بەپێی بەڵگەنامەیەكی مێژووییی سنووری پارێزگەی هەولێر، شەوی 13/12/1977 لافاوێکی گەورە هەولێری گرتەوە، بەهۆیەوە چەندین هاووڵاتی لە چوار گەڕەک زیانیان بەرکەوت و هۆڵەكانی چوار قوتابخانە بۆ لەخۆگرتنیان ئامادە كران.
نووسراوێكی پارێزگەی هەولێر لە ڕۆژی 14/12/1977 بە ئامێری بێتەل بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق نێردراوە بۆ ئاگەداربوون لەو ڕووداوەی شەوی پێشتر و بەرەبەیانی ئەو ڕۆژە.
لافاوەکە بەهۆی بارانی بەخوڕ دروست بووە و زیانێکی زۆری ماددیی بەخانووی هاووڵاتیان لە گەڕەکەکانی کوران، ئیسکان، مستەوفی و بەلاشاوە گەیاندووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، پارێزگەی هەولێر داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە کردووە چوار هۆڵ لە چوار قوتابخانەی سنووری ئەو گەڕەکانە بۆ لەخۆگرتنی خەڵکە زیان پێگەیشتووەکە، ئامادە بکەن.
جگە لە ئامادەکردنی هۆڵەکان، پارێزگەی هەولێر داوای کردووە دوو پاسەوان بۆ پاراستنی هۆڵەکان بەشێوەی بەردەوام دابین بکرێن و هاوکاریی خەڵکەکە بکەن بۆ گواستنەوەیان بۆ ناو هۆڵەکان بەکەلوپەل و خواردنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هەولێر لە وەڵامی نووسراوەکەدا ڕای گەیاندووە، چوار هۆڵیان ئامادە کردووە لە قوتابخانەی سەرەتاییی دڵسۆزی کوڕان لە گەڕەکی ئیسکان، قوتابخانەی سەرەتاییی ئازادیی کوڕان، قوتابخانەی ناوەندیی جمهوری و قوتابخانەی سەرەتاییی سەفینی کچان.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر لە نووسراوێکی دیکەدا، بە ئاماژەکردن بەنووسراوی پۆلیسی مەخموور ڕای گەیاندووە، لەگەڵ لافاوەکەی هەولێر، لافاو لە شارۆچکەی مەخموور و گوندەکانی سنوورەکە دروست بووە و زیانێکی ماددیی زۆری بە خەڵکەکە گەیاندووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
زیانەکانی لافاوەکەی سنووری مەخموور:
- بەشێک لە خانووەکانی مەخموور وێران بوون.
- ٣٥ خانوو لە گوندی تەلەمیرە (چەغەمیرە) لە سنووری ناحیەی کەندێناوە ڕووخاون.
- زیاتر لە ٣٠ خانوو لە گوندی گوجیلان (عاڵڵا گوجیلان) لە سنووری ناحیەی کەندێناوە ڕووخاون.