به‌شێكی تایبەت به تووشبووانی ئۆتیزم
گەورەترین نەخۆشخانه‌ی 200 قه‌رەو‌ێڵه‌ییی تایبەت به نه‌خۆشیی ده‌روونی دروست دەکرێت، كە ڕووبه‌رەكەی 27 هه‌زار مه‌تر دووجا دەبێ و شەش ملیۆن دۆلاری تێ دەچێت.
جگە لە یەكەكانی چارەسەری، لە نەخۆشخانە دەروونییەكەدا، ڕووبەرێكی بەرفرەوان بۆ باخچه و شوێنی حەوانەوە و یاریگەی وەرزشی تەرخان كراوە.
نەخۆشخانەكە ده‌كه‌وێته گه‌ڕه‌كی ڕۆشنبیریی هەولێر، ماوه‌ی دوو ساڵه دەست بە‌دروستكردنی كراوە و 60%ی پڕۆژەكە تەواو بووە.
دلۆڤان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر له باره‌ی پێكهاته و وردەکاریی بەشەکانی پڕۆژەكە، بە(گڵكه‌ند)ی ڕاگه‌یاند كە له پێنج باڵه‌خانه پێك دێت، یه‌كێكیان تایبه‌ته به ڕاوێژكاری و كارگێڕیی نه‌خۆشخانه، دوو باڵه‌خانه‌ش بۆ ژنانی نه‌خۆش، یه‌كێكیان بۆ نه‌خۆشانی درێژخایه‌ن كه پێی ده‌وترێت (كرۆنیك) و به‌شه‌كه‌ی دیكەش بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌یه كه پێویستیان به‌مانه‌وه‌یه‌كی زۆر نابێت له نه‌خۆشخانه، واتە ئەوانەی به چه‌ند ڕۆژێك چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن و پێی ده‌گوترێت (ئه‌كویت)، دوو به‌شه‌كه‌ی دیكەش به هه‌مان شێوه بۆ پیاوان دابین كراوه.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌کە له ڕووی ڕووبه‌ره‌وه گه‌وره‌یه، تەواوكردنی پێویستی به كاتی زۆر هەبووە، بەڵام بەگوتەی بەڕێوەبەرە تەندروستییەكە، چاوەڕوان دەكرێ كۆتاییی ئەمساڵ نەخۆشخانەكە تەواو بێت.
ئەمە یەكەم نه‌خۆشخانه‌یه لە هه‌ولێر كە ژنانی نه‌خۆشیی ده‌روونی تێدا بخه‌وێندرێن، به‌و پێیه‌ی ئه‌و باڵەخانەیەی ئێستە بۆ نەخۆشانی دەروونی دابین كراوە، كه‌وتووەته نێو باڵه‌خانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ولێری فێركاری و شوێنه‌كه‌ی زۆر بچووكه و تەنها 30 نه‌خۆش دەگرێت و تایبەتە بەڕەگەزی نێر.
نەخۆشخانەكە پڕۆژەیەكی خێرخوازییه و له‌لایه‌ن دوكتۆر عوسمان نانه‌كه‌لی دروست ده‌كرێت، به‌ڵام تێچووی كه‌لوپه‌ل و پێداویستییەكانی ناو نه‌خۆشخانه‌كه له‌سه‌ر ئه‌ركی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت و بڕی یەك ملیۆن دۆلاری بۆ دابین دەكرێت. بیرۆكه‌یەكیش هەیە بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوودا به‌شێكی تایبەت بکرێت به‌تووشبووانی ئۆتیزم.
به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی هه‌ولێر ڕەتی دەكاتەوە زانیاری‌یان لە بارەی ژمارەی تووشبووانی نەخۆشیی دەروونی لە سنووری پارێزگەکە هەبێت، یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوەیە كە هێشتا خه‌ڵكێكی زۆر له‌به‌ر توانج و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌خۆشه‌كانیان نابه‌ن بۆ لای پزیشكی پسپۆڕ و وەك نەخۆشیی دەروونی تۆماریان ناكەن.