كامه‌ران موكریی نووسه‌ر، شاعیر و سیاسه‌توان، كاتێك بەمه‌به‌ستی وانەگوتنه‌وه به قوتابیانی زانكۆ هاتە هه‌ولێر، بڕوانامه‌ی زانكۆی نه‌بوو، به‌ڵام بەهۆی ئه‌زموونی ده‌وڵه‌مه‌ندی له زمان و ئه‌ده‌بدا، بۆ ئه‌و ئه‌ركه ڕا‌سپێردرا، لە كۆتاییشدا هه‌ر لە هەولێر ماڵئاواییی له ژیان كرد.
محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ته‌ها ناسراو به‌كامه‌ران موكری، ساڵی 1929 له سلێمانی له‌دایك بووه و بنه‌چه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ موكریان. به‌هۆی هه‌ڵوێسته نیشتمانییه‌كانی 22 جار گیراوه، ئه‌و كامه‌ران نه‌بوو، بۆیه ئەو نازناوەی بۆ خۆی هه‌ڵبژارد.
خاتوو ئه‌ستێره، كچی دووه‌می كامه‌ران موكری، بۆ (گڵكەند) چیڕۆكی ئه‌و ماوه كورته‌ی ژیانی باوكی له هه‌ولێر دەگێڕێتەوە، باس له‌و ساڵه دەكات كە زانكۆی سلێمانی گوێزرایه‌وه بۆ هه‌ولێر، باوكی له به‌شی كوردیی كۆلێژی ئاداب مامۆستا بوو.
ئەستێرە كامەران باس لەوە دەكات كە باوكی بەهۆی لێهاتوویی له زمانی كوردیدا، لەلایەن دوكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵەوە داوای لێ كرا له زانكۆی سلێمانی وانه بڵێته‌وه، ئەمەش سەرباری ئەوەی كە بڕوانامه‌ی زانكۆی نەبوو.
بەگوتەی كچەكەی موكری، ئەو ناودارە كوردە لە هه‌ولێر بەئاسوودەیی ژیاوە، هه‌میشه هەولێرییەكانی بە خەڵكی زۆر باش و میواندۆست وه‌سف كردووە؛ هه‌ر جارێكیش گه‌ڕاوه‌ته‌وه سلێمانی، چیڕۆكی جوانی و خۆشه‌ویستیی خه‌ڵكی هه‌ولێری بۆ منداڵه‌كانی گێڕاوەتەوە.
كامه‌ران موكری نووسین و شیعری زۆری بۆ هه‌ولێر هه‌بوو، به‌هۆی بارودۆخی سیاسی و ترس له ده‌زگە ئه‌منییه‌كان بڵاوی نەكردنەوە، لە لای هاوڕێكانی هەڵدەگرت، لەم بارەیەوە كچەكەی به‌داخه‌وه دەڵێ كه‌س هیچ لە نووسینەكانی بۆ نه‌گه‌ڕاندوونەتەوە. لە هەمان كاتدا پێزانینی خۆی بۆ هه‌ولێر ده‌رده‌بڕێ، كه پار ڕێوڕه‌سمێكیان بۆ زیندوو ڕاگرتنی یادی باوكی ساز كرد و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته داوه‌تی خانه‌وادەكه‌یان كرد بۆ هه‌ولێر و ڕێزیان لێ نان، به‌وه وه‌فا و ڕێزیان بۆ باوكی دووپات كردووەته‌وه.
كامەران موكری لە سەردەمی ژیانیدا لە هەولێر، لە هۆتێل مێرگه‌سۆر دەماوە، خاوەنەكەی ژوورێكی بەشێوەی هەمیشەیی پێ دابوو، تا به‌یانیی ڕۆژێكی ساڵی 1986 مامۆستا كامه‌ران ناچێته ده‌وام، كە لە ده‌رگەی ژووره‌كه‌ی ده‌ده‌ن؛ نایكاته‌وه، ده‌رگەكه ده‌شكێنن؛ ده‌بینن مامۆستا كامه‌ران گیانی سپاردووه.
موكری لە هەولێر كاریگه‌ریی گەورەی له‌سه‌ر قوتابییه‌كانی هه‌بوو، یەكێك لە قوتابییەكانی دوكتۆر فه‌رهاد پیرباڵ بوو، كه هه‌میشه باسی ده‌كات و به‌مامۆستای ژیانی ناوی ده‌بات.
خاتوو ئەستێرە دەڵێ له گێڕانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی باوكی‌دا بۆ سلێمانی، خه‌ڵكێكی زۆر له هه‌ولێره‌وه تا سلێمانی هاوه‌ڵی بوون و به‌شداریی پرسه‌كه‌یان كرد.