خەڵک بایەخی زۆر بەسەرەتاکان دەدەن، ساتەکانی هاتنە بوون و دەرکەوتن، کێ مێژووی هاتنە دنیای خۆی یان خۆشەویستترین کەسی لە بیر دەچێت؟ کێ مێژووی دەستپێکردنی یەکەم کاری خۆی لە بیر دەچێت، تەنانەت ئەگەر دوکانێکیش بێت؟ ئەی چۆن دەتوانرێ مێژووی هاتنە بوونی گوند یان شارێك لە بیر بکرێ؟
ئەم بەڵگەنامەیەی لێرە دەخرێتە ڕوو، بۆ گەشتێکمان دەبات کە بە قووڵاییی پێنج سەدە لە مێژوودا درێژ دەبێتەوە، تا ببینە شایەتحاڵی هاتنە دنیای هەندێک کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون کە لە پزدانی هەولێری دایک؛ ترازاون و هاتوونەتە بوون.
ئەم بەڵگەنامەیە لە کۆنترین ئەو بەڵگەنامە عوسمانییانەیە کە ناوی هەولێری تێدا هاتووە، ژمارەی بەڵگەنامەکە بریتییە لە MAD.d.17670.00220، چەند ساڵێکی کەم دوای ئەوەی ناوچەکە کەوتووەتە ژێر قەڵەمڕەوی دەوڵەتی عوسمانی و بە دروستیش لە ڕێکەوتی: ٢٩/ ١٢/ ٩٩٦ی کۆچی، بەرامبەر بە ١٩/ ١١/ ١٥٨٨ی زاینیدا تۆمار کراوە.
لە بنچینەدا بەڵگەنامەکە تێنووسێکی گەورەی تایبەتە بەشاری هەولێر و شارەزوور و کەرکووک، بەشێوەی تۆمارێک کە بڕیارەکانی بەخشینی پارچە زەویی بەتاڵی کشتوکاڵی، یان گوندە چۆڵکراوەکانی بەهەندێک لە موتەسەڕیفەکانی ئەو سەردەمەی تێدا تۆمار کراوە، لە پاڵ مەرج و بڕیارە تایبەت و پەیوەندیدارەکان.
پشکی ناوچەکانی سەر بەهەولێر لەم تێنووسەدا (١٠) لاپەڕەی گەورەیە. ئامانجیش زیندووکردنەوە و بووژاندنەوەی ئەو زەوییانە بووە، لە ڕێگەی داچاندنیان یان بەخێوکردنی مەڕوماڵات تیایاندا، سەرباری پرسە پەیوەندیدارەکانی دیکەی وەک دەستەبەری نیشتەجێکردنی جووتیار و شوانکاران، تا بە خاووخێزانەوە لەوێ بژین، لە پاڵ هەر کارێکی پێویستی دیکە لە بیناسازی بۆ نیشتەجێکردنی ئەو خانەوادانە و دابینکردنی تەویلە بۆ مەڕوماڵاتەکان. دەتوانین ئەو ڕێککەوتە بە مێژووی دامەزراندنی یەکەم کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لەو ناوچەیەدا هەژمار بکەین، چونکە بەپێی بەڵگەنامەکە، لە پێش ئەوەدا چۆڵ و وێرانە بوون.
بۆی هەیە ناوی ئەو کۆمەڵگەیانەی کە لە بەڵگەنامەکەدا هاتوون، لە هەولێر نزیک بن یان دوور، بەڵام لە ڕووی کارگێڕییەوە هەر سەر بەهەولێر بوون، ڕەنگە ئەو ناوانە تا ئەمڕۆ وەک خۆیان مابنەوە، یان بەتێپەڕبوونی کات گۆڕانکارییان بەسەردا هاتبێت. تەنانەت دەشێت هەندێک لەو شوێنانە ئەمڕۆ بەناوچەی دیکەوە لکێنرابن و ناوە ڕەسەنەکەیان ون بووبێت و بگرە ڕێی تێ دەچێت هەندێکیشیان لەناوچووبن. بۆیە وا باشە ناوەکانیان بەو شێوەیە بخەینە ڕوو کە ئەوسا لە بەڵگەنامەکەدا تۆمار کراون.
ئەو ناوانەی لە بەڵگەنامەکەدا هاتوون، ئەوە ناگەیەنن کە ناوی لۆكاڵیی ئەو شوێنانە بن، لەوانەیە ناوە فەرمییەکان لە ناونانی سەرزارەکیی خەڵکی شوێنەکە جیاواز بووبێت. تەنانەت شارێکی دێرینی وەک (ئەربیل)، کە خەڵکەکەی پێی دەڵێن (هەولێر)، کەچی هەرگیز ناوەکە بەو شێوەیە لە هیچ بەڵگەنامەیەکی عوسمانیدا نەهاتووە، بەڵکو سەرەڕای ئەوەی زۆریش دووبارە بووەتەوە، هەر بە (ئەربیل) هاتووە.
بۆی هەیە لەم بەڵگەنامەیەدا وردەکاری لەسەر بڕیاری پاشکۆیەتیی هەندێک کێڵگەی بچووکی دیکە بۆ کۆمەڵگەی گەورەتری ئەو سەردەمە بدۆزینەوە، ئەمەش دەروازەیەکی بەرفراوان بۆ توێژینەوەی ئەم بەڵگەنامەیە و هاوشێوەکانی، لە بەردەم پسپۆڕان ئاوەڵا دەکات، بۆ ئەوەی زۆر لایەنی مێژووی نیشتەجێبوون و کشتوکاڵ و کار و ڕێکخستنی کارگێڕی لە هەولێر و دەوروبەری لە ماوەی پێنج سەدەدا ئاشکرا بکەن.
لەو کۆمەڵگەیانەی کە بەڵگەنامەکە مێژووی هاتنە بوونیان دەسەلمێنێت:
ئاق/ئاک تاش، سۆرک کە کێڵگەی گەورەی پێوە پەیوەستە، گوندی شێخ شەروان، کێڵگەی گەویلان، کێڵگەی قوشیخە، کێڵگەی ئوچ کەلەک، قزل باش، گولان بیاغی، باش/ماس خەرابە، کێڵگەی حاجی مەلەک، بولاق، شەمعون ئاباد، گوندی دەگرمنجەک، گۆل تەپە، قەرەسو، دەوواسە، شەمسییە، قەمەریە، نەجمیە، کێڵگەی حاجی مەحموود، بەشیر، شێخ تاجەدین، قەرە یەناق، مەرحالە، کەهرلوو نزیک سورچی، خوای درەسی، بیری قەبو، قوتبەدین، پیرداود، پیر، یورتلو، یەکیجە/یەنیجە، کێڵگەی کوش/قوش تەپە، موسکان/هوسکان، خەرابە ڕەجەب.
لەو ناوانەی لە بەڵگەنامەکەدا هاتوون، لەوانەی مافی بەکارهێنانی زەوییەکانی ئەم ناوچانەیان پێ دراوە:
حەسەنی کوڕی ئەبوبەکر، سلێمان بەگ و براکەی محەمەد بەگی سوهرانی، فەرهاد پاشا، یەعقوب زادەڵڵا، بەهائەدینی کوڕی حوسەین، عەلی کوڕی شەهسوار، شێخی کوڕی حەسەن، قەنبەر و محەمەدی کوڕانی پیر ئەحمەد، محەمەدی کوڕی قولی، عەلیکی کوڕی حەسەن، عیزەدینی کوڕی شوکری و ئەبوبەکری کوڕی یوسفی کوڕی محەمەد.
ئەم بەڵگەنامەیە لەبەر کۆنی و ڕەسەنایەتییەکەی، سەرچاوەیەکە بۆ بەڵگەنامەی هاوشێوە کە چاوەڕوانی هەوڵی توێژەرانە بۆ شیکار و لێکۆڵینەوە و بەراورد لەگەڵ گێڕانەوە زارەکییەکان و تۆمار و سەرچاوەکانی دیکە، کە باس لە دیرۆکی سەرەتاکانی دروستبوونی ئەم کۆمەڵگەیانەی نیشتەجێبوون دەکەن، کەوا ڕەنگە ئەمڕۆ هەندێکیان بووبن بە شارۆچکە یان شاری بچووک.