ئه‌حمه‌د خدر ناسراو به ئه‌حمه‌د شەنگە، هه‌شتا و نۆ ساڵ له‌مه‌وپێش له ڕه‌واندز له‌دایك بووه. هه‌ر له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نیه‌وه هه‌ستی به به‌هره هونه‌رییه‌كه‌ی كردووه و له چاڵاكییه هونه‌رییه‌كانی قوتابخانه به‌شداریی كردووه، جگه له ژه‌نین به‌هره‌ی وێنه‌كێشانیشی هه‌بووه و له پێشانگەی قوتابخانه‌كانی سه‌ر ئاستی هه‌ولێردا به‌شداریی كردووه.
ئەو چیڕۆكی هونه‌ریی خۆی بۆ (گڵكه‌ند) ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێ «پاش ئه‌وه‌ی ساری په‌نجا و هه‌شت مته‌وه‌سته‌م ته‌واو كرد، له‌گه‌ر یه‌حیا مه‌رجانی پێكه‌وه چووینه مه‌عهه‌د فنون جه‌میله‌ی به‌غدایێ، له‌وێ ئیختبار كراین و ئه‌من له قسمی مۆسیقای وه‌رگیرام، یه‌حیاش له قسمی ته‌شكیلی وه‌رگیرا.»
وه‌ك خۆی باسی ده‌كات؛ یه‌كێك بووه له قوتابییه زیره‌كه‌كانی په‌یمانگەكه‌ی و دوای ته‌واوبوونی ده‌وام، له باخچه‌ی په‌یمانگەی هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا ئامێری عودی بۆ قوتابییه‌كان ژه‌نیوه و به‌هۆی ژه‌نینی چه‌ندین ئاوازی جوان؛ دڵی چه‌ندین كچی جوانی به‌غدای بۆ خۆی بردووه.
ئه‌حمه‌د شەنگە شانازی به‌وه ده‌كا كه له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌ندین هونه‌رمه‌ند و مامۆستای به‌ناوبانگی عێراق خوێندوویه‌تی و فێری ژه‌نینی ئامێری عود بووه، له‌وانه هونه‌رمه‌ندان منیر به‌شیر و غانم حه‌داد، به ئاوازدانه‌رانی میسری «به‌لیخ حه‌مدی» و «محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب»یش سه‌رسامه.
دوای ئه‌وه‌ی په‌یمانگە ته‌واو ده‌كات ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌ولێر و به مامۆستای هونه‌ر له قوتابخانه‌ی «ئیبن خه‌له‌كان» داده‌مه‌زرێ و به‌شداری له چاڵاكییه‌كانی به‌شی هونه‌ریی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێردا ده‌كات، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، ساڵی 1964 یه‌كه‌م تیپی هونه‌ریی منداڵانی هه‌ولێر له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و دامه‌زراوه.
كاری ژه‌نینی بۆ چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ناودار كردووه، له‌وانه تایه‌ر تۆفیق، مشكۆ، حه‌یده‌ره كه‌چه‌ڵ و چه‌ندانی تر. یه‌كێك بووه له ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی.
شەنگە به عوده‌كه‌ی دڵی هه‌زاران كه‌سی خۆش كردووه، به‌ڵام چاره‌نووس ته‌نیاییی بۆ خۆی هه‌ڵبژاردووه و تا ئێستە ژیانی هاوسه‌رگیریی پێك نه‌هێناوه، دیاره ئه‌وه‌یش ئازاری داوه، به‌تایبه‌ت له‌م قۆناغه‌ی ته‌مه‌نیدا كه پێویستی به‌هاوخه‌م و هاوده‌مێكه، هه‌ر بۆیه ئامۆژگاریی بۆ گه‌نجانی كچ و كوڕ ئه‌وه‌یه هاوسه‌رگیری بكه‌ن، چونكه وه‌ك خۆی ده‌ڵێ «ته‌نیایی هه‌ر بۆ خوا باشه».