پاش چه‌ند ساڵێك كنه‌كردنی شوێنه‌وارناسانی بیانی و خۆماڵی له ئەشكەوتی «پڵنگان»ی سه‌ر به‌شارۆچكه‌ی خەلیفان، سێ چین شوێنه‌واریان دۆزییه‌وه كه مێژووی پێش 20 هه‌زار ساڵی مرۆڤ ئاشكرا ده‌كه‌ن.
د. عه‌بدولوەهاب سلێمان بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران بە (گڵگەند)ی ڕاگەیاند ئەشكەوتی پڵنگان دەكەوێتە ناو گەلی چناران لە شاره‌دێی سرێشمەی سەر بەشارۆچكه‌ی خەلیفان و ساڵی 2016 لە میانی چاڵاكییەكی شوێنەواریدا دۆزراوەتەوە. ئەو كاتە د. عه‌بدولوەهاب سلێمان سەرقاڵی نووسینی تێزی ماستەر بووە لەسەر هونەری سەر بەرد لە پارێزگەی هەولێر، سۆران و چۆمانی بە نموونە هێنابووەوە، لەم ڕێگەیەوە ئەشكه‌وته‌كەیان دۆزییە‌وه و ناوی وه‌ك شوێنه‌وار تۆمار كرا.
ئەو بەرپرسەی شوێنەوار ئاماژەی بەوەش دا كە لەگەڵ تیمێكی ناوەخۆی كوردستان گرێبەستێكیان لەگەڵ زانكۆی (ئۆتۆنۆمۆس)ی ئیسپانیا ئیمزا كردووە بۆ كنه‌كردن له ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا، ئه‌وه بوو یەكەم وەرزی كاركردنیان ساڵی 2017 ده‌ست پێ كرد، پاشتر به سێ وه‌رزی كاركردن گەیشتنە ئەنجامی كۆتایی.
بە گوتەی د. عه‌بدولوەهاب، میكوێل مۆلیستە سەرۆكی تیمی زانكۆ ئیسپانییەكە به‌كاركردن له شوێنه‌واره مێژوویییه‌كانی كوردستان خۆشحاڵ بووە و پێی وایە كوردستان شوێنێكی زۆر گرینگە بۆ تێگەیشتنی مێژووی مرۆڤایەتی، بەتایبەت كە لە ئەشكەوتی پڵنگان ئه‌نجامی باش به‌ده‌ست هاتوون. تیمه‌كه سێ چین شوێنه‌واریان له ئەشكەوتی پڵنگان دۆزیوه‌ته‌وه، چینی یەكەم، بۆ (10- 20) هەزار ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە. چینی دووەم، بۆ چاخی بەردین و چینی سێیەمیش بۆ چاخی برۆنزی دەگەڕێتەوە. لای خۆیەوە قایمقامی شارۆچكه‌ی خەلیفان بەپشتبه‌ستن به‌ئاماری بەڕێوه‌بەرایەتیی شوێنەواری سۆران ڕای گه‌یاندووە كە نزیكە 120 شوێنەواری مێژوویی لە سنوورەكەدا هەن. ئەشكەوتی پڵنگان یەكێكه لە گرینگ‌ترین شوێنەوارە كۆنەكانی ناوچەكە لە دوای ئەشكەوتی شانەدەر، كه له چاخه دێرینه‌كاندا مرۆڤیان تێدا ژیاوه.