چایخانەیەک لە شەقڵاوە ماوەی 40 ساڵە دانیشتوانی كریستیان و موسوڵمانی سنوورەكە لەسەر مێزی چاخواردنەوە کۆ دەکاتەوە.
وەستا مزەفەر لەوەتەی 1986ەوە لەو چایخانەیە كار دەكات كە لەسەر دەستی باوکی کراوەتەوە، ئێستەش هەموو ڕۆژێك لە دوای نوێژی بەیانییەوە تا شێوان چای گەرم پێشكێشی میوانان دەكات.
جگە لە گەنج و پیرەپیاوانی كریستیان و موسوڵمانی شەقڵاوە، بەهۆی ئەوەی كەوتووەتە سەر ڕێگەی سەرەكیی شار، گەشتیار و ڕێبوارانیش بۆ چاخواردنەوە و پشوودان ڕووی تێ دەکەن، ئەمەش سەرباری بچووكیی ڕووبەرەكەی. چایخانەکە لە تەنیشت مزگەوتی گەورەی گوندی شەقڵاوەیە، کە ئێستە بووەتە ناوەندی شارۆچکەکە، مزگەوتەکەش یەکێکە لە مزگەوتە دێرین و کۆنەکانی سنوورەکە و کوردستان. وەستا مزەفەر لە بارەی چایخانەكەیەوە بۆ (گڵكەند) ئاماژەی بەوە کرد، خەڵکی موسوڵمان و كریستیان سەردانی دەکەن، بەدەم چاخواردنەوەوە، دۆستانە قسە و باسی خۆیان دەکەن، زۆر جاریش بەر لە ڕۆیشتن، برادەرە كریستیان و موسوڵمانەکان پارەی چای یەكتر دەدەن. ئەو چایخانەیە ئێستە یەكێ لە ئادگارە بچووكەكانی شەقڵاوەیە، ڕۆژانە لە كەشێكی برایانەدا، دەیان چیڕۆكی نەبیستراو لە زارەوە بۆ گوێی یەكتر دەگێڕدرێنەوە.
شەقڵاوە، کەوتووەتە باکوری ڕۆژهەڵاتی هەولێر، لە ساڵی 1952 بووەتە قەزا و نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە ناوەندی هەولێر دوورە. دانیشتوانی موسوڵمان و كریستیانن، کە وەک دۆست و خزم بەیەکەوە دەژین. تێکەڵی و پێکەوەژیانی پەیڕەوانی هەردوو ئاین تێیدا بەڕادەیەکە، کە مەزاری پیاوچاکی هاوبەشیان هەیە و خەڵکی هەردوو ئاین بۆ مرازی دڵی خۆیان، سەردانی دەکەن.