بەری ١٣٩ ساڵ، كە حوکمڕانی عوسمانی هێواش هێواش بەرەو لاوازبوون دەچوو، شار و شارۆچکەکان دابەش دەبوونە سەر کۆمەڵێک گەڕەکی نیشتەجێبوون، بەپێی ڕێکخستنە ئیدارییەکان هەر گەڕەکێک یەکەیەکی ئیداریی بۆ دروست دەکرا و کەسێک دەبووە موختار و سەرپەرشتیی دەکرد، بەڵام لە هەولێر بەڕێوەبەرایەتییەک بۆ خزمەتگوزاریی شارەکە دامەزرا، بریتی بوو لە ئەنجوومەنێك لە کەسایەتییەکانی شار.
ساڵی ١٨٨٥ یەکەم بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی هەولێر دامەزرا، لە دوای ساڵێک یەكەم ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر دروست بوو، ئەندامانی ئەنجوومەنیش ژمارەیان لە شەش کەس تا دوازدە کەس پێك دەهات.
لە پاڵ ئەنداماندا، ژمارەیەک کارمەندی پسپۆڕی وەک ئەندازیاری شارەوانی، پزیشك، نووسەر و ئەمینی سندوق هەبوون، هەڵبژاردنیش هەر چوار ساڵ جارێک بوو، ئەندامەکان لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردران، تەنها سەرۆکی ئەنجوومەن نەبێت كە بە فەرمانی حکوومەت دادەمەزرا، دەبوایە یەکێک بێت لە کەسایەتییە دیارەکانی شار، مووچەکەشی لە داهاتی شارەوانییەوە دابین دەکرا.
ئەندامانی ئەنجوومەن دەبوایە خاوەنی سەروەت و سامان و موڵک و ماڵ بوونایە، هیچ مووچەیەکیشیان وەرنەدەگرت، هەر تەنها ئەندامی شەرەف بوون و هەردوو ساڵ جارێکیش نیوەیان دەگۆڕدران.
ئەنجوومەنی شارەوانی ئەرکەکانی زۆر بوون، لەوانە دروستکردنی خانوو و فراوانکردنی ڕێگەوبان و چاککردنەوەیان. دروستکردنی شۆستە و ئاوەڕۆ. کۆکردنەوەی داهاتی شارەوانی و خەرجکردنی بۆ سوودەکانی گشتی. سەرپەرشتیکردنی ئەو خانووانەی سەر بە شارەوانین. ئامادەباشی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی لە شارەکەدا. دروستکردنی شوێنی حەوانەوە بۆ بێسەرپەرشتان و نەخۆشخانەکان، هەروەها دانانی باج لەسەر کرێی ئەو ئۆتۆمۆبێلانەی لە سنووری شارەوانی کار دەکەن.
دیارە ئەم چاڵاکییانە لەو کات و سەردەمیدا، هەنگاوێکی گرینگ بوو بۆ چەسپاندنی یاسا و هەوڵدان بۆ بوونی هەولێر بە شارێکی دامەزراوەیی، کە بۆ ئەوێ ڕۆژێ پەیڕەوکردنی سیستەمێکی زیرەکانەی ئەم ئەنجوومەنە بووە، تا ببێتە بناغەیەک بۆ مێژووی دواڕۆژی ئەم شارە، بە باوەڕی هەمووانیش هەڵبژاردنی ئەو کەسایەتییانە بۆ ئەو ئەنجوومەنە، ئەوپەڕی عەقڵیەتی دروست بووە، چونکە هەم لە ڕووی دەستنیشانکردنی کات و هەڵبژاردنەکانیان و هەم لە ڕاستگۆیی و دەستپاکییان، ئەوە سەلمێندراوە ئەو کەسانە جگە لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری هیچ ئامانجێکی دیکەیان نەبووە بۆ شاری هەولێر، هەر ئەوەش وای کردووە ئەنجوومەنی شارەوانی ساڵی دووجار لەگەڵ ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆ ببێتەوە و کۆمەڵەی شارەوانی دروست بکەن، هەموو کار و چاڵاکییەکانیان لە ڕاپۆرتێکی ساڵانەی تێروتەسەل ئامادە بکەن و بیخەنە بەردەم (والی)، تا لە ئەنجوومەنی کارگێڕیی ویلایەت گفتوگۆی لەسەر بکرێ، ئەمەش بۆ دەستنیشانکردنی بودجە و ژمێریاریی گشتی و ئەو گۆڕانکارییانەی دێنە پێشەوە و گونجاندنی لەگەڵ ئەو پێشنیارانەی بۆ پێویستیی بەرژەوەندیی گشتین.