ئەمن و ئەنجێلینا جولی بەپێخواسی
ئەمن و ئەنجێلینا جولی بەپێخواسی

لە بەرنامەی (تەڤن)ی وارتیڤی بەپێخواسی ئامادە بووم.
بەشێكی ڕۆشنبیران پێی قەڵس بوون و زیاتر لە بیست وتار هاتنە بلاڤکرن لەسەر وێ بابەتێ. بەرنامەکە لە میدیای عەرەبییش دەنگی دایەوە. هیچیان تخوونی ڕەخنەکانی من نەکەوتن، تەنێ باسی پێخواسییەکەیان کرد. باسی پێوەرەکانی ڕۆشنبیربوونم کرد، کە دوو هەیڤ بەری نووکە لێرە لە (گڵکەند) بەوردی قسەم لەسەر کردبوون.
تەنگاوبوونی ڕۆشنبیران لەسەر پێخواسییەکەی من و جلی سادەی من نەبوو، باوەڕ ناکەم ئەوان هێندە گرینگی بە ڕووکەش بدەن. بە ڕەخنەکانم تەنگاو بوون، بەوە تێکچوون کە ئەمن لە بنی کودیم دا، کاتێ باسی سیفەتەکانی ڕۆشنبیری کوردم کرد، کاتێ پێوەری نوێم بۆ ڕۆشنبیربوون دانا. بەس خۆیان لە قەرەی قسەکانم نەدا، چونکە دەزانن ڕاست دەکەم. حەق ڕەقە.
دەبێ ڕەخنە ئەوها بتهێشینی لۆ وەی جێی خۆی بگریت، کاریگەری هەبی و گۆڕانکاری دروست بکا و بتەكان بشكێنی.
سەتبارەی دەکەمەوە، ڕۆشنبیرانی کورد (زۆربەیان) وەک جادەوبانی کوردستان سەلامەت نین. دەگە لە پڕۆسەی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی دەدەن و مشەخۆرن. بۆیە دەبێ هەموو بتەکانی نێو ڕۆشنبیری تێک بشکێنین و ڕۆشنبیری ڕاستەقینە بێنە مەیدان.
لە بەرنامەکەدا گۆتم نیچە فاشیل بوو، ئەمن گوێ لە فاشیلان ناگرم. گۆتم کۆمەڵگەی ئەڵمانی و تەواوی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا ڕوو لە داڕمان و هەرەسهێنانە.
هەموو کورد بوویتە محامیی نیچە و کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا بەرگرییان لێ دەکەن.
حەفتەیەک دوای من، ئەنجێلینا جولی بەپێخواسی چووە بەرنامەی (تونایت شۆ)ی جیمی فالۆن.
ئەو وەک من هیچ پەیامێکی لە پشت نەبوو، گۆتی پەنجە گەورەی شکاوە بۆیە نەیتوانی پێڵاو لە پێ بکات.
ئەمنی قوڕبەسەریش دەبێ ئیللا بەپێخواسی بچمە بەرنامە، هەتا بەو کۆمەڵە گایەی بڵێم وەرن تەماشای زانکۆکانتان بکەن بزانن کو بوویتە شوێنی مۆدە و عەرز ئەزیا، وەرن تەماشای بازاڕی تەجمیل بکەن، بزانن کو ئەو هەموو پارەیە سەرف دەکرێت لە ڕووکەش، وەرن بزانن چەندە بایەخ بە ڕووکەش دەدەن و چەندە کۆلەوارن و هیچتان پێ نییە.
شەنسم هەبوو ئەنجێلینا پاش من وای کرد، ئەگەر نا، دەیانگۆت ئەوە لاساییی وی کردیتەوە.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved