مام دەروێش ئەمبوڵانسەکەی گوندی کێشکێ
مام دەروێش ئەمبوڵانسەکەی گوندی کێشکێ
July 06, 2025

لە گوندی كێشكێ پیاوێك بە حەفتا ساڵی تەمەنەوە دەستبەرداری شێوەی ژیانی جارانی نابێ، کاروباری ڕۆژانەی خۆی و هاتوچۆی بۆ هەولێر بەماتۆڕسیکلە دوبەکەی بەجێ دەگەیەنێت کە لە ڕۆژانی ڕاپەڕینی شارەکەدا برینداری پێ دەگواستەوە، ئێستەش لە ڕێگەی ئاموور و بەگوێدرێژ زەوییەکانی بۆ کشتوکاڵ دەکێڵێت.


لەلایەن خەڵکی گوندەکەیەوە بە «مام ده‌روێش» بانگ دەکرێت، پیاوێکی سەروڕدێن سپی و بە ویقارە. ناوە ڕاستییەكەی كه‌ریم ئەحمەدە و له‌دایكبووی 1953ی گوندەكەیەتی لە سنووری هه‌ولێر‌.
له‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا بووەتە ده‌روێشی شێخ عه‌بدولكه‌ریمی كه‌سنه‌زانی ڕێبەری ئەو کاتی تەریقەتەکە، بۆیە نازناوی مام دەروێشی پێوە لكاوە، به‌ڵام به‌هۆی كۆچی دواییی باوكییەوە و زیادبوونی بەرپرسیارێتییەکانی، چیی دی بە دەروێشاتی ڕانەگەیشتووە و لە بریی شمشێر و تیغ، ملی داوەتە بەر پەیداكردنی بژێوی.
مام دەروێش لەلایەكی دیكەوە وەك كوڕە گەورەی ماڵ، مردنی باوکی دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان، بەتایبەتی كە دایکیشی شوو دەکاتەوە، بەمەش بەرپرسیاریەتیی دوو برا و خوشكێكیشی دەکەوێتە ئەستۆ.
ئەو پیاوە پیرە، باڵا مامناوەندی باریکەلەیە، بە کورتەک و شەڕواڵەکەیەوە بەنێو گوندەکەیدا دەگەڕێ، بەدەم ڕۆیشتن و ناساندنی شوێنەکانی نێو گوندەکەیەوە کە دوای زیاتر لە پەنجا ساڵ هێشتا ڕووداوەکانی لە مێشکدا هەڵگرتوون، باسی ماتۆڕسیکلەکەی و دوبەكەی بۆ (گڵكەند) دەگێڕێتەوە «مانتۆڕەكەم‌ یابانییه،‌ مۆدیل هه‌شتاودووه‌، ئه‌من ساری هه‌شتاوسێ به‌ هه‌زاروپه‌نجا دیناری له‌ناو گریسی كڕیم، هه‌ینێ به‌و پاره‌ی له‌ هه‌ولێرێ دەتتانی دوو قەتعه‌ عەردی بكڕی، ڕه‌قه‌م و سه‌نه‌ویشی هه‌یه و به‌ناوی خۆشمه‌‌”.
شانازیی زۆر بەو ڕووداوەوە دەكات كە له‌ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی 1991ی هه‌ولێر‌ ماتۆڕ‌سیكله‌كه‌ی لە بریی ئۆتۆمۆبێلی فریاكه‌وتن بەكار هێناوە و دەڵێ «هه‌ینێ گوند هه‌رگیرابوو، مارمان له‌ هه‌ولێرێ بوو، ئه‌من به‌و مانتۆڕه‌ی له‌ ڕۆژی ئینتیفازه‌ی شازده‌ بریندارم گۆسته‌وه‌ لۆ خه‌سته‌خانه‌ی ته‌واری، ئێستەش زۆر جاران هه‌ر به‌و مانتۆڕه‌ی دێمه‌ هه‌ولێرێ،‌ ده‌ست و پێمه‌ هه‌موو ئیشه‌كی پێ ده‌كه‌م”.
مام دەروێش دوو جار هاوسه‌رگیریی كردووه، كچێك و دوو كوڕی هه‌یه‌، ئێستە لە ماڵەکەیدا تەنیا خۆی و هاوژینەکەی دەژین، باسی ئه‌و ئامووره‌ش ده‌كات كه‌ زیاتر له‌ سی ساڵه‌ زه‌ویی پێ ده‌كێڵێت و پێی باشترە لە ئامێری نوێ و دەڵێ “پاش ئه‌وه‌ی گوند ئاوه‌دان بۆوه‌، ئه‌منیش هاتمه‌وه‌ و ئه‌و ئامووره‌م له‌ دار ‌مازی دروست كرد، دوو كه‌ری لێ ده‌به‌ستم و عاردی ڕه‌زه‌كانی پێ ده‌كێرم، له‌ ته‌نه‌كته‌ری باشتره‌، چونكێ ته‌نه‌كته‌ر عا‌ردی تێك ده‌دات، وه‌ختی نۆهه‌ده‌كان لۆ عاله‌مێ عا‌ردم ده‌كێرا، ڕۆژی به‌ سی دیناری، به‌ران ئێستە تاقه‌ته‌كه‌ی جارانم نه‌مایه‌، لۆیه‌ به‌س عاردی خۆم ده‌كێرم”.
ئاموور ئامێرێكی كۆنە و مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه‌، لە دارجۆت، ده‌سته‌مسته‌، لاپوت و گیابڕ پێك دێت، لە ڕێگەی گوێدرێژەوە کاری پێ دەکرێت.
ئەو، ژیانی كێشكێی لە هەولێرێ پێ خۆشترە، دەڵێ شارەزای بست بەبستی گوندەکەیەتی و هەموو دار و بەردێکی دەناسێتەوە، هەر لە کانی و دارەکانیەوە تاوەکو ژمارەی خانووەکان و ماڵ و منداڵ و دانیشتوانی گوندەكە، ئەو باسی مێژووی دارەبەنەكەی گونده‌كه‌شیان دەكات كه‌ له‌ كه‌سانی پێش خۆی گوێ لێ بووه و‌ ته‌مه‌نی له‌ 300 ساڵ زیاتره‌، دەشڵێ دوو كانی له‌ كن داره‌كه‌ی هه‌ن‌، یەكیان ئی پیاوان و ئەوی دی ئی كانی ژنانە.
ئێستە تەنها یازدە ماڵ لە گوندەكە ماون، مام دەروێش بەدەم قسەكردنەوە لەگەڵ خزمەكانی لە ڕێگەی مۆبایلەوە، بەدڵێكی پڕەوە باسی لەوە دەكرد كە جاران زیاتر له‌ حه‌فتا ماڵ لەو گوندە دەژیان، هیواشی ماوە كە ڕۆژەك خەڵك ڕوو لە گوند بكەنەوە و دەست بدەنەوە كشتوكاڵ و ئاژەڵداری.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved