ئەرێ لە هەولێرێ بینەری شانۆی هەیە؟
ئەرێ لە هەولێرێ بینەری شانۆی هەیە؟

زۆر جار گێم لێ دەبی دەرێن وەڵڵا هەولێر بینەری شانۆی نییە، لۆیێ لە هەولێرێ شانۆ پێش ناكەوی و شانۆگەرییش كەم پێشكەش دەكرێ، ئەو قسە ناوەندی هونەریشی گرتیتەوە و گەلە جار هونەرمەندانیش باس دەكەن، ئەمن دەرێم: ئەگەر هونەرمەندان یەكگر بن و یەك دەست و یەك هیممەت بن و ئیشی جوان پێشكەش بكەن، تەئكید بن بینەری زۆرمان دەبی، ئەوە یێك، دووەمیان: ئەرێ ئەمە لە بیرمان كرد سارانی حەفتاكان و هەشتاكان، لە كاتی پێشكەشكردنی شانۆگەرییەكانی تەڵعەت سامان و سەباح عەبدولڕەحمان و سەفوەت جەڕڕاح و سەعدون یونس، كو هۆری گەل و هۆری میدیا و هۆری ڕۆشنبیری ڕۆژانە پڕی بینەر دەبوون، ئەرێ وەبیرتان نایێ زۆر جار دائیرەی ئەمن دەهات و بەزۆری دەركەی هۆری قەپات دەكرد و بینەرەكانی دەردەكرد، دەیگۆ بڕۆن لێرە مەمینێن، شانۆگەری پێشكەش ناكرێ.
خزمینە، بینەری پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١ زیادی كردییە نەك كەم، ئێستاش خەركی هەولێرێ تامەزرۆی دیتنی ئیشی جوانە، سێیەمیان: ساری ١٩٩٥ تیپی (پێشڕەو) هاتنە هەولێرێ و شانۆگەریی (ئەحەی كڕنوو)یان پێشكەش كرد، ئەمن بەدەردەسەری ڕۆژی نۆیەم تانیم بچمە ژۆرێ و تەماشای بكەم، پێراریش لەو شارەی هەولێرێ شانۆگەریی وا پێشكەش كرایە بیست و نۆ ڕۆژ لەسەر یێك ئیشی كردیە و هەموو ڕۆژێ ناو هۆری پڕ بووە، ئەگەر ستافی شانۆگەرییەكەی نەڕۆیشتبان، تەئكیدم دوو مانگی دیش ئیشی دەكرد، شانۆگەرییەكەش شانۆگەریی (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ) بوو، كە تیپەكە لە شاری سلێمانی هاتبوون، لۆیێ دەنووسم كار و ئیشی جوان بینەری زۆرە و خەركەكی زۆر تامەزرۆیتی، بێجگە لەوەش هەر ئیشەكی شانۆیی دەبی مەكینەكی گەورەی ڕاگەیاندن و ڕیكلامی لەپشت بی، لۆ نموونە لە كاتی پێشكەشكردنی شانۆگەریی دوا ڕۆژەكانی بابلۆ، یێك لە ستافی ئیشەكەی چار پێنج جار تەلەفۆنی لۆ من كرد و گۆتی: پێنج كورسی پێشكەشی جەنابت كرایە و بەخۆ و بەچار كەسان وەرن گەورەمان كەن، تەئكیدم لۆ هەرچی هونەرمەندی هەولێرێیە نامەیان ناردبوو، بەڕاستی ڕیكلامەكی بەهێزی لەپشت بوو، بەران ئەتو شانۆگەری پێشكەش كەی و بەتەما بی بەداكوتینی تەختەكی ڕیكلامی لە جادەی باتەی خەرك بێ، بەخوای نایێ، دەرێن دەورەمەندەكی ئەمریكی گۆتیتی: ئەمن ئەگەر دە دۆلارم پێ بی و بمەوێ ئیشی پێ بكەم، شتەكەی بە دۆلارەكی دەكڕم و نۆ دۆلاری لۆ دەكەمە ڕیكلام و دەنگ و دۆر، هەتا خەرك لە دوو شتەكەی بگەڕێ و بیكڕی.


X
Copyright ©2024 gilkend.com. All rights reserved