكرە شارى هەولێر، لە دیوانى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان وەک فەرمانبەر دەستبەکار بووم.
سەرەتا لە هەولێرى ئازیز هۆنراوەکەى وەلى دێوانە بووبووە وێردى سەرزارم، بێکەس و تەنیام بێ هاودەم ماوم، لە گێژیی دەریاى خەما خنکاوم. بەڵام ئەو نائومێدییە لە ماوەیەکى کەمدا ڕەوییەوە، لە شوێنى کارکردنم کەسانێک هەبوون، لە ماوەیەکى زۆر کەمدا بوونە برا و خوشکى هەمیشەییم، نەک لە گێژاوى خەمدا، بەڵکو بەهەست و سۆز و خەسڵەتە جوانەکانیان، بەکار و کردەوە شیرینەکانیان منیان لە زەریاى خۆشی و خۆشبەختیدا نوقم کرد.
ڕۆژ بەڕۆژ لە هەولێر دەرگەى زیاتر بە ڕوومدا دەکرایەوە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان فراوانتر و لێوڕێژتر بوون لە خۆشەویستى و ڕێز و لەئامێزگرتنى زیاتر، ماوەى 18 ساڵ و نیو لە شەکرە شارەکەى هەولێر توانیم بەوپەڕى بەختەوەری و ئاسوودەیی بژیم، ڕۆژ بەڕۆژ تێکەڵاوبوونم لەگەڵ هونەرمەندان، ڕۆشنبیران و شاعیران و ڕاگەیاندنکار و ڕۆژنامەنووس و کەسایەتى و خەڵکى ئاسایی زیاتر دەبوو، هەمووشى لوتف و موحیبەت و ڕێز و خۆشەویستیی ئەو ئازیزانە بوو منیان کەمەندکێشى ئەو ژیانە نوێیە دەکرد. لە ماوەى بەسەربردنى ژیانم لە هەولێرى پایەتەخت، زۆر شتى جوان فێر بووم، خەڵکە ئازیزەکەى بەهەستى جوان و لێوانلێو لە فەرهەنگى خۆشەویستى و ڕێز و یەکتر قبووڵکردن منیان نوقمى ئەو خەسڵەتە بەرز و پڕ خۆشەویستییە کرد، لەو چەند ساڵەدا ژینگەیەکى لەبارم بۆ ڕەخسا کە زیاتر دەست بدەمە خامە و خزمەتی نەتەوەکەم بکەم.
هەولێر زێدى دووەممە و هەمیشە شانازى بەناو و نازناو و خەڵکەكەی دەکەم، ناتوانم هیچ کات ئەو لەئامێزگرتنەیان فەرامۆش بکەم، لەو چەند ساڵەدا زۆر جار لە کاتى کەوتنمدا، بەپەرۆشەوە دەستیان دەگرتم، هەمیشە قەرزاربارى ئەو هەموو خۆشەویستییەم و هیچ کات دەستى میهرەبانى و پڕ خۆشەویستیی ئەوان فەرامۆش ناکەم.